چی دەربارەی سوپای عێراق دەزانیت؟



پرۆفایلی سوپای عێراق چییە؟

سوپای عێراق کەی دامەزراوە و لە چی پێکهاتووە؟

چۆن سوپای عێراق دامەزرا و پلە سەربازییەکان و ئەفسەران چین؟

ئەمڕۆ ٦ ی کانونی دووەمی 2024 ، ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقە، کە چووە 103 ساڵەی تەمەنییەوە، وەک عێراقییەک چی دەربارەی سوپای عێراق و پێکهاتەکانی دەزانیت؟

لەم ڕاپۆرتەدا زیانیاری دەربارەی سوپای عێراق بزانە:

هێزە چەكدارەكانی عيراق كە سوپای كۆماری عێراقی فیدراڵە، لەچەند هێزێك پێكدێت و بریتین لە هێزە وشكانییەكان، هێزە دەریاییەكان، هێزە ئاسمانییەكان لەگەڵ هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان (پێشمەرگە).

مێژوووی دامەزراندنی سوپای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ 6ی كانونی دووەمی ساڵی 1921، یەكەمین یەكەی سوپای عێراق لەسەردەمی ئینتیدابی به‌ریتانی بەناوی موسا كازم لە بەغداد پێكهێنرا، دواتر لەساڵی 1931 هێزی ئاسمانیی عێراق پێكهێنرا، دواتر لەساڵی 1937دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا.

لە كۆتاییەكانی جەنگی نێوان عێراق‌ و ئێراندا، ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە لوتكە ‌و بوو به‌ یەك ملیۆن سەرباز، ساڵی 2003 دوای هێرشی هێزەكانی ئەمریكا‌ و هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، پۆل بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق بە بڕیارێك سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە‌ و سەرلەنوێ دەستكرا بە پێكهێنانه‌وه‌ی ئه‌و سوپایە.

چۆنیەتی دامەزراندنی سوپا

دوای شۆڕشی ساڵی 1920، یەكەمین حكومەت لە عێراق پێكهێنرا، ئەو حكومەتە بە دروستكردنی فەوجێك بەناوی فەوجی (موسا كازم) لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی 1921 دەستیكرد بە بنیادنانی بنەماكانی سوپای عێراق، فەوجی موسا كازم لەو ئەفسەرانە پێكدەهات كە پێشتر لەگەڵ سوپای عوسمانیەكاندا لەناوچەی كازمیە لە بەغداد كاریان كردبوو.

دواتر وەزارەتی بەرگری عێراق بە سەرۆكایەتی فەریق جەعفەر عەسكەری پێكهات، سوپا لەو كاتەدا پشتی بە خەڵكانی خۆبەخش دەبەست، فیرقەی یەكی پیادە لە دیوانیە ‌و فیرقەی دوو لە كەركوك پێكهێنرا.

ساڵی 1931، عێراق سەربەخۆیی لە به‌ریتانیا وەرگرتەوە‌ و هەر لەو ساڵەدا هێزی ئاسمانی پێكهێنرا‌و دوای چەند ساڵێكیش هێزە دەریاییەكان بەژمارەیەك بەلەمەوە دروستكرا.

ساڵی 1936 سوپای عێراق بەشداری لە یەكەمین كودەتای سەربازیدا كرد بە سەرۆكایەتی فەرماندەی فیرقەی دوو فەریق بەكر سدقی، حكومەتێكی نوێ بە سەرۆكایەتی حیكمەت سلێمان پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی 1941 سوپای عێراق چووە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای به‌ریتانیا، بەر لەو جەنگە سوپای عێراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات هەر فیرقەیەكیش سێ لیوای لە خۆدەگرت، فیرقەی یەكەم ‌و سێیەم لە بەغداد جێگیربون، فیرقەی دوو لە شاری كەركوك‌ و فیرقەی چواریش لە دیوانیە بوو.

لە ساڵی 1958دا، سوپای عێراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات؛ فیرقەی پیادەی یەك لە دیوانیە، فیرقەی دوو لە كەركوك‌، فیرقەی سێ لە دیالە ‌و فرقەی چوار لە موسڵ بون.

لەهەمان ساڵدا، سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتایەكی سەربازی كرد بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم (شۆڕشی 14ی تەموز 1958)،دواتر لە ساڵی 1961 دا، دوای سەربەخۆیی كوەیت عه‌بدولكەریم قاسم هەڕەشەی كرد ئەو وڵاتە بخاتەسەر عێراق، بەو هۆیەوە سوپای عێراق لە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ كوەیت كۆكرایەوە.

ساڵی 1963 سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتای سەربازی كرد‌ و ئەمجارەشیان كۆتایی بە دەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم هێنا،

ساڵی 1968 سوپای جارێكی دیكە كودەتای كرد ‌و بەعسییەكان بەهۆی ئەو كودەتایەوە گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات لە عێراقدا.

دواتر سەدام حسێن كە بوو بە سەرۆكی وڵات هەوڵەكانی دەستپێكرد بۆ بنیادنانی سوپایەكی گەورە‌ و بەهێز، لە ماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عێراق‌ و ئێران ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق زۆر زیادیكرد، ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق لەو ساڵانەدا ‌و بە دیاریكراویش ساڵی 1981 گەیشتە 200 هەزار سەرباز كە دابەشبووبوون بەسەر 12 فیرقە‌ و سێ لیوای سەربەخۆدا، دواتر لەساڵی 1985 دا ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە 500 هەزار سەرباز‌و 23 فیرقە‌ و نۆ لیوا.

لەكاتی جەنگی دوەمی كەنداودا لەساڵی 1991، سوپای عێراق گەورەبوونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی ‌و لەو ساڵانەدا ژمارەی سەربازانی سوپا گەیشتە یەك ملیۆن سەرباز، كە دابەشكرابون بەسەر 42 فیرقە ‌و 20 لیوای تایبەت، سەرباری شەش فیرقەی گاردی كۆماریی.

دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق بەسەرۆكایەتی سەدام حسێن لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا ‌و هاوپەیمانانەوە، لە ساڵی 2003دا حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق، پۆڵ بریمەر، بە بڕیارێك پاشماوەكانی سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە ‌و بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی سوپایەكی نوێ لە 17 فیرقە، هەر فیرقەیەكیش لە چوار لیوا پێكدێت لەگەڵ پێكهێنانی هێزە وشكانی، ئاسمانی، دەریاییەكان ‌و هێزی گاردی نیشتیمانی.

پلە سەربازییەکانی ناو سوپای عێراق چین و لە چەند بەش پێکدێن:

پلە سەربازییەكان لەناو سوپای عێراقدا

  • سەرباز: هیچ نیشانەك هەڵناگرێت
  • سەربازی پلەیەك: خەتێك لە قۆڵی دەبەستێت
  • نائیب عەریف: دوو خەت لەقۆڵی دەبەستێت
  • عەریف: سێ خەت دەبەستێت
  • رەیس عورەفا: چوار خەت دەبەستێت
  • نائیب زابت: داڵێك لە بەرۆكی دەدات

پلەی ئەفسەران

  • ملازم: ئەستێرەیەك لەسەر شانیەتی
  • ملازمی پلەیەك: دوو ئەستێرە دادەنێت
  • نەقیب: سێ ئەستێرە هەڵدەگرێت
  • رائید: داڵێك لەسەر شانی دادەنێت
  • موقەدەم: داڵێك‌و ئەستێرەیەك هەڵدەگرێت
  • عەقید: داڵێك‌و دوو ئەستێرە
  • عەمید: داڵێك‌و سێ ئەستێرە
  • لیوا: داڵێك‌و دوو شمشێری یەكتربڕ لەسەر شانیەتی
  • فەریق: داڵێك‌و دوو شمشێر‌و ئەستێرەیەك
  • فەریق ئەوەل: داڵێك‌و دوو شمشێر‌و دوو ئەستێرە
دوو تۆمەتبار دەستگیركران و دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا
پێشت دوو تۆمەتبار دەستگیركران و دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا
شاندی حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا
دواتر شاندی حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا
ەیوەندیدار