شۆفێرانی دەروازەی پەروێزخان مانیان گرتووە



مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بەردەوامە، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی ئێران دەکەن، تا بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە ناچنەوە خاکی ئێران.

سێ ڕۆژە بەرپرسانی دەروازەی پەروێزخان لە دیوی ئێرانەوە بڕیاریانداوە، بە سزادانی هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر، کە زیاتر لە ١٠٠ لیتر گاز لە تانکی ئۆتۆمبێلەکەیدا هەبێت.

ئەم بڕیارە شۆفێرانی بارهەڵگری لە دەروازەکە نیگەران کردووە، بەو هۆیەوە مانگرتنیان دەستپێکردووە، جموجۆڵی بازرگانیان ڕاگرتووە و دەڵێن، “تا بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە ئامادەنین بچینە ناو خاکی ئێرانەوە”.

زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان جموجۆڵی بازرگانی نێوان ئێران- عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن، داهاتی مانگانەی دەروازەکە زیاتر لە ٢٠ ملیار دینارە.

شوفێرانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە، “شوفێرە ئێرانییەکان کاری خۆیان دەکەن و کێشەیان نییە، لە دیوی ئێران لیتری گاز بە ٥٥٠ دینار بۆمان هەژمار دەکەن لە دیوی خۆشمان ٥٥٠ واتە هەر لیترێک ١١٠٠ دینار لەسەر ئێمە دەوەستێت”.

ڕاگرتنی کاری شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی پەروێزخان تەنیا شۆفێران لێی زەرەرمەند نابن، بەڵکو زیان بە جموجۆڵی بازرگانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران دەگەیەنێت، بەپێی زانیارییەکان هەر ڕۆژێک مانگرتن زیانی زیاتر لە ملیارێک دینار بە مەرزەکە دەگەیەنێت.

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، کەوتووەتە نزیک گوندی پەروێزخان لە سنووری شارەدێی قۆرەتووی سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی بەردەعەلی خواروو، لە باشوور لەگەڵ شارۆچکەی قەسری شیرین لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

پەتاتەی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی جیهان
پێشت پەتاتەی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی جیهان
نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە
دواتر نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە
ەیوەندیدار