ڕێزگرتن و پاداشتدانەوەی مامۆستایان



ڕەووف محەمەد ئالانی

(مامۆستایان نوسەری باشن کاتێ لەسەر دڵی نەوەکانی داهاتوو دەنووسن).

جویس میر

ڕێزگرتن مانای پابەند بوونی مرۆڤ بە سنووردانان بۆ کەسانی بەرانبەرو دەربڕینی سۆز وخۆشەویستی و پێزانین بۆیان، لە چوارچێوەی مامەڵەی گفتار و ڕەفتار و کارکردنی کۆمەڵایەتیدا.
دەکرێ ئەم ڕێزگرتنە چوارچێوەیەکی گەورەتر وەربگرێت و بکرێتە کەلتوور و نەریت بۆ کۆمەڵگە.
ئینجا دەبێت بێینە سەر شێواز و ئاراستەکانی ڕێزگرتن بۆ بەها و نەریت و دابی کۆمەڵایەتی، کێ بەرپرسە لەو ئاراستەکردنە؟
بۆ ووڵامی ئەم پرسیارە، گومانی تیا نیە دەوڵەت و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، بەپێی یاسا و دەستوور و پرەنسیبەکان، بە پلانی زانستی و پڕۆژە، لەگەڵ میدیا و هۆکارەکانی ڕاگەیاندن، هاوتای فەلسەفەی پەروەردە، هەنگاوی پێویستی بۆ دەنێن.
لەمباسەماندا ئەوەی جێیدەبێتەوە ومەبەستمانە، ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ ڕێزگرتن و پاداشتکردنەوەی مامۆستایان لەهەرێمی کوردستاندا، کە توێژێکی گرنگ و کاریگەرن و خزمەتی زۆریانکردووە، لەم کۆمەڵگەیەدا، لە هەموو کات و سەردەمەکاندا، لە کاتی خەباتی شۆڕش وبەرەنگاریدا لە شاخ ئەوان لە گوندەکان و لەناو ئەشکەوتەکاندا وانەی فێربوون و شۆڕش و کوردایەتیان بە مناڵانی کورد وتۆتەوە. لەدوای ڕاپەڕینیش کاتێ ڕژێمی بەعس دامەزراوەکانی دەوڵەتی لە هەرێم کێشایەوە، مامۆستایان یەکەم توێژی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان بوون، بە دروشمی (سەری بەرزمان بۆ موچە نەوی ناکەین) ووڵامی ڕژێمی داگیرکەریاندایەوە و لەو کاتەدا نەیانهێشت پیلانی دوژمنان بۆ کۆتایی هێنان بە ئامانجەکانی ڕاپەڕین بێتە دی، ئەوە بوو زۆربەی مامۆستایان دەرگا وپەنجەرەی ماڵەکانیان دەرهێنا و فرۆشتیان و بەکولە مەرگی دەژیان، تەنها لەبەر نیشتمان و گەلەکەیان.
بەڵام کاتێ پەرلەمان هەڵبژێردرا و کابینەی حکومەت پێکهات، پاداشتی مامۆستایان چی بوو؟
بار ودۆخی ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەران، هەر مەمرە و مەژی بووە، بەڵام بەرپرسەکانی حیزبەکانیش بوونە خاوەنی ملیۆنان دۆلار و دەیان ئۆتۆمبێل و پاسپۆرتی ووڵاتان و باخ و ژیانی خۆش، هاوڵاتیانیش بەشیان هەژاری و خەمباری بووە.
لە ناو کۆمەڵگەدا لەجیاتی پاداشتکردنەوەی مامۆستایان، نوکتە و وتەی بریندارکەر بە مامۆستایان دەوترا، بەنمونە لە زمانی گۆشتفرۆشێکەوە دەوترا(بۆ مامۆستا ئێسقان بە خۆڕایی)یان( کێ ژن بە مامۆستا دەدا؟) ئەم ووتانە هیچ لێکدانەوەیەکی باش لە خۆ ناگرن جگە لە سوکایەتی و بێڕێزی بەرانبەر مامۆستایان، لای خۆمان ئاوا ڕێز لە شکۆی مامۆستایان گیرا، بەڵام با بزانین، کەسێکی وەک ( عەلی ئیبراهیم ئەلموسەوی) چۆن ڕێزلەمامۆستایان دەگرێ کاتێ دەڵێ: (پێش ئەوەی باسی مامۆستا بکەیت، دەبێت دەمت بە گوڵاو بشۆیت).
لەو کاتانەی مامۆستایان بەشێوازێکی شارستانی داوای مافەکانیان لەدەسەڵاتی خۆماڵی کوردی کردووە، یان ووڵام نەدراونەتەوە، وەک ئێستا کە بەهۆی بایکۆتی خوێندن وەرزی یەکەم نەخوێندرا، بۆ چوار مانگ دەچێ حکومەت مێش میوانی نیە، لە هەر شوێنێکیتر بوایە حکومەت هەڵدەوەشایەوە، کەچی بێباکی و بێخەمی ئەم حکومەتە گومان دروست دەکات، کە خۆیان حەز بەو دۆخە نەکەن.
جگە لەوە هەموو خەڵک بینی لە شاری هەولێر لەبەر نەڕەزایەتی و چوونە شەقام، بە تەلەفۆن هەڕەشە لە مامۆستا کرا، بەوەشەوە نەوەستان، قاچیان بەرز کردەوە و شەقیان لە مامۆستا هەڵدا.
ئەحمەد شەوقی دەڵێ: قم للمعلم وفە تبجیلا..کاد المعلم ان یکون رسولا
واتە(هەستە لەبەر مامۆستا دەستە و نەزەر، خەریکە مامۆستا دەبێتە پێغەمبەر).
دەبوایە ئێستا وەک ئەو ووڵاتانەی کە خۆشگوزەرانن و شارستانیان لە کۆڵناوە و شانازی بەخۆیان دەکەن گەیشتوون بە کوێ؟ لە سایەی بیری بەرز و خزمەتی مامۆستاکانیان بەو گەلانە، ئێمەش لەو ڕیزبەندیانەدا بووینایە، نەک نەدانی موچەی سێ مانگ و بێڕێزیکردن بە شکۆی بەرزی مامۆستایان.
دڵنیام ئەگەر هەل و مەجەکە گشتی بووایە و هەموو چین و توێژەکانی ئەم هەرێمە لە یەک ئاستی بژێوی ژیاندا بوونایە و نادادی بەو ئاستەی دەبینرێ بەدینەکرایە، وەک ساڵانی دوای ڕاپەڕین، مامۆستایان دەبوونە چرا هەڵگری ژیان، بەڵام دیارە پەتی ئارامگرتنیش دەپچڕێ و حکومەتیش بەو بیرکردنەوە خراپە هیچیان دەست ناکەوێ جگە لە پەشیمانی کە دوایی دادیان نادات.
دەکرا ئەزمون وەربگرن و فێری جوان بینینی ژیان وچاک ئاراستەی حوکمڕانی بن، نەک هەموو شتێک لە خزمەتی خۆیان و حیزبەکانیان و بنەماڵەکانیان و کۆمپانیاکانیادا ببینن، هەموو شتێک بازرگانی نیە بۆ خۆتان، ئەوەی ئیمامی غەزالی ئاماژەی بۆ دەکات هەم ژیان وهەم خۆشی و هەم بازرگانی و هەم ئایندەیە، وەک دەڵێ :(شەرەفمەندترین پیشە و باشترین پیشەسازی کە مرۆڤ دەتوانێت وەک پیشەی خۆی وەریبگرێت، پەروەردەیە، مامۆستایان میراتگری پێغەمبەرانن، چونکە جەهل لە مرۆڤەکان لادەبەن و دەیگوازنەوە بۆ ڕووناکی زانین و باوەڕ).
بە پێی سەرنجدان و خوێندنەوە وتێنینیکردن لەم شێوازە خراپەی حوکمڕانیەی هەرێمی کوردستان، وا هەست دەکەم ئەوەی شکۆ و ڕێز وپاداشتکردنی مامۆستایانی شکاند دەستێکی نا بەرپرسی حوکمڕانی خۆماڵی و جەهلی عەقڵی تەسکی حیزبایەتی و بنەماڵەیی و خێڵەکی بوو، چونکە ئەم سەردەمە و عەقڵی خێل و هۆزیان نەوتووە بۆ حوکمڕانی گەل.

لیرەی تورکی ٤٨.١٪ی بەهاکەی لەدەستداوە
پێشت لیرەی تورکی ٤٨.١٪ی بەهاکەی لەدەستداوە
بڕیارێکی مەسرور بارزانی هەولێر لە لافاو دەپارێزێت
دواتر بڕیارێکی مەسرور بارزانی هەولێر لە لافاو دەپارێزێت
ەیوەندیدار