ئێستا نۆرەی بەرژەوەندیە باڵاکانە…!



عەبدولواحێد محەمەد- نووسەر و مامۆستا

لەوکاتەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بڕیاری لێدراوە، هەموو لایەنەکان کەوتنە خۆ بۆ ئەوەی هەر یەکە و لەو پرۆسە زۆر گرنگە پشکی خۆیان هەبێت، چونکە بەرەنجامی هەڵبژاردنەکە بەپێی دەستوور و یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان، پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی خۆجێیە، کە دەسەڵاتێکی ڕەهای دەبێت و دەتوانێت بەو ئیمکانیەتە ماددیەی لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانە تەرخان دەکرێت، خزمەتێکی باش پێشکەش بە پارێزگاکە بکرێت.

ئەوەی ڕاستی بێت هەڵبژاردنەکە ئەگەر بۆ هەموو پارێزگاکان گرنگ بێت، بۆ پارێزگای کەرکوک زۆر گرنگتر بوو، لەبەر ئەوەی بەپاساوی جۆراجۆر و بێ بنەما دوور لە ئیرادەی کوردستانیانی ئەو شارە هەڵبژاردن تەنیا یەکجار کراوە، ئەویش لە ساڵی ٢٠٠٥، لە دوای ئەو ساڵەوە هیچ هەڵبژارنێک بەو ناوە نەکراوە.

دیارە دوای ٢٠١٧ و ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، ئەوەی هەشبوو چوبووە قۆناغی سڕبوونەوە، بەهۆی ئەوەی ئەندامانی هەندێک لایەن بە پاساوی داگیرکردنەوە ئامادەنەبوون بگەڕێنەوە شارەکە، ئیتر پارێزگاری بە وەکالەت بەویستی کەسی و شۆڤینیەتی خۆی فەرمانڕەوایەتی شارەکەی دەکرد.

پێویستە بوترێ لە ساڵی ٢٠٢١ەوە هەموو ئەنجومەنی پارێزگاکان بە بڕیارێکی دادگای باڵای عێراق هەڵوەشێنرانەوە، بەوە کەلێنێکی گەورە لە بەڕێوەبردنی کاروباری شارەکان هاتە ئاراوە، بۆیە هەر وەکو لە پێشدا ئاماژەمان پێدا لەگەڵ بڕیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و گرنگی پرۆسەکە، هەموو لایەنە سیاسیەکان و تەنانەت سەرۆک هۆز و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانیش دەستیان بە ئامادەکاری کرد، بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکەن و پشکی خۆیان لەو حکومداریە وەدەست بێنن.

لە ناوچە دابڕاوەکانیش زۆر بە گەرمەگوڕتر دەست بە ئامادەکاری کرا، لە دروستکردنی هاوپەیمانیەتی بە حوکمی ئەوەی لەو دەڤەرانە ململانێیەکی نەتەوەیی هەیە، هەر لایەنەێک دەیەوێت وجود و قەبارەی خۆی لەسەر ئەرز بەرجەستەبێت، وەکو کورد هەوڵێکی زۆر لە هەندێک لایەنەوە درا، بۆ ئەوەی یەک لیست دروستبکرێت، بە شێوەیەک لیستەکە کوردانە بێت نەک حیزبیانە، لە ڕوانگەی ئەو ڕاستیەی ململانێکە لەگەڵ نەتەوەکانیترە نەک لە نێوان کوردەکان، بڕواش وابوو ئەوە فورسەتێکی ناوازەیە بۆ سەلماندنی کوردستانیەتی شاری کەرکوک و ناوچەکانیتر وەک خانەقین، خورماتوو، مەخمور، باشیک، شەنگال و زوومار، چونکە بەڕاستی ئەوانە و کەرکوک بە تایبەتی چەقی ململانێی نێوان حکومەتی مەرکەزی بووە لە دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق تا هەنوکە.

لێ مخابن بەهۆی نەخوێندنەوەی واقیعەکە لەلایەن هەندێک لایەنەوە یەک لیستیەکە دروست نەبوو، ئیتر کورد دابەشبوو بەسەر چەند لیستێک، هەرچی دڵسۆزی کوردایەتی بوو پێیان ناخۆشبوو، چونکە لێیان مەعلوم بوو، بۆ سەلماندنی کوردستانیەتی ئەو دەڤەرانە دەنگەکان ڕەهاییەتی نابێت، جگە لەوەش هەندێک لەو لیستانە لە بری کوردانە بانگەشەبکەن و ڕوویان لە شۆڤینیەت و تەعریب چیەکان بێت، ڕوویان لە لیستە کوردیەکانیتر بوو، چی خراپە ئەوەیان کرد، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە باڵاکان.

سەرەنجام هەڵبژاردنەکە بە دوو قۆناغ لە ١٦ و ١٨ مانگی دوازدە، لە ١٥ پارێزگا بەڕێوەچوو، دەرەنجامی پڕۆسەکە هەموو لایەنەکان بە قەبارەی خۆیان دەنگیان هێنا، دیارە لە کەرکوکیش هەر وەکو لە پێشدا وتمان چەند لیستکی کوردی و نەتەوەکانیتر کە بەشداربوون، لە دەنگەکان بەشی خۆیان برد، ئەوەی مایەی دڵخۆشی بوو سەرباری ئەو ئاڵنگاریانەی هەبوون، بە دەنگەکان کوردستانیەتی ئەو شارە دووپاتکرایەوە، بەڵام بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ هەموویان کورسیان بەبەرنەکەوت، بێگومان ئەگەر یەک لیست بوونایە بەشی شێریان لە کورسیەکان بەردەکەوت.

بە هەر حاڵ ئەوەی ئێستاش بەدەستهاتووە کەم نییە، دەتوانرێت شەڕی بردنەوە لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی مسۆگەر بکرێت، بەڵام بەو پەرتەوازەییەی پێش هەڵبژاردن نا، بەڵکو بە ڕێوشوێنێکی تازە، چونکە ئەوەی کردتان زۆر حیزبیانە و خراپ بوو، ئێستا نۆرەی بەرژەوەندی باڵاکانە، واتە دەبێت وردتر لەوەی کردتان، لە باردۆخەکە بڕوانن و تەگبیرێکی کوردستانیانە لەو قۆناغەی هاتۆتە پێشەوە بکەنەوە، دڵنیابن کەس نابێت دەستتان بگرێت و کوردستانیەتی شارەکەتان بۆ بسەلمێنێت.

بۆیە دەبێت خۆتان ئەو ئەرکە لە ئەستۆبگرن، شەرم نەتانگرێت لەوەی هەندێکتان کورسی کەمتان هێناوە و بە گوێی کەسیش مەکەن، دواجار هەمووتان هەر کوردن، کوردیش چاوی لە دەستی ئێوەیە، کە چیتر نەگەڕێنەوە بۆ دواوە و مەترسیەکان لەسەر کوردستانیەتی ئەو شار و شوێنانە بەردەوام بێت، بگرە هەلێکەو هاتۆتە پێش، دەبێت وابکەن وێڕای کوردستانیەت، ئارامی و ئاسوودەیی و پێدراوە یاساییە نەتەوەییەکان کە ساڵەهایە لێی بێبەشن بەرجەستەبکرێت.

 

 

نەوتی سپی بەسەر  توێژێکدا دابەشدەکرێت
پێشت نەوتی سپی بەسەر توێژێکدا دابەشدەکرێت
گۆڕاوی کۆرۆنا گەیشتە وڵاتێکی عەرەبی
دواتر گۆڕاوی کۆرۆنا گەیشتە وڵاتێکی عەرەبی
ەیوەندیدار