پارتی لە نەینەوا پەیامێک بە یەکێتی دەدات



مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا ئامادەیە لەگەڵ یەکیتی ڕێکەوتن بکەن و دەڵێن ” ئەگەر یەکێتی جارێک دەرگای کراوە بێت، ئێمە دوو جار ئامادەین و ئێمە دەستپێشخەری دەکەین و سەردانیان دەکەین”.

نازم هەرکی، یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، “ئامانجی ئێمە بۆ پارێزگای نەینەوا ئەوەیە ئەو پێکەوە ژیان و برایەتی و تەباییەی لە کوردستان هەیە بیگوازینەوە بۆ موسڵ، ئێمە بەگرنگیەوە لە پارێزگای نەینەوا دەڕوانین، بۆیە دەمانەوێت لە ئیدارەی شارەکە بەشداربین و خزمەتی هاووڵاتیان بەهەموو چین و توێژەکانەوە بکەین”.

ڕاسیگەیاند، ” ئێمە دەرگامان واڵایە بۆ هەر لایەنێک هەتا بتوانین خزمەتی خەڵکی پارێزگای موسڵ بکەین.”

“لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتی لە نەینەوا، نازم هەرکی دەڵێت “ئێمە دەرگامان واڵایە بۆ برایانی یەکێتی و هەر لایەنێکی تر بۆ ڕێککەوتن هەتا پێکەوە بچین هاوپەیمانی بکەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی نەینەوا، گرنگ ئەوەیە ئێمە خزمەتی خەڵکی بە گشتی بکەین، چونکە هەتا ئێستا لە 30%ی خەڵکی شارەکە ئاوارەن، بە تایبەت خەڵکی شنگال و زومار نەگەڕاونەتەوە، گرنگ ئەوەیە ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە، چونکە پێویستیان بە خزمەتگوزاری و ئارامی هەیە و دەبێت ئەوانە دابین بکرێن بۆ ئەو خەڵکە.”

نازم هەرکی ئاماژەی بەوەشداوە،  “ئەگەر یەکێتی جارێک دەرگای کراوە بێت یان دەرگامان بکوتێت و سەردانمان بکات ئێمە دوو جار ئامادەین و ئێمە دەستپێشخەری دەکەین سەردانیان دەکەین، لە پێناوی خزمەتی خەڵکی خۆمان، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە ئێمە وەک پارتی گەڕاوینەتەوە بۆ ناو سەنتەری موسڵ، بەڵام هەتا ئێستا برایانی یەکێتی یەک جاریش سەردانیان نەکردوین تەنانەت بۆ بەخێرهاتنەوەشمان، بەڵام سوپاسی دەستپێشخەری و بەڵێنەکەی کاک غەیاس دەکەین بۆ سەردانیان لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، سوپاسی دەنگی ئەمەریکا دەکەم هیوادارم ئەم بەرنامەیەتان هەمیشە هەبێت بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان.”

لە موسڵ بە دوو لایەنی کوردی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) توانیان شەش کورسی بهێنن، ئەوەی لە میدیاکانیشەوە باس دەکرێت، کورد دەیەوێت بەشدار بێت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە و هەوڵی لانی کەم ئەگەر تۆپی دەسەڵات لە شارەکە وەرنەگرێت، ئەوا جێگرەکان یان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای شارەکە وەربگرێت.

توركیا چەند ناوچەیەكی پێنجوێن بۆردومان دەكات
پێشت توركیا چەند ناوچەیەكی پێنجوێن بۆردومان دەكات
كۆمپانیایەكی تەكسی لە سلێمانی هاتووچۆی هاووڵاتیان بۆ ماوەیەك كرد بە خۆڕایی
دواتر كۆمپانیایەكی تەكسی لە سلێمانی هاتووچۆی هاووڵاتیان بۆ ماوەیەك كرد بە خۆڕایی
پەیوەندیدار