“ئۆرزدی باك” لەسەرجەم شارەكانی عێراق دەكرێتەوە



بە بڕیاری وەزیری بازرگانی عێراق 7 بازاڕی ناوەندیی “ئۆرزدی باك- اسواق مركزی” لە بەغدا و 15 دانەی تر لە پارێزگاكانی دیكە دەكرێتەوە و سەرجەم خۆراك و كاڵا و ئامێرە كارەباییەكان بە نرخی داشكێنراوی حكومی بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێن.

وەزیری بازرگانی عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە سەردانی چەند پڕۆژەیەكی بەبازاڕكردنی كرد لە هەردوو بەشی كەرخ و ڕوسافە، كە لەلایەن وەزارەتەكەیەوە سەرپەرشتی دەكرێت و بە هاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت ئەنجام دەدرێت.

وەزیری بازرگانی عێراق لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەدا، لە وەرزی یەكەمی ساڵی داهاتوودا 7 ناوەندی بەبازاڕكردن لە بەغدا و 15 دانەی دیكە لە پارێزگاكان دەكرێتەوە بە نرخی پاڵپشتی كراو و هەرزان پێداویستییەكانی هاووڵاتیان دەفرۆشێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو بازاڕە ناوەندییانە گەورە و پێشكەوتوو دەبن و بە سیستمی ئەلیكترۆنی كاردەكەن و سەرجەم پێداویستییەكانی هاووڵاتیان دابین دەكەن بەتایبەت پێداویستییەكانی ئەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو بازاڕانە ئیمتیازی تایبەتی تێدا دەبێت بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەوانەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە و بە نرخی خوار بازاڕ خۆراك و كەلوپەلیان پێ‌ دەفرۆشرێت.

لە ساڵانی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكانی ڕابردوودا چەندین بازاڕی گەورە هەبوو، كە پێیان دەوترا (اسواق مركزی) یان (ئۆرزدی باك) و بەشێكیان دەفتەریان بۆ خێزانەكان دەكردەوە و لێیەوە سەرجەم خۆراك و كەلوپەلی ناوماڵ و كارەبایی بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ بە هاووڵاتیان دەدرا.

بۆ 3 مووچەی ئەمساڵ بایكۆت لە كەرتی تەندروستی ڕاگەیەنرا
پێشت بۆ 3 مووچەی ئەمساڵ بایكۆت لە كەرتی تەندروستی ڕاگەیەنرا
حاكم قادر: پێویستە پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت
دواتر حاكم قادر: پێویستە پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت
ەیوەندیدار