“نرخی دۆلار بۆ 145 هەزار دادەبەزێت”



ڕۆژ بەڕۆژ نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێم و عێراق دێتە خوارەوە و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی دەڵێت: “دەبێت بە 145 هەزار دینار” و شارەزایانی دراویش باسی چەند هۆكارێك دەكەن بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی دۆلار.

دوابەدوای ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی دۆلار و ڕێككەوتنی نوێی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا و بانكی ناوەندی عێراق بۆ پێدانی دۆلاری زیاتر بە بەغدا لە ساڵی نوێدا، بەهای دۆلار ڕووی لە دابەزینێكی بێ‌ وێنە كردووە و لەماوەی یەك هەفتەدا زیاتر لە 10 هەزار دینار لە بەهاكەی شكاوە.

شارەزایانی بواری دراو ڕایدەگەیەنن، كە لەگڵ هاتنی ساڵێ‌ نوێ و سەركەوتنی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی، بەهای دۆلار زیاتر دادەبەزێت و پێدەچێت نزیك ببێتەوە لە بەهای فەرمی بانكی ناوەندی، كە 100 دۆلاری بە 132 هەزار دینار دیاری كردووە.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاری دۆلارەكەی سلێمانی ڕاگەیاند، “هەنگاوەكانی بانكی ناوەندی و ڕێككەوتنەكانی عێراق لەگەڵ ئەمریكادا جیاوازن لە هەنگاوەكانی پێشتر و لێدوانەكانی ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دڵخۆشكەرن”.

ڕاشیگەیاندووە، قەبارەی هاوردەكردنی دۆلار لە دەرەوە بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش ئەوە دەردەخات دۆخی دارایی عێراق بۆ ئەمریكا گرنگییەكی زۆری هەیە.

وتەبێژی بازاری دۆلارەكەی سلێمانی پێشبینی دەكات، نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دابەزینی زیاتر بەخۆوە ببینێت و دەڵێت: “بەهۆی ئەوەی نرخی دۆلار خانەی 50ـی تێپەڕاند دەشگاتە 145 هەزار دینار”.

لە مانگی ڕابردوودا بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 170 هەزار دینار و ئەوەش وای لە بەرپرسانی بانكی ناوەندی عێراقی كرد كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدەن لەگەڵ بەرپرسانی بانكی فیدڕاڵی ئەمریكی و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە بۆ پێدانی دۆلاری زیاتر بە عێراق و گەیشتیشنە ڕێككەوتن و ڕاستەوخۆش چەند بارێكی دۆلار گەیشتە بەغدا و ئەوەش بووە هۆی كۆنتڕۆڵ كردنی دۆلار و دابەزاندنی نرخەكەی.

بە وتەی پسپۆڕانی دراو، هۆكارێكی دیكەی دابەزاندنی دۆلار ڕێگەدانی بانكی ناوەندییە بە بانكە حكومی و بازرگانییەكان بۆ هێنانی دۆلار لە دەرەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا و هەروەها ڕێككەوتن لەگەڵ توركیا و ئیمارات بۆ كاركردن بە یۆرۆ و درهەمی ئیماراتی بۆ كاروباری بازرگانی.

دوێنێ‌ هیشام ڕوکابی، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، هەنگاوی ئەرێنیمان لەناو کەرتی بانکیدا ناوە و ئێمە پێشتر وتمان، ئەمڕۆش پشتڕاستی دەکەینەوە، شەڕەکەمان بەرامبەر نرخی دۆلار نزیکە لە کۆتایی.

لای خۆشیەوە، ئالینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق لەپێناو خزمەتی سەقامگیری ئابوریی لەو وڵاتە.

 

بەوێنە؛ ئاگر لە سەموونخانەیەك كەوتەوە
پێشت بەوێنە؛ ئاگر لە سەموونخانەیەك كەوتەوە
فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە عێراق ٨٤٪ زیادی کردووە
دواتر فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە عێراق ٨٤٪ زیادی کردووە
ەیوەندیدار