حکومەت و ڕێکخراوەکان مافی کەمئەندامان لە کوێن؟



کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هێندەی سەختی ژیانیان، شێوازی مووچە وەرگرتنەکەشیان سەخت و نەشیاوە، نەک حکومەت تا ئێستا هیچ سەرۆکی ڕێکخراوێکیش لەم شوێنەی نەپرسیوەتەوە.

بڕ و شێوازی دابەشکردنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان دوو هێندەی کەسانی ئاسایی قورسترە، مانگانە ١٥٠ هەزار دینار وەردەگرن، ئەوەش بەشی ژیان و پێداویستییەکانیان ناکات، بەردەوام دواکەوتنی مووچەشە دۆخەکەی خراپتر کردووە.

کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت مووچە لە نوسینگەی کەمئەندامانی بانکی باخان لە سلێمانی وەردەگرن، بەڵام ئەو شوێنەی مووچەی لێوەردەگرن نەک بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت تەنانەت بۆ کەسێکی ئاسایی گونجاو نییە.

بینایەکی کۆن، پەنجەرەی ڕزیو، سووچێک نییە بۆ پاراستیان لە باران یاخود گەرمای هاوین، تەنانەت دەستشۆرێک نییە، کورسییەک نییە دابنیشن.

مانگانە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان دێنە ئەم شوێنە، ماندوودەبن، لەگەڵ خراپی شوێنەکە قەرەباڵغییەکی زۆریش هەیە، نزیکی حەوت هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لەوێ مووچە وەردەگرن.

گەلاوێژ عەبدوڵا، دایکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، کچەکەی شەلال دەماخی هەیە، مانگەنە دێت مووچەی کچەکەی وەردەگرێت، بەدەم شەکەتییەوە باسی کەمی مووچەکە دەکات، کە ١٠٠ هەزار دیناری تەنها بۆ دایبی بەکاردەهێنن، ئەو ٥٠ هەزارەشی کە دەمێنێتەوە بەشی دەرمان و پێداویستییەکانی ناکات.

لەگەڵ دواکەوتنی مووچەشدا هیچ دەرگایەک نییە تا پەنای بۆ ببەن و پێداویستییەکانی کچەکەیان پڕبکەنەوە، بۆیە داوای زیادکردن و بە ڕێکی دابەشکردنی مووچەی کەمئەندامی دەکەن.

سیامەند سەردانی، خاوەن پێداویستییەکی تایبەتە، هاتووە مووچەکەی وەربگرێت، ئاماژە بە خراپی بینای وەرگرتنی مووچەکەیان دەکات، نە کورسییەک، نە دەستشۆرێک، نە شوێنێک بۆ پاراستنیان لە گەرما و سەرما هەیە.

باس لەوەش دەکات، بەشێکی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبێت کەسێکی دیکە بۆ هاوکاری لەگەڵ خۆیان بهێنن، هەندێک قاچی نییە یاخود لەسەر کورسییە و ناتوانێت ئەو ڕۆتینە زۆرە بۆ وەرگرتنی مووچەکەی بکات.

بۆ وەرگرتنی مووچەکەیان دەبێت بچنە بەردەم سێ پەنجەرە، ئەمەش بۆ ئەوەی هەڵە لە چەکی بانکیەکەدا دروستنەبێت و جارێکیش وردبینی بۆ بکرێت.

تەنها خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە خراپی و کۆنی بیناکەیان بێزار نین، بەڵکو بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی ناو بانکەکەش ماندوون.

غەریب حەسەن، بەڕێوەبەری نوسینگەی دابەشکردنی مووچەی کەمئەندامانی بانکی باخان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تا ئێستا چەندین جار داوای چاککردن و نۆژەنکردنەوەی بیناکە کراوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

بەپێی وتەکانی ئەو بەڕێوەبەرە، شەش ساڵە کارگوزارەکەیان خانەنشین بووە، تەنانەت هیچ کارگوزارێکیش نییە شوێنەکە پاکبکاتەوە، پاش دابەشکردنی مووچە دەبێت خۆیان بچن و حەوشەکە پاکبکەنەوە.

جگە لە پشتگوێ خستنی شوێنەکە و شێوازی وەرگرتنی مووچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لەلایەن حکومەتەوە، تا ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی بە ناو داکۆکیکار لە خاوەن پێداویستی تایبەت نەهاتووەتە شوێنەکە و لە دۆخی کەمئەندامانی نەپرسیووە.

 

 

 

 

 

 

 

ئەو خانەنشینەی سێ ساڵە مووچەی وەرنەگرتووە
پێشت ئەو خانەنشینەی سێ ساڵە مووچەی وەرنەگرتووە
ئیدارەی خۆسەر داوای وەرگرتنی هەڵوێست دژی هێرشەکانی تورکیا دەکات
دواتر ئیدارەی خۆسەر داوای وەرگرتنی هەڵوێست دژی هێرشەکانی تورکیا دەکات
ەیوەندیدار