ئەوان گۆڵیان کرد ..!



حەمە ئەمین پێنجوێنی

• ئەوان پەڕاوی گرێبەستی کۆمەڵایەتیان نووسی و گووتیان: دەستوری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاوامان داڕشت .
• ئێمە سێ ڕەشنووسی دەستورمان نووسی و لە پەرلەمان خوێندنەوەمان بۆ نەکرد .

• ئەوان دەستورەکەیان ژیاری و مۆدرێن و دیموکراسی و مرۆڤدۆستانەیە، کە خوێندمەوە وامزانی دەستوری کانتۆنەکانی سویسرا دەخوێنمەوە، ئەوان لە دەستوردا کانتۆنەکانیان کردووە بەیەك ئیدارە !.
• ئێمە فیدارلیزمەکەمان کردووەبە دوو کانتۆن !
• ئەوان لەخوارەوە دەستیان پێکرد و بناغەیەکی تۆکمە و پتەویان دانا.
• ئێمە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بۆیە خەریکین بکەوینە خوارەوە !.
• ئەوان هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانیان لەو کاتە کەمەی دەسەڵاتیاندا کرد بەدۆست و هاوپەیمان و هاوسەنگەری شۆڕشی خۆیان .
• ئێمە لە کەرکووك هەموو دەسەڵاتی ئاسایش و ئابووری و سەربازی و کارگێڕیمان بە دەستەوە بوو، نەمان توانی پێكهاتەیەك بۆ ڕۆژی تەنگانە بکەینە دۆستی خۆمان .
• ئەوان یەك هێزی سوریای دیموکراتیان هەیە خەلافەتی داعشیان لە ڕەقە پێ ڕووخاند .
• ئێمە دوو هێزی حەفتاو هەشتامان هەیە .
• ئەوان یەك هێزی ئاسایشیان هەیە ئەمن و ئەمان بەر کەماڵە.
• ئێمە دوو هێزی ئاسایشمان هەیە، بەڵام ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئابووری و جڤاکی لەمەترسی دایە.
• ئەوان شەڕی سێ داگیرکەر دەکەن ( تورکیا و سوریا و ئێران )
• ئێمە کەوڵسووری بەرلەشکرین و چاو ساغیشیان بۆ دەکەین !.
• ئەوان بە داهاتی ناوخۆ مووچەیان لە سەداسەد زیادکرد و لە کاتی خۆیداو بەبێ پاشەکەوت دەگاتە دەست مووچەخۆران.
• ئێمە مووچە پاشەکەوت دەکەین و ناوە ناوە دەیدەین.
• ئەوان داری گەندەڵییان وشك کرد و بڕیان.
• ئێمە بووین بە گەندەڵستان.
• ئەوان ژنیان بوون بە سەرکردە و سەرلەشکر و قارەمان، ژنی شەڕوان بوون بە سومبولی ئازایەتی و ئیرادەی پۆڵاین و کۆڵنەدان.
• لای ئێمە ژن کران بەڕیکلام و دیکۆری ڕازاندنەوەی شتەکان.
• سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان لەنامەیەکی تایبەتیدا بۆ پەیەدە و ژنە شەڕوانەکان دەڵێت: ئەو پێشکەوتنەی ئێوە بە چەند ساڵێکی کەم بۆ ژنتان ڕەخساند، ئێمە بە هەموو نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەمان پێ نەکرا !.
• لای ئێمە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بلاسخارت لە دهۆك بە هەموو بەرپرسەکانی گووت: ئەگەر وا ئیدارە بەڕێوەبەرن نامێنن !.
• ئەوان سێ دەوڵەتی داگیرکەر بە چەکی ئابووری و سەربازی و هەواڵگری و (ئاینی) لە دژیان دەجەنگن و ناچەمێننەوە !.
• ئێمە بە پێوەندی دیبلۆماسی و بازرگانی، سەروەتی ژێر زەوی و سەر زەویمان لێ تاڵان دەکەن، بەڵام لە کاتی تەنگانەدا پشتمان تێدەکەن و هەر کاتێ ویستیان ئەمان کەن بەدژی یەکدا .
• ئەوان سێ ساڵ گفتوگۆ و گەنگەشەیان لەسەر دەستورەکەیان کرد، لە کۆتاییدا هەموویان ڕێك کەوتن و بڕیاری ڕەزامەندیان لەسەر دا.
• ئەوان لە باخچەی ساوایانەوە هەتا زانکۆ خوێندیان کردبە کوردی و بە زمانی دایك.
• ئێمە خوێندنمان کرد بە هی دوو چین منداڵی دەوڵەمەند دەچن بۆخوێندنگە ناحوکوومییەکان، کە بەزمانی ئینگلیزی و تورکی دەخوێنن زمانی دایکیان نازانن، منداڵی چینی کەمدە رامەتیش لە خوێندگە حوکوومییەکاندا بە کوردی دەخوێنن و زوو زووش بایکۆتی خوێندنیان پێ دەکرێت.
• بە هیوام لە ماوەیەکی کەمدا هەڵبژاردنێك لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکاندا بکرێت و حوکوومەتێکی کارای لێ بەرهەم بێت و جێی ڕەزامەندی خەڵکی کوردستان بێت.

کڵێساکانی سووریا ئاهەنگەکانی کریسمس هەڵدەوەشێننەوە
پێشت کڵێساکانی سووریا ئاهەنگەکانی کریسمس هەڵدەوەشێننەوە
ئاو چووە وێستگەی کارەبای دەربەندیخان و لە مێرگەسۆریش هۆشداری لافاو دەدرێت
دواتر ئاو چووە وێستگەی کارەبای دەربەندیخان و لە مێرگەسۆریش هۆشداری لافاو دەدرێت
ەیوەندیدار