وێڕای فشارەکانی ئەمریکا، بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران لە زیادبووندایە



قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق لە زیادبووندایە، ئەمەش سەرباری فشارەکانی ئەمریکا دێت بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران.

ئەمڕۆ شەممە، حەمید حوسێنی، ئەندامی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق، پێشبینی کرد کە هەناردەی ئێران بۆ عێراق تا کۆتایی ساڵی ئێرانی لە ( ١٩ ئاداری ساڵی ٢٠٢٤ ) بگاتە ١٢ ملیار دۆلار.

حەمید حوسێنی بە ئاژانسی هەواڵی فارسی ڕاگەیاند، هەناردەی بەرهەمی ئێرانی بۆ عێراق لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٪٣٥ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران و عێراق توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوو قۆڵی، لە کاتێکدا ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بووەتە سێیەم وڵاتی هەناردەکردن بۆ عێراق لە دوای چین و تورکیا.

ڕێکخراوی بەرەوپێشبردنی بازرگانی ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوولایەنە دەستیکردووە بە دامەزراندنی نووسینگەیەک لە عێراق، بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی گومرگی ئێران لە ماوەی ٢١ی ئادار تا ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە بەهای زیاتر لە ٣٢ ملیار دۆلار بەرهەمی هەناردە کردووە و لەو بڕە زیاترە لە ٦ ملیار دۆلار بۆ عێراق بووە.

هاوپەیمانی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا ئاشکرای کرد، هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار بووە، ئەمەش هەڵکشانی ئامارەکان نیشاندەدات، هاوکات ئێران دەیەوێت ئاستێکی پێوانەیی نوێ لە هەناردەکردن تۆماربکات و بیگەیەنێتە ١٢ ملیار دۆلار.

لەکاتێکدا زیادبوونی قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق سەرباری فشارەکانی ئەمریکا دێت بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران، هەرچەندە بەهۆی قەیرانی دۆلارەوە بازرگانانی عێراق ناتوانن دۆلار لە بانکی ناوەندی وەربگرن بۆ دابینکردنی سەرمایەی بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئێران، ناچارن لە بازاڕی هاوتەریب دۆلار بکڕن.

پۆلیسی کەرکووک ڕوونکردنەوە دەدات
پێشت پۆلیسی کەرکووک ڕوونکردنەوە دەدات
تورکیا: هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامییان دەبێت
دواتر تورکیا: هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامییان دەبێت
ەیوەندیدار