هەولێر بۆ ڕێوڕەسمی کریسمس و شەوی سەری ساڵ بڕیاریدا



پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی كارەساتەكەی حەمدانییە و باڵەخانەی بەشەناوخۆییەكەی سۆران “هیچ ئاهەنگێكی فەرمی بۆ ڕێوڕەسمی كریسمس و شەوی سەری ساڵ ئەنجام نەدرێت” و ڕاشیگەیاند، هاووڵاتیان و هۆڵ و ئۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكان ئازادن لەوەی خۆیان ئاهەنگ سازبكەن.

ئەمڕۆ دوو شەممە 2023.12.18، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار، سەبارەت بە ڕێورەسمی كریسمس و شەوی سەری ساڵ و ئامادەکارییەکانی ماڵئاواییکردن لە 2023 و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ قائیمقامی ناوەند و قائیمقامی عەنکاوە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی گشتیی گەشتوگوزار و تەندروستی و بەڕیوەبەرانی هێزەکانی ناوخۆ و زێرەڤانی ئەنجامدرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی کارەساتی قەزای حەمدانیە و ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی شاری سۆران، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتی گیانیان لە دەستدا و ژمارەیەکی دیکەیش بریندار بوون، بۆ ڕێزلێگرتن لە گیانی قوربانیان و کەسوکاریان، ئێمە وەک پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەکی فەرمی تایبەت بە سەری ساڵی نوێ ئەنجامنادەین، بەڵام هاووڵاتییان و هۆڵەکانی بۆنە و ئاهەنگەکان و ئوتێل و شوێنە گەشتیارییەکان ئازادن لە سازکردنی ئاهەنگ.

پاشان لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو و نایاسایی، ئەرک بەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەكان (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) لە سەرجەم شوێنە گشتیی و ئەو جێگایانەی كە هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووی تێدەکەن دابەشکرا، هەروەها پارێزگاری هەولێر، تەئکیدی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزار و ئاسایشی بازگەکان کردەوە، بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێکارەکانی تایبەت بەخۆیان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران، کە ساڵانە بەبۆنەی سەری ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی ترەوە ڕوو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئاسانکاریان پێشکەش بکەن.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆکردن لە بارەی دیاردەی سواڵکردن لە ترافیک و نێو بازاڕ و بەردەم مزگەوتەکان و شوێنە گشتیەکان، جەخت لە ڕێگەگرتن لەو دیاردە ناشیرین و دزێوی ناو کۆمەڵگە کرایەوە، کە کەسانێک خویان پێوە گرتووە، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری هەولێر قائیمقام و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد بەپێی یاسا و ڕێسا بەرکارەکان بۆ نەهێلانی دیاردەی سواڵکردن بە هاوکاری هێزەکانی ناوخۆ بەردەوام بن لە دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی سواڵ دەکەن و ئەوانەشی لە پشتی ئەوانەوەن.

پارێزگاری هەولێر هەروەها لە بارەی رێوشوێنە ئەمنییەکان و ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان، جەختی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لە هەفتەی داهاتوودا دوای ئەوەی پشووی سەری ساڵ دەست پێدەکات نابێت ڕێگە بدرێ و بهێڵدرێت هیچ کەس و لایەنێک بە قۆستنەوەی ئەو ڕۆژانە و دەرفەت وەرگرتن لە ڕۆژانی پشوو لە سەر موڵکی گشتیی زێدەڕۆیی و سەرپێچی ئەنجامبدات، هەرکەس و لایەنێک ئەوکارەبکات بە توندترین شوێوە سزابدرێت.

پارێزگاری هەولێر، ویڕای دەستخۆشی لەهێزە ئەمنیەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، دڵنیایی بە هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەخت دا، کە بەهەموو توانایەکەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشی لە هاوڵاتییان کرد وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگی هێزەکانی ناوخۆ بن.

ساڵانە لە هەولێری پایتەخت هاوشێوەی پایتەختە پێشکەوتووەکانی جیهان، دەست دەکرێت بە ئامادەکارییەکان بۆ شەوی سەری ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە فیستیڤاڵ و ئاهەنگی فراوانی جەماوەری ئەنجامدەدرێت، بەهۆی ئەو ئارامی و ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستانیش بەرقەرارە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق و تەنانەت لە وڵاتانی تریشەوە ڕوو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن، لە هەموو ساڵێکیشدا ئیدارەی خۆجێیی هەولێر، قەڵای مێژوویی هەولێر و باخی شار و زۆربەی شوێنە گشتییەکانی تری شاری هەولێر بەمبۆنەیەوە دەڕازێنێتەوە، کە لە شەواندا جگە لە نیشاندانی جوانی پایتەخت و ئاسایش و ئارامی هەولێر، سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆتایی هات
پێشت پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆتایی هات
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە موسڵ: حەشدی شەعبی تەعەدا لە كادیرانمان دەكەن
دواتر بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە موسڵ: حەشدی شەعبی تەعەدا لە كادیرانمان دەكەن
ەیوەندیدار