سبەینێ‌ ڕۆژی ئاڵای كوردستانە .. ڕۆژی ئاڵا لە چییەوە هاتووە؟



سبەینێ‌ یەك شەممە 17ی كانوونی یەكەم، یادی ڕۆژی ئاڵای كوردستان دەكرێتەوە، لە هەموو شوێنێكی وڵات ئاڵای كوردستان هەڵدەكرێت و ڕێوڕەسمی تایبەتی لە دامودەزگا حكومییەكان بۆ ساز دەكرێت، كوردان بە پۆشاكی كوردییەوە پێشوازی لەڕۆژی ئاڵای كوردستان دەكەن.

ئاڵای كوردستان هێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەك بەدوای یەكەكانی كورد بووە، تاكو لەڕۆژی 22-1-1946 و لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان بە سەرۆكایەتی قازی محەمەد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد (سابڵاغ) بۆ یەكەمجار بەفەرمی هەڵدراوە و بوو بە ڕەمزی كۆماری كوردستان.

دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان لەناوبرا و لەڕۆژی 17-12-1946 بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاكە لەدەستی دوژمنان تاوەكو سووكایەتی پێنەكەن، ئاڵاكەیان داگرتووە و ئیتر ئەو ڕۆژە بووە بە ڕۆژی ئاڵای كوردستان.

لەساڵی ٢٠٠٩دا پەڕلەمانی كوردستان بڕیاریدا ڕۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەكو ڕۆژی ئاڵا دیاری بكرێت و لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بكرێنەوە، هاوكات پەڕلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك ئەو ئاڵایەی بەئاڵای فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند.

مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان
سوور : هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لە پێناو مافەكانیاندا.
سپی : هێمای ئاشتی و ئاساییشە، كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخوازبووە.
سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.
زەرد : مەبەست لەڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە، كە هێمایەكیشە بۆ 21ی ئازار و یەكەم ڕۆژی ساڵی كورد (نەورۆز).

ئاڵا جیاوازەكانی كورد
ئاڵای سەردەمی كۆماری مهاباد كەمێك جیاواز بووە لەو ئاڵایەی ئێستا لە باشووری كوردستان هەڵكراوە و بەفەڕمی لەئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دانی پێداندراوە، بەڵام لەڕۆژئاوا و باكوری كوردستان، كە پەكەكە و پەیەدە لەوێ باڵادەستن، ئاڵایەكی دیكەی سەردەمی پێشووی كورد بەكاردەهێنن، كە 700 ساڵ پێش زایین و لە سەردەمی دەوڵەتی ماد-ەكان هەڵكراوە.

بەپێی بڕیاری ساڵانی پێشوو، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بە فەرمی یادی ڕۆژی ئاڵای كوردستان لە خوێندنگەكان دەكاتەوە و ئاڵا هەڵدەكرێت و مەڕاسیمێكی شایستەی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنەوە لە بەشێكی هەرێمی كوردستان وەك (سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان) پێدەچێت ئەو مەڕاسیمە لە خوێندنگەكانی ئەو پارێزگا و ناوچانە نەكرێت.

ڕای مەرجەع
پێشت ڕای مەرجەع
مۆنۆمێنتی عومەری خاوەر درایە پارێزگاری لامبس لە بەریتانیا
دواتر مۆنۆمێنتی عومەری خاوەر درایە پارێزگاری لامبس لە بەریتانیا
ەیوەندیدار