سوپای لاواز و جبەخانەی بەتاڵ، ئەوروپا بەرەو داڕمان دەبات



ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دۆخی ترسناکی سوپای وڵاتانی ئەوروپای خستووەتەڕوو، کە سەردەمانێک هەڕەشە بوون بۆ سەر وڵاتانی جیهان، بەڵام ئێستا تووشی داڕمان هاتوون و خاوەنی سوپایەکی لاواز و جبەخانەیەکی بەتاڵن.

 

وۆڵ ستریت جۆرناڵ، خەزێنە سەربازییەکەی بەریتانیای بە “هێندە بەتاڵ” وەسفکردووە، بەجۆرێک سوپای بەریتانیا ساڵی ڕابردوو بیرۆکەی ئەوەی هەبووە دەست بۆ نوێکردنەوەی چەند سیستمێکی مووشەک هەڵگر و لە خزمەت لادراو ببات بەمەبەستی مۆدێرنکردنیان و بەخشینی بە ئۆکراین.

 

سوپای بەریتانیا، کە گەورەترین خەرجکەری بەرگریی نێو وڵاتانی ئەوروپایە، تەنها نزیکەی ١٥٠ تانکی ئامادەی بۆ شەڕکردن هەیە و چەند دانەیەک لە یەکەی تۆپخانەی مەودای دووری هەیە.

 

سوپای لاواز

فەرەنسا کە دووەم وڵاتە لە ریزبەندی زۆرترین خەرجییەکانی بواری بەرگریی ئەوروپا دا، کەمتر لە ٩٠ تۆپخانەی قورسی هەیە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەوەی کە ڕووسیا نزیکەی هەموو مانگێک لە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراینا لەدەستی دەدات.

 

دانیمارک خاوەنی تۆپخانەی قورس و ژێردەریایی و سیستمی بەرگری ئاسمانی نییە، لەکاتێکدا سوپای ئەڵمانیا بەشی دوو ڕۆژ لە شەڕێکی سەربازیدا تەقەمەنی هەیە.

 

پشت بەستن بە واشنتۆن

لە دەیان ساڵی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، سوپای لاوازی ئەوروپا چاوپۆشیکران، چونکە بەشداریکردنی ئەمریکا، بەهۆی دەمارە سەربازییە گەورەکەیەوە، بنەمای سیاسەتی بەرگریی ناتۆ و ئەوروپای دابین دەکرد.

 

تەنها لە ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا نزیکەی لەسەدا ٧٠ی خەرجییەکانی بەرگریی ناتۆی پێکهێناوە، بەڵام ئێستا ئەمریکا لە هەر کاتێک نیگەرانترە بەهۆی مەترسییە ئەگەرییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەوروپا، دوای نزیکەی دوو ساڵ شەڕی خوێناوی لە ئۆکراین.

 

  مەترسی ڕووسیا

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دەڵێت؛ هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی ڕاستەوخۆ لە ڕووسیا بۆ سەر ئەوروپا نییە و سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ڕۆژئاوا پێیان وایە کە ئێستا ڕووسیا بەهۆی ئەو شەڕەی لە ئۆکرانین بەڕێوەی دەبات، لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.

 

بەڵام ئەگەر لە کۆتاییدا ڕووسیا لە ئۆکراین بەتەواوی زاڵ بێت، کەس گومانی لەتوانای مۆسکۆ نییە کە لەماوەی سێ بۆ چوار ساڵدا بە تەواوی خۆی ئامادە بکاتەوە و لە شوێنەکانی دیکەی ئەوروپا کێشەو ئاڵۆزی دروست بکات.

 

توانای بەرهەمهێنان و دروستکردنی چەک لە ئەوروپا بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەی پێویست بووەتە هۆکارێکی ناجۆر بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز ئەوەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە لە کاتێکدا کە زۆربەی حکومەتەکان لەنێو خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و پیربوونی دانیشتووان و دژایەتییەکی سیاسی بەرچاو بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان ڕووبەڕووی سنوورداربوونی بودجە دەبنەوە.

 

ئەنتۆنی کینگ، مامۆستای توێژینەوەکانی جەنگ لە زانکۆی وارویک ڕایگەیاندووە، ئەوروپا “بە شێوەیەکی سیستماتیکی چەکی لەخۆی داماڵی، چونکە پێویستی بە خەرجکردنی پارە نەبوو”، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هەڕەشەیەکی ڕوون و هەژموونی سەربازیی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا، بەکورتی و پوختی “خەوت”.

 

ئۆکراین، نەزیفی وڵاتانی ئەوروپا

وڵاتانی ئەوروپی بەڵێنیان دا کە بە ملیارەها دۆلار هاوکاری کیێڤ بکەن، بەڵام ڕایانگەیاند؛ ڕووبەڕووی سنووردارکردنی ئابووری و سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی چەک بوونەتەوە.

 

ئەوەشیان خستەڕوو، ئەگەر ئەمریکا لە دابینکردنی بەشێکی زۆری هاوکارییەکان بکشێتەوە، ئەوا ئەوروپا کۆگای پێویستی نابێت بۆ پڕکردنەوەی جیاوازییەکە.

 

سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناتۆ، ئەدمیراڵ ڕۆب باوەری هۆڵەندی، ئەمساڵ ڕایگەیاند؛ لەڕووی ئەوەی چی پێشکەشی ئۆکراین بکات ئەوروپا ئێستا تەنها دەتوانێت “بنی بەرمیلەکە ببینێت”.

 

پێناچێت یەکێتی ئەوروپا بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات کە تا بەهاری ئەمساڵ ملیۆنێک مووشەک بۆ کیێڤ دابین بکات کە لە پێویستییە گرنگەکانە و تا ئێستا تەنها یەک لەسەر سێی ئەو بڕەی بەدەستهێناوە.

 

ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی بەرپرسانی ڕۆژئاوا و لێدوانەکانی حکومەتی ڕووسیا، تەنیا کۆریای باکوور زیاتر لە ملیۆنێک مووشەکی بۆ مۆسکۆ ناردووە لە هەمان ماوەی ڕابردوودا کە ئۆکراین داواکاری بۆ چەک و تەقەمەنی لە ئەوروپا هەبووە.

 

بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە، ئەگەر هاوکارییەکان بە تەواوی بوەستێن، ناتوانن بەردەوام بن لە هەڵمەتە سەربازییەکەیان بۆ وەرگرتنەوەی خاکی دەستبەسەرداگیراو، هەروەها ڕەنگە نەتوانن بەرپەرچی هێزەکانی ڕووسیا بدەنەوە کە وڵاتانی گەورەتر پشتگیریی دەکەن و یەدەگی هێزی مرۆیی و تەکنیکی سەرووتر لە وڵاتانی ئەوروپایان هەیە.

تورکیا و ئێران وەک پێویست ئاو بۆ عێراق بەرنادەنەوە
پێشت تورکیا و ئێران وەک پێویست ئاو بۆ عێراق بەرنادەنەوە
لە ڕووداوێکی تەقەکردندا دوو کەس کوژران
دواتر لە ڕووداوێکی تەقەکردندا دوو کەس کوژران
ەیوەندیدار