“کارەبا کەمتر بەکاربهێنن و پارەی کارەبا بەڕێک و پێکی بدەن”



ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و بارودۆخی کارەبا تاوتوێ کرا، بەڵام هیچ بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان نەدرا.

حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، سیستمی پریپەیدی پێدانی پارەی کارەبا لەسەر حیسابی هیچ پارێزگا و گەڕەک و ناوچەیەکی کوردستان نییە بەڵکوو وەزارەتی کارەبا بە دادپەروەرانە بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو دابەش دەکات و ئەم پڕۆژەیە، تەنیا شێوازی پێدانی پارەی کارەبایە،

ڕاشیگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە پڕۆژەی پریپەید نابێت بارگرانی لەسەر دارایی هاووڵاتییان دروست بکات و ئامانج لێی کۆکردنەوەی داهاتە بە شێوازێکی هاوچەرخانە تاکو داهاتەکە بخرێتەوە خزمەتی پڕۆژەکانی زیادکردنی وزەی کارەبای نیشتیمانی و خزمەتگوزارییەکە و بەکارهێنانی کارەبای بەرهەمهاتوو بەشێوەیەکی ئابووریانەتر کە دەمژمێری زیاتری کارەبا دابین بکات.

حکومەتی هەرێم داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی رسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حکومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەزیری دارایی کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا خستەڕوو کە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی برەودان بە هەماهەنگیی و هاریکاریی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم سەبارەت بە کاروباری دەروازە سنوورییەکان و گومرگ بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و پەرەپێدانی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە عێراق و هەرێم لەپێناو زیادکردنی داهاتی گشتیی وخەرجکردنەوەی لە پڕۆژەکانی خزمەتی گشتیدا.

هەروەها حکومەتی هەرێم پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانمان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێراشمان بۆ برینداران خواست. دامەزراوەکانی حکومەتمان ڕاسپارد کە بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی سەلامەتی لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان بکەن بەتایبەتی کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی ڕێکارەکانی سەلامەتی لەو شوێنانە.

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆتاییدا، بڕیاریدا ڕۆژی 2023/12/18 بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ، لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانیش پشووی فەرمی بێت.

هەروەها بە بۆنەی نزیکبوونەوەی بۆنەکانی جەژنی لە دایکبوون ( کریسمس) و سەری ساڵی نوێی زایینی، وێڕای پیرۆزبایی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لەسەربێت)، ڕۆژانی پشووی ڕاگەیاند کە ڕۆژانی 12/25 تا 2024/1/1 پشووی فەرمی دەبێت لەسەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دامەزراوە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکان.

 

بۆ شۆفێران… ئەمشەو بە وریاییەوە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن
پێشت بۆ شۆفێران… ئەمشەو بە وریاییەوە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن
“دەمانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”
دواتر “دەمانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”
ەیوەندیدار