نەسرەت کاکە ئەمین: با هاووڵاتییان چاوەڕێی نەوتە ٥٠ هەزارییەکەی بەغدا نەبن



دابەشکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێم کاریگەری کردووەتە سەر دابەزینی نرخی نەوت، بڕیاربوو حکومەتی عێراق نەوت بۆ هەرێم دابینبکات بازرگانێکی نەوتیش دەڵێت، “با هاووڵاتییان چاوەڕێی نەوتە ٥٠ هەزارییەکەی بەغدا نەبن”.

لە سەرەتای وەرزی پایز، نرخی نەوتی سپی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە و لە ھەولێر نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ١٩٥ ھەزار و لە سلێمانیش گەیشتە ١٨٥ هەزار دیناری عێراقی.

دابەشکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٤ تشرینی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکان و لە کۆتای مانگدا لە سەنتەری شارەکان دەستیپێکرد.

پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان ئەمساڵ كاریگەری کردووەتە سەر دابەزینی نرخی نەوتی سپی ماڵان، چونکە نزیکەی ٩ ساڵ زیاتر دەبوو کە لە سەنتەری شاری هەولێر و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم، نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە بۆ هاووڵاتییان دابین نەکرابوو.

ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت لەنێوان ١٦٠ بۆ ١٦٥ هەزار دیناری عێراقییە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و سەرەتای وەرزی پایز نرخەكەی ٤٠ هەزار دینار دابەزیووە.

نەسرەت کاکە ئەمین، لە بۆرسەی نەوتی هەولێر تایبەت بۆ (خەڵک) وتی، ” دابەشکردنی نەوت لەلایەن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاریگەری کردووەتە سەر دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو، پێشتر بە ٢٠٠ هەزار بوو ئێستا نرخی بەرمیلێک ١٦٠ هەزار دینارە”.

لەبارەی کاریگەری دابەشکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمساڵ خواست لەسەر کڕینی نەوت لە بازاڕەکان کەمترە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بۆیە بازاڕی ئێمەش کز بووە و فرۆشمان دابەزیوە”.

وتیشی، “هاووڵاتییان نرخی ئێستای نەوت-یان بەلاوە گونجاوە و دەیکڕن، چونکە لە سەرەتای وەرزی پایز نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە نزیکی ٢٠٠ هەزار، بەرزی نرخەکەش لەو کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە خەڵک هەمووی بەیەکەوە دەهاتن و نەوتییان دەکڕی، ئەگینا نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی بەو ڕادەیە گران نەبوو بوو”.

ناوبراو سەبارەت بە بڕی پێویستی نەوت لە بازاڕەکانی هەرێم وتی، “بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بڕێکی باشتر نەوت لە ناوخۆ بۆ هاووڵاتییان بەردەستە، کوالیەتییەکەشی زۆر باشە”.

هاووڵاتییان چاوەڕێی نەوتە ٥٠ هەزارییەکەی بەغدا دەکەن؟

لە هەفتەکانی ڕابردوودا دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەرین و گەرمیان ڕاگیرا، چونکە هاووڵاتییان ئامادە نەبوون یەک بەرمیل نەوت بە ١٠٤ هەزار دینار وەربگرن و چاوەڕوانی نەوتەکەی حکومەتی عێراق بوون.

لە کاتیکدا عیزه‌ت سابیر، بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایگەیاند، ” لە ١ی ئەم مانگەوە حکومەتی عێراق ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و بە بڕی ٥٠ هەزار دیناری عێراقی بەسەر هاووڵاتییان دابەشدەکرێت”.

تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە لەبارەی هاتنی ئەو نەوتەوە نییە، هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە دەست بە دابەشکردنی نەوت کرایەوە.

سەبارەت بە نەوتە ٥٠ هەزارییەکەی حکومەتی عێراق نەسرەت کاکە ئەمین ئاماژەی بەوەکرد، ” بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هاتنی نەوتەکەی حکومەتی عێراق بە نرخی پاڵپشتیکراو کاریگەری کردووەتە سەر کەمبوونەوەی خواستی خەڵکی بۆ نەوت لە بازارەکاندا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “با خەڵک چاوەڕێی نەوتە ٥٠ هەزارییەکە نەبن، چونکە ئەوەنەی ئێمە زانیاریمان هەبێت ئەو نەوتە نایەت”.

نەسرەت کاکە ئەمین باسی لەوەشکرد، “بە گشتی خەڵکی هەولێر ئەو نەوتە دەکڕن کە لەلایەن حکومەتی هەرێم دابەشدەکرێت، چاوەڕێی نەوتە ٥٠ هەزارییەکەی حکومەتی عێراق نین”.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە ٥٩ ملیۆن لیتر، لە هەولێر ٦٠ ملیۆن لیتر و لە دهۆک ٣٢ ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ٧٥٦ هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٢٠٠ لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێک دابینکردووە، هاووڵاتییان دەتوانن بە بڕی ١٠٤ هەزار دیناری عێراقی بیکڕن.

 

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم هۆشداری دەدات
پێشت بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم هۆشداری دەدات
بافڵ تاڵەبانی سەردانی عەبدوللەتیف ئەحمەدی کرد
دواتر بافڵ تاڵەبانی سەردانی عەبدوللەتیف ئەحمەدی کرد
ەیوەندیدار