٦٧ ملیۆن دەنگدەر سەرۆکی نوێی میسر هەڵدەبژێرن



٦٧ ملیۆن دەنگدەر میسری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی وڵاتەکەیان ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن و هەڵبژاردنەکەش ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی میسر لە ٢٧ پارێزگای ئەو وڵاتە دەستی پێکرد کە تیایدا چوار کاندید ڕکابەری یەکتر دەکەن بۆ بەدەستھێنانی کورسی سەرۆکایەتی لەنێویاندا، سەرکۆماری ئێستای ئەو وڵاتە، عەبدولفەتاح سیسی هەیە.

ئاژانسی ھەواڵی فەرمی میسر بڵاویکردووەتەوە کە پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی میسر لە ١١ ھەزار و ٦٣٢ وێستگەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت کە بەسەر نۆ ھەزار و ٣٧٦ ناوەندی دەنگدان دابەشکراون.

لەم ھەڵبژاردنەدا، ٦٧ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە و پڕۆسەی دەنگدانیش ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ بنکەکانی دەنگدان دەکرێنەوە تا کاتژمێر ١٩:٠٠.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەیشداوە کە دەنگدەران بە مەبەستی بەشدارییکردن لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییدا، ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە.

ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی میسر لەژێر چاودێری ١٥ هەزار دادوەردا بەڕێوەدەچێت، ھەروەھا ٢٢٠ چاودێری سەربە ١٤ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری هەڵبژاردن، ٦٢ ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی (ناوخۆیی) لە میسر بە کۆی گشتی ٢٢ ھەزار و ٣٤٠ چاودێری ناوخۆ و بیانی وەک چاودێر بەشداری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردانەکانی سەرۆکایەتی میسر دەکەن.

ھەریەک لە سەرکۆماری ئێستای میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، حازم عومەر و سەرۆکی پارتی وەفد، عەبد سەند یەمامە و سەرۆکی پارتی دیموکراتی میسر، فەرید زەھران رکابەری یەکتر دەکەن بۆ بەدەستھێنانی کورسی سەرۆکایەتی میسر.

پێشتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ھەڵبژاردنەکانی نیشتمانی میسر، ئەحمەد بەنداری ڕایگەیاندبوو کە لە بنکەکانی دەنگدان، بە نوسراو ڕێنمایی ھەڵواسراون وەک ئاسانکاری بۆ دەنگدەرانی نابیست، ھەروەھا کارتی دەنگدان بەشێوەی ” Braille” تایبەت بە دەنگدەرانی نابینا چاپکراون (خاڵە بەرزەکانی سەر کارتەکە دەتوانرێت لە ڕێگای پەنجەلێدانەوە بخوێندرێتەوە)

چاوەڕان دەکرێت ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی میسر لە ١٨ی ئەم مانگەدا، ڕابگەیەندرێت.

لە ساڵی ٢٠١٤وە عەبدولفەتاح سیسی سەرکۆماری میسر بەڕێوەدەبات کە ئەو کات بۆ خولی یەکەم لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ حوکمڕانی کرد، دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٤ بۆ خولێکی دیکە وەک سەرکۆمار دەسەڵاتی گرتە دەست، پاشان ماوەی خولی سەرۆکایەتی میسر لە ڕێگای ھەموارکردنەوەی دەستوورەوە لە چوار ساڵەوە بۆ شەش ساڵ زیادکرا.

بەپێی ماددەی ١٤٠ کە لە ساڵی ٢٠١٩ی دەستووری میسردا ھەموار کراوەتەوە، سەرۆکی ھەڵبژێردراو بۆی نییە بۆ زیاتر لە دوو خول پۆستی سەرۆکایەتیی میسر بگرێتە دەست، ھەروەھا ڕێگا بە عەبدولفەتاح سیسی دەدات لە کاتی بەدەستھێنانی زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردن، بتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ببێتەوە بەسەرکۆمار.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم جێگیرە
پێشت نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم جێگیرە
وانەبێژان لەبەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی گردبوونەوە
دواتر وانەبێژان لەبەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی گردبوونەوە
ەیوەندیدار