یەکێتی مامۆستایان: دەستێک هەیە بۆ توڕەکردنی مامۆستایان



سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسی سەرەکی لە دواکەوتنی مووچە حکومەتی عێراقە، بۆیە دەبێ مامۆستایان و فەرمانبەران سەرەتا ناڕەزایەتی و گلەییەکانیان ئاڕاستەی حکومەتی عێراق بکەن و دەشڵێت: “بایکۆتی مامۆستایان ئاڕاستەیەکی سیاسی بوو بۆ دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان”.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی كوردستان بە کوردستان24ی ڕایگەیاندووە، “بە بڕوای من بایکۆتی مامۆستایان ئاڕاستەیەکی سیاسی بوو بۆ دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان، ئێستا یەکێتی مامۆستایان لە بۆشایی یاساییدایە، بۆیە پێمان هەرچی زووە کۆنگرە بکرێت و لە مانگێک زیاتر کۆنگرە دوانەکەوێت”.

سەبارەت بە بایکۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت: “راستە لە هەموو شوێنێک مامۆستایان و فەرمانبەران پێویستیان بە مووچەیە، دواکەوتنی مووچە کاریگەرییەکی خراپی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە، هەموومان لەسەر ئەو بابەتە ناڕازین، بەڵام بایکۆت و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان چارەسەر نییە، بەڵکو کاریگەری نەرێنی دەبێت، لە کاتێکدا دەرگای قوتابخانە حکومییەکان داخراوە، بەڵام لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەوام دەکرێت، کە منداڵی زۆربەی بەرپرسەکان لەو قوتابخانانە دەخوێنن، لانی کەم دەبوایە دەرگای قوتابخانە حکومییەکان بکرابانەوە و کتێب دابەشکرابان، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ قوتابیان لە ماڵەوە بخوێنن”.

ڕاشیگەیاند: “جگە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی، نایشارمەوە لەگەڵ لایەنی سیاسیش گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە کراوە، زۆر جار دەوترێت ئەو بایکۆت و خۆپیشاندانە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە ڕاستیدا بەرپرسی سەرەکی لە دواکەوتنی مووچە حکومەتی عێراقە، بۆیە دەبێ نارەزایەتی و گلەییەکانمان یەکەمجار ئاراستەی حکومەتی عێراق بکەین”.

سەبارەت بە دابەش نەکردنی شایستە داراییەکانی وانەبێژان لە سلێمانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان، وتی: “لە هەولێر و دهۆک شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابەشکراوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە سلێمانی دابەش بکرێت، بەڵام جارێکی دیکە دواخرا، کە ئەمەش مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر توڕە دەکات، ئێمە هەست دەکەین دەستێک هەیە بۆ توڕەکردنی مامۆستایان”.

دەشڵێت: “بەداخەوە لە سنووری سلێمانی هاووڵاتییان متمانەیان بۆ قوتابخانە حکومییەکان کەمبووەتەوە، ئەوەی توانای دارایی هەبێت، منداڵەکانیان دەگوازنەوە قوتابخانە ناحکومییەکان، کە ئەمە زۆر خراپە”.

چەندین قەرەوێڵەی کارەبایی بۆ نەخۆشخانەی شار دابینکرا
پێشت چەندین قەرەوێڵەی کارەبایی بۆ نەخۆشخانەی شار دابینکرا
مووچەی خانەنشینانی مانگی ١٢ دابەشدەکرێت
دواتر مووچەی خانەنشینانی مانگی ١٢ دابەشدەکرێت
ەیوەندیدار