وەزارەتی تەندروستی: ئەمساڵ ٧٢ حاڵەتی نوێی ئایدز تۆمارکراوە



وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان  رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٧٢حاڵەتی نوێی توشبووانی ئەیدز تۆماركراوە، كە بەشی هەرە زۆریان هاووڵاتیانی بیانی و هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن.

وەزارەتەكە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ئەیدز، راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت:”لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردن دا ئەمساڵ ٢٠٢٣ لەماوەی دە مانگی ڕابردوو، نزیکەی  ٥٩٨ هەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان و ڕاگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازیەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و هەموو ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەر پڕۆسەیەکی پزیشکی بەرکەوتن یان بۆ هەر پشکنینێکی ڕۆتینی بۆیان ئەنجام دراوە”.

لەنێو دەرەنجامی پشکنینەکاندا، تەنها 72 حالەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتیانی بیانی و هاوڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە و تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمتریین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئاینی و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات کە بەشێوەیەكی خۆویستانە پشكنینی ڤایرۆسی ئەیدز ئەنجام بدەن، بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی تەندروستییان و دۆزینەوەی حاڵەتەكان.

ئەیدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمە واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە بەهۆی ڕێگاکانی خوێن یان سێکس یان دایک بۆ کۆرپە یان هەر بەرکەوتەیەکی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی تووشبوو. نەخۆشییەکە لە دەرەنجامی کۆتاییدا پێی دەووترێت ئەیدز (AIDS) بەهۆی هەڵگری،و تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV و مانەوەی بۆماوەیەکی درێژ تا ئەگەری چەندین ساڵیش بەبێ هیچ نیشانەیەک. ھۆکاری سەرەکی مردن لە تووشبوانی نەخۆشی ئەیدز ڕاستەوخۆ ڤایرۆسەکە نییە، بەڵکو کاریگەریی لاوەکی و ئاڵۆزکانەکانی ڤایرۆسەکەیە لەسەر دابەزاندن و کەمکردنەوەی بەرگریی لەشی تووشبوو کە وادەکات تووشبوو بەرگری نەخۆشیە درمەکانی تر و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە نەکات.

شارەزایەکی کەشناسی: کۆتایی پایز شەپۆلێکی باشی باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
پێشت شارەزایەکی کەشناسی: کۆتایی پایز شەپۆلێکی باشی باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
سەلام قەزاز: وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەسەڵاتی نییە پارە بۆ کارەبا خەرج بکات
دواتر سەلام قەزاز: وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەسەڵاتی نییە پارە بۆ کارەبا خەرج بکات
پەیوەندیدار