تەنها لەماوی 10 ساڵی ڕابردوودا نیوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەناوچوون


سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستاندا “جدین” و تەنها لەماوی 10 ساڵی ڕابردوودا نیوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەناوچوون.

مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ  دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “بە پێی بەدواداچوونەکانمان، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو دا لە کۆی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی دارستان، لە 50% ڕووبەرەکان لەناوچوون بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا و ئاگر و چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران.”

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند هەنگاوێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانەکان لە ژینگەی هەرێمی کوردستاندا گرتۆتە بەر، لە نێوانیاندا قەدەغەکردنی دار بڕین.

لە مانگی 5ی ساڵێ 2021 حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکیدا ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە “داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان” لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە و وتی بە فەرمی ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن “کە جێگەی قبولکردن نییە.”

بەڵام سەرەڕای هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پارێزگاری لە سەوزایی و سیستەمی ژینگە، ڕێکخراوەکانی چاودێر دەڵێن گۆڕانکارییەکان لە ژینگەی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و ڕێوشوێنەکان بەگوێرەی پیویست نین.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە داوادەکات مەترسیەکانی سەر ژینگە لە هەرێمی کوردستان بەهەند وەربگیرێن، بەتایبەت وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوی.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ 30-11-2023 کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ژینگە بەناوی COP 28 لە دوبەی پایتەختی ئیمارات دەستیپێکرد و تا دوانزە ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت و دەبێتە 28هەمین خولی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کەشوهەوا کە هەموو ساڵێک بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

هەرێمی کوردستان لە چوار چێوەی عێراقی فیدراڵ بەشداری لە کۆنفرانسەکە کردووە، بەئامانجی ئەوەی بتوانێت ئەو کێشانەی هەیە بیانخاتە ڕوو و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت تا لەڕێگای ئەو سندوقە نێودەوڵەتیەی دانراوە چارەسەری ڕیشەیان بۆ بکرێت.

جگە لەبەرپرسانی عێراق، هەریەک لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و 45 بەرپرس لە دام و دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم بەشداریان لە کۆنفرانسەکە کردووە.

ئیمارات دەستنیشان کراوە بۆ میوانداریکردنی ئەم کۆنفرانسە نیودەوڵەتییە کە 198 وڵات و ڕێکخراو کۆدەکاتەوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن.بەپێی

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەساڵی 2017 بڵاویکردووەتەوە، عێراق لەڕووی خراپی گۆرانی کەش و هەواوە لە ڕیزبەندی پێنجەمی وڵاتانی جیهاندا بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئاستەکەی گەشتووەتە چوارەم و ئەمەش بەمەترسیەکی گەورە دادەنرێت.

وادەی گەشتنی ٧٠٠ ملیارەکە ڕاگەیەنرا
پێشت وادەی گەشتنی ٧٠٠ ملیارەکە ڕاگەیەنرا
وەزارەتی کارەبا هۆکاری نەبوونی کارەبا ئاشکرا دەکات
دواتر وەزارەتی کارەبا هۆکاری نەبوونی کارەبا ئاشکرا دەکات
پەیوەندیدار