بۆچی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە هەڵکشاندایە؟



ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە، دوای ئەوەی زریانێک لە دەریای ڕەشدا هەناردەکردنی نەوتی خاوی کازاخستان و ڕووسیای پەکخست، ئەمەش ترسی کەمیی دابینکردنی نەوتی بەرزکردەوە.

تا کاتژمێر 01:27 GMT، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 33 سەنت بەرزبووەوە کە دەکاتە 0.4% و گەیشتە 82.01 دۆلار، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکا 45 سەنت بەرزبووەوە کە دەکاتە 0.6% و گەیشتە 76 دۆلار و 86 سەنت.

دوێنێ سێشەممە، نرخی هەردوو جۆری نەوتی خاو ٪٢ بەرزبوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەگەری درێژکردنەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک کە پێکهاتووە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی وەک ڕووسیا، لەگەڵ کەمکردنەوە یان زیادبوونی دابینکردن، هەروەها نیگەرانییەکان لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کازاخستان و لاوازی بەهای دۆلار.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کاربەدەستانی حکومەت و داتاکانی کەشتیوانی، زریانێکی سەخت لە ناوچەی دەریای ڕەشدا هەناردەکردنی نەوتی کازاخستان و ڕووسیای لە ڕۆژێکدا تا دوو ملیۆن بەرمیل پەکخستووە.

وەزارەتی وزەی کازاخستان ڕایگەیاند، گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی وڵات تا ٢٧ی ئەم مانگە بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتیان بە ڕێژەی ٥٦% کەمکردووەتەوە.

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، ڕێکخراوی ئۆپێک کۆبوونەوەیەکی وەزاری بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام بدات و ئامانجەکانی بەرهەمهێنان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ تاوتوێ بکات، کە بڕیاربوو لە ٢٦ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.

چوار سەرچاوەی ئۆپێک ڕایانگەیاندووە، گفتوگۆکان قورس دەبن و ئەگەری هەیە ڕێککەوتنی پێشوو درێژ بکرێتەوە لەبری کەمکردنەوە لە بەرهەمهێنان، لە کاتیکدا نەوت لە لاوازی دۆلار و دابەزینی عەمبارەکانی نەوتی خاوی ئەمریکا پشتیوانیی وەرگرتووە.

هاوکات ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە نزمترین ئاستیدایە لە ماوەی سێ مانگدا بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە، پێشبینییەکان لە زیادبووندان کە ڕەنگە بانکی فیدراڵی (بانکی ناوەندی ئەمریکا) لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود بکات.

هاوکات بەپێی سەرچاوەکانی بازاڕ بە پشتبەستن بە ئامارەکانی پەیمانگای نەوتی ئەمریکی، هەفتەی ڕابردوو ڕێژەی نەوتی خاوی ئەمریکا بە ڕێژەی 817 هەزار بەرمیل دابەزیوە.

هەشت شرۆڤەکار کە ڕۆیتەرز ڕاپرسی لەسەر ئەنجامداون، مەزەندەیان کردووە کە لە هەفتەی کۆتایی هاتنی ٢٤ی ئەم مانگەدا بە تێکڕا نزیکەی ٩٠٠ هەزار بەرمیل کۆگاکانی نەوتی خاو دابەزیوە.

 

هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت
پێشت هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت
نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمار کرد
دواتر نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمار کرد
ەیوەندیدار