دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک دەدات



دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵا دەکات کە تایبەتن بە دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک هەتا کاتێک وردبینی تۆماری دەنگدەران پارێزگاکە تەواو دەبێت، چونکە تانە لەو وردبینیانە دراوە کە پێشتر بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر دوو سکاڵا ڕێکدەخات کە لەبارەی دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک تۆمارکراوە هەتا کاتێک وردبینی دروست لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکەدا ئەنجام دەدرێت.

ئەوەخراوەتەڕوو، سکاڵاکان لەلایەن نەجاح حەسەن ئیبراهیم ئەندامی لیستی قیادەی سوننە و سەفوەت ساڵح ئەندامی لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو تۆمارکراون، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەم دوو کەسە کاندیدن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک. ئەوەخراوەتەڕوو هەریەکە لە نەجاح حەسەن و سەفوەت ساڵح داوایانکردووە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناچاربکرێت هەڵبژاردن لەکەرکوک ئەنجام نەدرێت هەتا دوای ئەنجامدانی وردبینییەکی دروست بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە.

داواکەی ئەو دوو کاندیدە لەکاتێکدایە حەسەن ئەبو مەسار ڕاوێژکاری یاسایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆکاروباری کاندیدەکان ئاماژەی بەوەکردووە، “وردبینى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک کۆتاییهاتووە و ئەو لیژنەیەى وردبینیی کردووە، راپۆرتى بەرزکردووەتەوە و لەو ماوەیەى دیاریکرابوو بۆ تانەلێدانى، هیچ تانەیەک لە ئەنجامى ئەو وردبینییە نەدرا.”

هاوکات، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە  ١٥ کورسی پێکدێت و ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاکە ٨٧٠ هەزار و ٩٢٠ دەنگدەرە و لەو ژمارەیەش ٨١٣ هەزار ٥٩٠یان  گشتین و ٥٧ هەزار و ٣٣٠یان  لە دەنگدانى تایبەت بەشدار دەبن.

ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پاراستنی ئاسایشی عێراق چییە؟
پێشت ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پاراستنی ئاسایشی عێراق چییە؟
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لەماڵێکدا کەسێک گیانی لەدەستدا
دواتر بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لەماڵێکدا کەسێک گیانی لەدەستدا
ەیوەندیدار