مامۆستایان لە بەغداوە: خۆپیشاندان ئەنجامدەدەین



بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا خۆپیشاندان بکەن دژی دواکەوتنی مووچە، ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.

بەشێکی مامۆستایان لە دوێنیوە گەیشتوونەتە بەغدا، بەڵام لە درەنگانی شەوەوە لە بازگەکانی سوپای عێراق ڕێگە بە ژمارەیەک لە مامۆستایان نادرێت بەرەو بەغدا بچن.

بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ ( خەڵک) وتی، ” ئەمڕۆ لەو کاتەی دامانناوە خۆپیشاندان ئەنجامدەدەین، مامۆستایان لە سلێمانی، قەڵادزێ، ڕانیە، کۆیە، گەرمیان، کفری، هەڵەبجە، سەیدسادق و خانەقینەوە لە دوێنێوە هاتوونەتە بەغدا، ئێمە دەبینە دەنگی ناڕازی مامۆستایان و داواکارییەکانیان دەگەینین”.

لەبارەی هۆکاری ڕێگریکردن لە مامۆستایان بەرهەم مستەفا وتی، ” ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستایان کە زیاتر لە هەزار مامۆستا دەبێت لە ئاستی پێشبینییەکانی دەسەڵاتدا نەبووە بۆیە لە بازگەکان ڕێگریان لێکراوە، پێشتر قسە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، لیژنەی ئەمنی پەرلەمانی عێراق کراوە و مۆڵەت وەرگیراوە، تەنانەت هێزێکی ئەمنی تایبەت بە پاراستنی خۆپیشاندەران ئامادەکراوە”.

بەرهەم مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا نەهاتوون بۆ پاڵپشتی مامۆستایان، هیوادارین لە کاتی خۆپیشاندانەکە ئامادەبن و پشتگیری داوای ڕەوای مامۆستایان بکەن.

وێڕای ڕێگریکردن لە بەشێکی مامۆستایان، بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١١:٠٠ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا مامۆستایان خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، دژی دواکەوتنی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.

بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار پسوڵەی گومرگ ساختەکراوە
پێشت بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار پسوڵەی گومرگ ساختەکراوە
وێنە؛ ڕێ بە مامۆستایانی ناڕازی نادرێت بگەنە بەغدا
دواتر وێنە؛ ڕێ بە مامۆستایانی ناڕازی نادرێت بگەنە بەغدا
ەیوەندیدار