بارزانی: خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵی کرا



سیراج بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی ڕایدەگەیەنێت، زانیاری و ژمارەکان لەبارەی فەرمانبەرانی هەرێم خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم و دەشڵێت: ” سەرجەم خشتە و زانیاریی و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی عێراق و هەرێم”.

ئه‌مڕۆ (چوار شه‌ممه‌ 22ـی تشرینی دووه‌می 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمدا، سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتیی و هێزی کاری کەرتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاری ورد لە سەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویستیی خستەڕوو، بەمەبەستی بە دامەزراوەیی کردنی پڕۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتیی، بە ڕەچاوکردنی پەیکەری کارگێڕیی و بەڕێوەبردنی پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم.

لەمبارەیەوە پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی بە شێوەیەکی زانستی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان پێشکەش کرد، کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی وەزیفەی گشتیی.

دواتر لە نێو ڕاپۆرتەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ئەنجامی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتیی و ئاماژەیدا بەوە دا، کە سەرجەم خشتە و زانیاریی و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بەهەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم کرا، کە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.

دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە، ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد لە پێناوی بە دامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی وەزیفەی گشتیی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە هاوکاری ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەسەندکران، فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچووونیش ڕاسپێردرا بۆ ڕەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کارنامەکە، گفتوگۆ دەربارەی جێبەجێکردنی چەند ماددە و بڕگەیەکی دیکەی یاسای چاکسازی کرا تایبەت بە بواری خانەنشینی، کە لەلایەن بەڕێز عەبدولحەکیم خەسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی و خانەنشینیی لە هەرێم لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی دادپەروەریی و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بودجەی گشتیی، لە هەمانکاتدا، ئەنجومەن جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کردەوە، کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.

 

كامێرای “خاڵ بۆ خاڵ” لە 16 شوێنی هەولێر دەخرێتەكار
پێشت كامێرای “خاڵ بۆ خاڵ” لە 16 شوێنی هەولێر دەخرێتەكار
تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان درێژكرایەوە
دواتر تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان درێژكرایەوە
ەیوەندیدار