ئەمریکا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات



جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنی ڕاگەیندنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کرد کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕەزامەندیی لەسەر درا و ڕایگەیاند، کە “بەتەواوی ڕازییە” لێی و ستایشی هەوڵەکانی نێوەندگیری کرد کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە ئەنجامدراون.

کۆشکی سپی ئەمریکا لەزاری جۆبایدنەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “سوپاسی میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر دەکەم بۆ سەرکردایەتی و هاوبەشی کردنییان لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە”.

جەختی لەوەشکردەوە، گرنگە هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بە تەواوی جێبەجێ بکەن و وتی: بەمەش بارمتەی ئەمریکی زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان و وتیشی، “نان ناخۆم تا هەموویان ئازاد نەکرێن”.

ئەوەش لەکاتیکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە،  نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، حکوومەت لەبەرژەوەندی ڕێککەوتنی ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکانی غەززە دەنگی دا و لەماوەی چوار ڕۆژی ئاگربەستدا ٥٠ ئافرەت و منداڵ ئازاد دەکرێن.

ڕۆژنامەی هارتس، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند کە دەڵێت، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە ٣٠ منداڵ و هەشت دایک و ١٢ ئافرەت لە لایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن، لەبەرامبەردا ئیسرائیل پێویستە  ١٥٠ دەستگیرکراو کە لەزیندانەکانی ئیسرائیلدان ئازاد بکات.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ چوارشەممە قەتەر سەرکەوتنی هەوڵەکانی نێوەندگیری هاوبەشی لەگەڵ میسر و ئەمریکا لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیاند، کە لە ئەنجامدا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەستی مرۆیی.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل رادەگەیەنرێت و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بە مەرجی درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە.

ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەو ئاگربەستە رێگە بە چوونە ژوورەوەی ژمارەیەکی زیاتری کاروانی مرۆیی و هاوکاری فریاگوزاری دەدات، لەنێویاندا سووتەمەنی دیاریکراو بۆ پێداویستییە مرۆییەکان”.

​لە ٧ی تشرینی یەکەم بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە ٢٤٠ کەسیش لای حه‌ماس بە بارمتە دەستگیرکراون و هه‌روه‌ها زیاتر لە ١٢ هەزار هاووڵاتی سڤیل له‌ کەرتی غه‌ززه‌ کوژراون و زیاتر لە ٣٠ هەزاری دیکەش بریندارن لەگەڵ گەیشتنی زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئابووری غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە.

مامۆستایانی ناڕازی نامەیەک ئاڕاستەی وەزیری پەروەردە دەکەن
پێشت مامۆستایانی ناڕازی نامەیەک ئاڕاستەی وەزیری پەروەردە دەکەن
لە ڕووداوەکەی سلۆپیدا پێنج هاووڵاتی زاخۆ بوونە قوربانی
دواتر لە ڕووداوەکەی سلۆپیدا پێنج هاووڵاتی زاخۆ بوونە قوربانی
ەیوەندیدار