” چیتر بڕیار بۆ کەرکوکییەکان نادرێت، بەڵکو خۆیان بڕیار دەدەن”



بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکیتی لە رێورەسمی ناساندنی کاندیدانی ھاوپەیمانییەکەیان لە  کەرکوک پەیامێکی بڵاوکردەوە و لەلایەن ئاسۆ مامەند سەرۆکی قەوارەی ھاوپەیمانییەتییەکە خوێندرایەوە رایگەیاندووە، کەرکوک لای ئێمە هێڵی سورە و چیتر بڕیار بۆ کەرکوکییەکان نادرێت، بەڵکو خۆیان بڕیار دەدەن.

دەقی پەیامی  بافڵ لە رێورەسمی ناساندنی کاندیدانی ھاوپەیمانی کەرکوک ھێزو ئیرادەمانە.

ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوی سەرکەوتنی ھاوپەیمانیی (کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە) لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم.
خۆشەویستان
ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە، ھاوپەیمانیی رەسەنی شاری کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکانە بە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانییەوە. بەرنەماکەشمان لەپێناو قووڵکردنەوەی ئەو تەبایی، پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەی شارە خۆشەویستەکەدایە.

ئێمە ھەمیشە باوەڕی تەواومان بە ھاوبەشیی و کاری پێکەوەیی ھەبووە، ئەقڵییەتی خۆفەرزکردنمان لە بڕیار و بەڕێوەبردندا رەتکردووەتەوە و ویستوومانە ھەموومان پێکەوە خزمەتی کەرکوکی قودسی کوردستان بکەین.  ئێستاش ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە، کۆتایی بەو سەردەمە دەھێنێت و چیتر بڕیار بۆ کەرکوکییەکان نادرێت، بەڵکو خۆیان بڕیاردەر دەبن، چارەنووسی خۆیان ھەڵدەبژێرن و شەڕ لەپێناو مافەکانیان دەکەن.
ئێمە مێژوویەکی درێژمان لەگەڵ خۆڕاگری و قارەمانێتیی کەرکوکییە سەربەرزەکان ھەیە، بۆیە دڵنیام ئێستاش بە ھەمان ئیرادە و رۆحییەتەوە، بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچن و ژمارە ١٤٢ی ھاوپەیمانییەکەی خۆتان ھەڵدەبژێرن، وە دەیسەلمێنن ئێوەن شەڕە راستەقینەکە بۆ کەرکوک دەکەن و لە قەڵا دێرینەکەی خۆتانەوە مژدەی سەرکەوتن بەگوێی ھەموواندا دەدەن.
ئێمە کەرکوکمان لە دڵماندا ھەڵگرتووە، کەرکووک ھێڵە سوورەکەی ژیانی سیاسی و حزبیمانە، وەکچۆن لەرابردوودا خوێنمان بۆ رشت، لە داھاتووشدا ھەر خۆمان پارێزەرە دڵسۆز و راستەقینەکەی دەبین. پێکەوە لەگەڵ ئێوەی دڵسۆز رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبینەوە و بەرامبەر مەترسییەکان دەوەستینەوە، تەعریب ریشەکێش دەکەین و خەونی بەدینەھاتووی دوژمنانی کەرکوک لەباردەبەین. بۆ ئەمەش پێویستە دەنگ بە ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە بدەن و قەڵغانێکی پتەوبن بۆ پاراستنی ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی سەرۆک مام جەلال بناغەدانەری بوو و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.
بەڵێ بۆ سەرکەوتن و دەنگدان بە ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە
بەڵێ بۆ ئاشتی و ئاوەدانی
سەربەرزی و سەرفرازیش بۆ ئێوەی خۆشەویست

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بانكی ناوەندی ڕێكارێكی نوێی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی دۆلار ڕاگەیاند
پێشت بانكی ناوەندی ڕێكارێكی نوێی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی دۆلار ڕاگەیاند
هەڤاڵ ئەبوبەكر دەربارەی پڕۆسەی خوێندن پەیامێكی ڕاگەیاند
دواتر هەڤاڵ ئەبوبەكر دەربارەی پڕۆسەی خوێندن پەیامێكی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار