سودانی لە تارانەوە: گەلی فەڵەستین کۆمەڵکوژ دەکرێت



سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تارانەوە ڕایگەیاند فەڵەستینییەکان کۆمەڵکوژ دەکرێن و سەرۆکی ئێرانیش دەڵێت، پێدەچێت ئیسرائیل هەرەس بهێنێت و ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان بەغدا و تارانیش تەوەرێکی گفتوگۆکانیان بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراق بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس گەیشتە تاران.

سودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك کۆماری ئێران ڕایگەیاند، دۆزی فەڵەستین تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئێران بوو.

سودانی ڕایگاند، بە درێژایی چەندین دەیە، دانیشتووانی غەززە لە زیندانییەکی گەورەدا بوون و ئێستاش گەلی فەڵەستین ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبێتەوە.

وتیشی: کۆمەڵی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە کەرتی غەززە و هەر کەسێکیش دەیەوێت ململانێکە سنووردار بکرێت و ڕێگریی لە تەشەنەکردنی شەڕەکە بکات لە ناوچەکەدا، دەبێت دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی ڕابگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا لە پەیوەندیدایە بۆ دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە.

لای خۆشیەوە ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند ئێران و عێراق هەڵوێستی هاوبەشیان هەیە لە دۆزی فەڵەستیندا و پێویستە ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەندرێت و تاوانەکانی قەوارەی زایۆنی ڕابگیرێن.

سەرۆکی ئێران ڕاشیگەیاند، هەموو ئەوانەی پشتیوانی لە قەوارەی زایۆنی دەکەن، بەشدارن لەو تاوانانەی لە غەززە ئەنجامیان دەدات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان بەغدا و تاران کرد و ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق کار لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران دەکات.

مانگی ئەیلولی ڕابردوو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەدا، بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم دوورخرانەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەردەوامە
پێشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەردەوامە
کۆتا گوژمەی ٧٠٠ ملیار دینارەکە گەیشت
دواتر کۆتا گوژمەی ٧٠٠ ملیار دینارەکە گەیشت
ەیوەندیدار