سەنتەری ئۆتیزم لە بازیان کرایەوە



یەکەم سەنتەری ئۆتیزم لە ناحیەی بازیان کرایەوە، توانای ڕاهێنانی بە ٤٠ منداڵ هەیە، ئامارەکانی منداڵی ئۆتیزم بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە.

شیراز محەمەد منداڵێکی ١٣ ساڵانە، دووچاری ئۆتیزم بووە، ماڵیان لە ناحیەی بازیانە، پزیشکەکان لە دوو ساڵیەوە بە دایکوباوکیان ڕاگەیاندووە، کە دووچاری نەخۆشییەکە بووە.

بەهۆی نەبوونی سەنتەری ڕاهێنانی ئۆتیزم لە بازیان و کەمدەرامەتی خێزانەکەیی، شیراز نەیتوانیوە هیچ ڕاهێنانێک بۆ چارەسەری ئۆتیزم وەربگرێت.

نیهایەت عەلی، دایکی شیرازە، باس لە ماندوویەتی خۆی و دۆخی منداڵەکەی دەکات، کە بەهۆی نەبوونی سەنتەری ئۆتیزمەوە لە ناحیەکەیان نەیتوانیوە چارەسەری منداڵەکەی بکات، تا ئێستاش منداڵەکەی هیچ مووچەیەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتی نییە.

چیرۆکێکی هاوشێوەی شیراز بووە هۆکاری دروستبوونی ئەم سەنتەری ئۆتیزمەی ئەمڕۆ لە بازیان کرایەوە.

سەنتەری ڕاهێنانی ئۆتیزمی (لوتفیە مەلا غالیب) لەلایەن خێرخوازانەوە لەسەر ڕووبەری ٤٠٠مەتر زەوی دروستکراوە، ئەمڕۆ لەلایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرایەوە.

سەنتەرەکە ١٥ کارمەندی بە گرێبەست لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دامەزرێنراوە، پێکهاتووە لە هەشت ژوو و توانای لەخۆگرتنی ٤٠ منداڵی سنووری ناحیەی بازیانی هەیە، تا ئێستاش زیاتر لە ١٥ منداڵ بۆ ڕاهێنان لە سەنتەرەکە ناونوسکراون.

ئاریاس کەمال، بەڕێوەبەری سەنتەرەکەیە، ئەوەدەخاتەڕوو ئێستا لە سنووری ناحیەی بازیان ژمارەی منداڵانی دووچار بە ئۆتیزم ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ماوەی سێ ساڵە کار بۆ دروستکردنی سەنتەرەکە دەکرێت، کە ئەمڕۆ تەواو بووە، هەرچەندە ئەم سەنتەرە لەلایەن خێرخوازانی ناوچەکەوە دروستکراوە، بەڵام بەپێی وتەی ئیسماعیل ئەحمەد، قائیمقامی بازیان ڕۆتین و ئاستەنگی زۆریان لە مۆڵەت وەرگرتنەکەیدا هاتووەتە بەردەم، لەکاتێکدا دەبێت حکوومەت هاوکاری خێرخوازانبێت بۆ ئەم جۆرە کارانە کە دواتر بیناکە بۆ حکوومەت دەبێت و خزمەتیش بە هاووڵاتیان دەکات.

جادوگەرێکی ئۆنلاین دەستگیرکرا
پێشت جادوگەرێکی ئۆنلاین دەستگیرکرا
پارێزگاری سلێمانی ستایشی ئێران دەکات
دواتر پارێزگاری سلێمانی ستایشی ئێران دەکات
ەیوەندیدار