پەیامی ئێران بۆ ئەمریکا: بۆ جەنگ ئامادەین



ئێران میلیشیاکانی لە ناوچە سنوورییەکانی عیراق ڕێکدەخاتەوە و پەیامیشی ناردوو بۆ ئەمریکا کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئامادەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە بڵاویکردەوە کە سوپای پاسداران بە پلانی بڵاوکردنەوەی میلیشیا عێراقییەکان لە ڕۆژئاوای عێراقدا دەچێتەوە.

ڕوونیشکردەوە کە نێوەندگیرە سیاسییەکانی عێراق پەیامیان گەیاندووەتە ئەمریکا و پێیان ڕاگەیاندوون، ئێران نایەوێت بەشداری لە شەڕی غەززەدا بکات، بەڵام پێدەچێت هێرشەکەی ئیسرائیل ناچاری بکات.

بە وتەی سەرچاوەکان، ئێرانییەکان دەیانەوێت لە ڕێی ناردنی ئەو پەیامانەوە ئەمریکا و ئیسرائیل ناچار بکەن کاتی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دوابخەن یاخود سنوورداری بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرکردەی میلیشیاکان دەربارەی قەبارە و چۆنێتی وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشەکە گفتوگۆ دەکەن.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە لە نێوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پشێوی دروست بووە سەبارەت بە چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، چونکە شیعە بەشداربووەکانی حکومەت نایانەوێت عێراق لەو قەیرانەوە تێوەبگلێت.

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاند، ستراتیژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بریتییە لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە و هەوڵی دیپلۆماسی بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە، بەڵام سەرباری هۆشدارییەکان لە مەترسی تێوەگلان لەو جەنگە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئایندەی حکومەت و بارودۆخی عێراقیش بە گشتی، بەڵام سەرکردەی میلیشیاکان لەگەڵ ئەو ستراتیژەدا نین.

سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەو بڕوایەشدایە کە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کۆنترۆڵکردنی میلیشیا عێراقییەکان لەدەست دەردەچێت.

ڕاشیگەیاند، سروشتی ئەو پەیامەی ئێرانییەکان گەیاندوویانەتە ئەمریکییەکان ئەوەیە کە تاران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئامادەیە.

هەولێر؛ پێشمەرگە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەستپێکرد
پێشت هەولێر؛ پێشمەرگە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەستپێکرد
مشتومڕ لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم دروستبووە
دواتر مشتومڕ لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم دروستبووە
ەیوەندیدار