غەززە دەبێتە هێرۆشیما



ڕۆژی سێشەممە، فایز دوەیری، شارەزای سەربازی ڕایگەیاند، بڕی ئەو تەقەمەنیانەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە فڕێدراون، نزیکە لە قەبارەی ئەو بۆمبە ئەتۆمییەی کە ئەمریکا بۆ سەر شاری هێرۆشیمای ژاپۆنی خستووەتە خوارەوە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم.

فایز دوەیری، ڕوونیکردەوە، لە میانی شیکارییەکدا کە لە ماڵپەڕی “ئەلجەزیرە” بڵاوکراوەتەوە، کێشی بۆمبی هیرۆشیما ١٥ هەزار تۆن بووە، لەکاتێکدا قەبارەی ئەوەی ئیسرائیل بەسەر غەززە خستوویەتییە خوارەوە ١٢ هەزار تۆن بووە.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززەی بۆردومان کردووە.

فایز دوەیری، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تەقەمەنیانەی کە لە هێرۆشیما کەوتوونەتە خوارەوە، تی ئێن تی- TNT بوون، لەکاتێکدا ئەوەی ئیسرائیل بەسەر غەززەدا خستووەتە خوارەوە، تێکەڵەیەک بووە کە بە RDX ناسراوە، بەهێزییەکەی یەکسانە بە ١.٣٤ تی ئێن تی، واتە هێزی ئەو تەقەمەنیانەی بەسەر غەززە خراوەتە خوارەوە زیاترە لەوەی کە لەسەر هێرۆشیما خراوەتە خوارەوە کە ڕووبەرەکەی ٩٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو، لەکاتێکدا ڕووبەری غەززە لە ٣٦٠ کیلۆمەتر تێناپەڕێت.

ئەو پسپۆڕە سەربازییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بۆمبە “فیوز”ەکانی دەستکاری کراوە بەجۆرێک کە شۆککەر یان وێرانکەر بێت و بەکاردێت بۆ لێدانی قووڵاییەکان یان کاتی دەدرێتێ بۆ ئەوەی لە بەرزایییەکی دیاریکراودا بتەقێتەوە.

ئەو بۆمبەی کە نەخۆشخانەی “المعمدانی”ی کردوەتە ئامانج، جۆری MK-84 بووە، کە تیژڕەوی وێرانکەری تا ٣٦٠ مەتر بووە، فیوزێکی کاتی هەبووە و بووەتە هۆی تەقینەوەی لە دووری ١٥ بۆ ٢٥ مەتر.

سەبارەت بە هۆکاری ئەو برینە نائاساییانەی کە پزیشکانی غەززە باسی دەکەن، فایز دوەیری ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی بۆمبەوە دروستدەبێت، لەوانە بۆ نموونە فسفۆری سپی، لە کاتێکدا بەکارهێنانی تەنانەت بۆ شوێنە سەربازییەکانیش لە کاتی شەڕەکاندا بەپێی ڕێککەوتننامەی لاهای نێودەوڵەتی قەدەغەیە.

بە وتەی ئەو پسپۆڕە سەربازییە، بۆمبی فسفۆری سپی لە هەوادا دەسووتێت و دەبێتە هۆی سووتان کە دەگاتە ئێسک و زیان بە سیستەمی جەستە دەگەیەنێت هەروەها زیان بە سیستەمی هەناسە دەگەیەنێت، چونکە گەرمی تا ١٣٠٠ پلەی سەدی دەردەدات.

ئیسرائیل ئێستا جگە لە فسفۆری سپی بۆمبی قووڵی (بۆمبی تەزووی مێشک) بەکاردەهێنێت کە توانای گەیشتنیان تا ١٥ مەتر لە ژێر زەوی و ٦ مەتر بۆ ناو بلۆکی کۆنکرێتی هەیە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمانە هەمان ئەو بۆمبانەن کە ئەمریکا لە عێراق، سوریا و ئەفغانستان بەکاریهێناوە.

سەبارەت بە هۆکاری داڕمانی باڵەخانەکان بە یەکجار، دەگەڕێتەوە بۆ لێدانی بۆمبی بۆشایی ١٣٧، ئەم بۆمبانە ئەگەر ئاراستە بکرێن دەتوانن لە پەنجەرەی باڵەخانەکەوە بچنە ژوورەوە، بەجۆرێک کە تەقینەوەی یەکەم ڕووبدات، شلەی سووتێنەر بڵاودەکاتەوە، پاشان تەقینەوەی دووەم (تەقەمەنی)، کە تێیدا ئۆکسجین هەڵدەمژرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێی دەوترێت “تەقینەوەی ناوخۆیی” پاشان “تەقینەوەی دەرەکی”، بۆیە کاریگەرییەکانی دوو هێندە دەبن.

فایز دوەیری، سەبارەت بە دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانیش ڕایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنەوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل و هەندێکی تریش بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە پشتیەوەن، بەتایبەتی ئەمریکا، کە ژەنەڕاڵێکی سێ ئەستێرەی لە هێزی مارینزەوە بە ستافێکەوە ناردووە بۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە تەلئەبیب، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەیەوێت بەشێک بێت لە بڕیاردان و کاریگەری لەسەر ڕەوتی شەڕەکانی داهاتوو دەبێت.

ئەو شارەزایە سەربازییە لە کۆتاییدا دەڵێت، سوپای ئیسرائیل ئەزموونی لە شەڕدا شارەزا نییە، ئەمەش وایکرد ئەمریکا ژەنەڕاڵێک بنێرێت کە ئەزموونی لەم جۆرە شەڕەدا هەبێت، هەروەک چۆن لە عێراق سەرپەرشتی دەکرد.

تورکیا لەسەر دۆخی فەلەستین هاتە دەنگ
پێشت تورکیا لەسەر دۆخی فەلەستین هاتە دەنگ
وەزارەتی نەوت: داهاتی مانگی ڕابردوو زیاتر لە نۆ ملیار و 422 ملیۆن دۆلار بووە
دواتر وەزارەتی نەوت: داهاتی مانگی ڕابردوو زیاتر لە نۆ ملیار و 422 ملیۆن دۆلار بووە
ەیوەندیدار