وەزیری کار: دۆخەکە مەترسیدارە لە نێو ئاڵودەبوانی مادەی هۆشبەردا منداڵی تەمەن ٩ ساڵ هەیە



وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، یەک لەسەر پێنجی سزادراوان و ڕاگیراوانی نێو گرتووخانەکانی هەرێمی کوردستان، بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە سزادراون و دەستگیرکراون، دەشڵێت:”لە سلێمانی و هەولێر هەندێک لە منداڵان ئالودەی مادەی هۆشبەر بوون، بە شێوەیەک لەنێو ئالودەبوواندا منداڵی تەمەن ٩ ساڵی تێدایە”.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە”ئامارەکان دەرخەری زیادبوونی بەکارهێنەر و بازرگانیکردنن بە ماددەی هۆشبەر، بە جۆرێک یەک لەسەر پێنجی سزادراون و دەستگیرکراون لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر سزادران و ڕاگیراون.”

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، هەرێمی بە حوکمی جوگرافیاکەی بووەتە ڕێڕەو بۆ هێنان و بردنی مادەی هۆشبەر و هێنانی مادەی هۆشبەر بەو بڕە زۆرە، بە دڵنیاییەوە مافیاو خەڵکی گەورەی لە پشتەوەیە، ئەگینا خەڵکی ئاسایی ناتوانێت بازرگانی بە بڕی زۆرەوە بکات و پارەی ئەو بڕە زۆرە مادەیەشی پێ نییە.”

هەفتەی ڕابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە شاری هەولێر ئەنجامدا. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لەو کۆنفرانسەدا، ڕایگەیاند،”بەرزبوونەوەی ڕێژەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر زەنگێکی مەترسیدارە. حکومەت کار لەسەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەکات.”

بەپێی یاسای ژمارە (١) ی ساڵی (٢٠٢٠) ی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو کارتێکەرە عەقڵییەکان، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، بازرگانی مادەی هۆشبەر سزاکەی کەمتر نییە لە ١٥ ساڵ، بەڵام سزای بەکارهێنەر کەمترەو دەگاتە ٥ ساڵ زیندانیکردن.

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، هەماهەنگییەکی زۆر لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و توندوتۆڵکردنی سنورەکان دروستبووە.

کوێستان محەمەد وتیشی:”گەر دۆخی مادەی هۆشبەر بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، مەترسی گەورە لەسەر هەرێم دروست دەکات، مەترسییەکەی لە تیرۆر گەورە ترە.”

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، دەڵێت،”بەپێی زانیارییەکان، منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ئالودەی مادەی هۆشبەر بوون. زانیاریشمان پێگەیشتووە لە سلێمانی و هەولێر منداڵی ٩ ساڵ لە نێو ئالودەبوواندایە، گەر دۆخەکە وا بڕوات کارەساتی گەورەتر بەڕێگەوەیە.”

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم پێیوایە، مادەی هۆشبەر بە تۆن دەهێنرێتە هەرێم، بۆیە دەستخستنی قورس نییە،دەڵێت،”ئەو منداڵانەی ئالودە دەبن، ڕەنگە باوک یان دایکیان ئالودە بن. وەکو زانیاریش پێمانگەیشتووە، لە هەندێک لە ناوەندەکانی خوێندنیش مادەی هۆشبەر کڕین و فرۆشتن و دەستاو دەستی پێدەکرێت.”

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
پێشت وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
دیوەکەی تری قەرەچووغ
دواتر دیوەکەی تری قەرەچووغ
ەیوەندیدار