عەلی باپیر: وەرگرتنی هاوکاری لە ئێران عەیب نییە



سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بەرگری لە بزووتنەوەی حەماس دەکات لەوەی هاوکاری لە ئێران وەردەگرێت و دەشڵێت ئابڵوقەدانی فەڵەستین ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی نەچن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل.

ئەمڕۆ هەینی کۆمەڵی دادگەریی گردبوونەوەیەکی لە هەولێر بۆ پشتیوانیکردنی غەززە ئەنجامدا کە تێیدا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵ وتارێکی پێشکەش کرد.

عەلی باپیرە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە ئاڕاستەی ئیسلامییەکان دەکرێن بەوەی تەنها لە دوورەوە پشتیوانی بۆ فەڵەستین دەردەبڕن و ڕایگەیاند ئابڵوقەدانی فەڵەستین ڕێگرە لەبەردەم چوونیان بۆ هاوکاریکردنیان.

بەدووریشینەزانی لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕەکەدا خەڵك بە هەر ڕێگەیەك بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە خۆیان بگەیەننە فەڵەستین.

سەبارەت بەوەش کە بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێت، عەلی باپیر ڕایگەیاند وەرگرتنی هاوکاری لە ئێران عەیبە نییە، چونکە لە ڕابردووشدا کورد، شیعە و سوننە لە دژی بەعس هاوکارییان لە ئێران وەرگرتووە.

عەلی باپیر وتیشی: ئایا ئێمەش کەم هاوکاری ئێرانمان وەرگرتووە؟ ئایا مەمنوونی نەبووین؟ دەبێت دەستخۆشی لە ئێران بکەین کە هاوکاری حەماس دەکات و باجی ئەوەشی داوە.

هەر لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئەمنیی هەولێر گرت بەوەی مۆڵەتیان نەداون لە بەردەم مەڵبەندی حزبەکەیان گردبوونەوە بۆ پشتیوانیکردنی غەززە ئەنجام بدەن.

کۆترێك کارەبای چەند گەڕەکێکی سلێمانی بڕی
پێشت کۆترێك کارەبای چەند گەڕەکێکی سلێمانی بڕی
ئیسرائیل کەناڵی جەزیرە دادەخات
دواتر ئیسرائیل کەناڵی جەزیرە دادەخات
ەیوەندیدار