پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی سزای بەندکردن دەدرێت



ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دیاری کوردی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بە تۆمەتی “بانگەشەی دژ بە حکومەت” لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.

بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ساڵح نیکبەخت، ڕۆژی سێ شەممە،17ی 10 لە لایەن لقی 28ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر عەمووزادە بە تۆمەتی “بانگەشەی دژ بە حکومەت” بە یەک ساڵ زیندانیکردن و قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ ماوەی 2 ساڵ، سزا دراوە.

عەلی ڕەزایی پارێزەری نیکبەخت لە ڕاگەیەندراوێکدا سزاکەی سەر پارێزەری دۆسیەی ژینای ئەمینی ڕاگەیاندووە و دەڵێت “دادگا بەبێ گوێدانە بەرگرییەکانی من و بەڕێز نیکبەخت، زۆرترین سزایەک کە بۆ ئەو جۆرە دۆسیانە دیاری کراوە، بەسەردا سەپاندووە.”

بانگهێشتکردن و تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ساڵح نیکبەخت، ڕێک دوای شەش مانگ لە کوژرانی ژینا لە کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە، ئەنجامدراوە.

ساڵح نیکبەخت وەک پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری دەستەی پزیشکی دادوەری ئێران سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا، ڕایگەیاندبوو کە تەنها ڕێگای دڵنیابوون لە ڕاستییەکان سەبارەت بە چۆنییەتی گیانلەدەستدانی ژینا ئەوەیە کە دۆسیەکەی لە کۆمیسیۆنێکی پزشکیدا بە ئامادەبوونی چەند پزشکێکی جێگای متمانەی بنەماڵەی ژینا، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

ژینا ئەمینی، کچێکی گەنجی خەڵکی سەقز کە لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سەردانی کەسوکارەکەی ڕۆیشتبووە تاران، 13ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە لایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە بە تۆمەتی ڕچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستبەسەر کرا و بە وتەی ساڵح نیکبەخت، دوای دوو کاتژمێر بە بێ گیانی گەیەندرایە نەخۆشخانەی کەسرا و لە 16ی مانگی نۆشدا، گیانلەدەستدانەکەی بە تەواوی و بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە.

جوتیاران ئاگادار دەکرێنەوە، ناوت نەبێت بێبەش دەبیت
پێشت جوتیاران ئاگادار دەکرێنەوە، ناوت نەبێت بێبەش دەبیت
بانکی ناوەندی هۆکاری بەرزی دۆلار ئاشکرا دەکات
دواتر بانکی ناوەندی هۆکاری بەرزی دۆلار ئاشکرا دەکات
ەیوەندیدار