داوای پلانێكی خێرای ئاودێری دەكرێت



ئەمساڵ هەر لەسەرەتای پایزەوە، ڕێژەی باران بارین بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، دڵخۆشی بەدواوە بوو، هەر ئەوەش نا، دڵخۆشی باشتریش بەڕێوەیە، چونكە شارەزایانی كەشناسی پێشبینییانكردووە ئەو وشكەساڵی و گەرمییەی ڕووی لەناوچەكردبوو كۆتاییهات و ئەمساڵ زستانێكی سارد و سەخت و پڕ بەفروباران دەبێت، كشتوكاڵیش یەكێك لەئەو كەرتانەیە سوودی باش دەكات، بۆیە لە ئێستاوە داوای پلانێك دەكرێت بۆ خەزنكردنی بڕێكی باشی ئاو.

ئەمساڵ ئاستی دابارین لە ئاستی ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە، پێشبینی تەواوبوونی وشكەساڵی دەكرێت، كشتوكاڵیش داوای پلانی ئاودێری تۆكمە دەكات، تا ئەو بارانەی دەبارێت بەفیڕۆ نەچێت.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی گەیاندنی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ ڕێژەی باران بارین بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی كردووە، لە كاتێكدا دوو ساڵی ڕابردوو وشكەساڵی بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت ئاستی باران بارین بەرزبێت و مەترسی وشكەساڵی نەبێت.

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئاستی باران بارینی ئەمساڵ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەمساڵدا ئاستی باران بارین زیادی كردووە، زۆرترین ڕێژەی بارانیش لە شارۆچكەی هیرانی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا لە وەرزی زستانداین بەردەوام شەپۆلی لەدوایەكی باران هەیە، بەپێی ناوچەكانیش ڕێژەی بارانەكە دەگۆڕێت، لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی كەمی باران بارین بەشێكی زۆری دانەوێڵە و كەرتی كشتوكاڵ تووشی زیان بوون، لە ناوچەی گەرمیانیش جوتیارەكان زیانی زۆریان كردووە، لە مانگی چواریشدا بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان وشكەساڵی ڕاگەیاند، كە ١٨٥ هەزار دۆنم زەوی تووشی زیان بوون، تەنها سێ یەكی گەنم دورێنە كراوە.

شادی حسێن بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان لە لێدوانێكدا بە (خەڵك) ڕاگەیاند، ئەمساڵ دابارینەكان لە كاتی خۆیدا بوو، ڕێژەیەكی باش باران باریوە، ئەمەش جوتیارەكانی دڵخۆش كردووە، بەڵام هێشتا زووە تا بوترێت وشكە ساڵی كۆتایی هاتووە.

دەشڵێت “ئێمە لە ئێستادا ناتوانین بڵێین لەوشكەساڵی ڕزگارمان دەبێت، ئەگەر هەر چەند باران ببارێت، بەڵام لە مانگی چواردا باران نەبێت، ئەوا گەنم دروێنە ناكرێت، بەڵام لەوەڕگامان دەبێت”.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی كەمی ئاستی بارانی سەرزەوی جوتیارەكان ئاوی ژێرزەویان بەكارهێناوە، ئەمەش وایكردووە ئاستی ئاوی ژێرزەوی كەمبكات، لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان باس لەوەدەكات، كە جوتیارەكان بەشێوەیەكی نا زانستی ئاوی ژێرزەویان بەكارهێناوە، بۆیە دەبێت پلانێكی تۆكمە بۆ ئاودێرییەكی گونجاوی ئاو دابنرێت.

هەرچەندە كێشەی كەمی باران و وشكەساڵی ماوەی دوو ساڵە لە هەرێمی كوردستان دروستبووە، بەڵام هێشتا كێشەكە لە ئاستی مەتریسدا نییە، بەڵكو پێویستە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە پلانێكی گونجاوتر بۆ ئاو دابنرێت.

هێمن موراد بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەولێر بۆ (خەڵك) ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر باران نەبێتە لافاو و دابارینەكە بەشێوەیەكی لەسەرخۆبێت، سوودی زۆری دەبێت، لە كاتێكدا ئێستا وەرزی داچاندنە ،پڕۆسەی كێڵان ئاسان دەكات.

لەبارەی ڕێنماییەكانیان بۆ جوتیاران ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، پلانی زۆر لە بەردەستدایە، لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر بۆند هەیە كە ئاو گلدەدەنەوە، ڕێنماییان بۆ جوتیارەكان هەیە كە بەشێوەی دڵۆپاندن بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان بەكاربهێنن، ئەو بەرهەمانە بچێنن كە كەمترین بڕی ئاوی پێویستە.

هاوكات بۆ پێدانی مۆڵەتی بیرلێدان، بەڵێننامە بە جوتیارەكان پڕدەكەنەوە كە دەبێت سیستمی ئاودێری بەكاربهێنن، تا كەمترین ئاو بەفیڕۆ بچێت.

لەبارەی كاریگەری ئەو شەپۆلی سەرمایەی وڵاتانی ئەوروپاو توركیای گرتووەتەوە لەسەر هەرێمی كوردستان، ئاسۆ كەمال بەڕێوەبەری كەشناسیی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بۆ (خەڵك) دەڵێت، لە ماوەی ڕابردوودا بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێم بەتایبەت باكوور، كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی توركیا و ئەوروپایان لەسەر بوو، كە بەفر و باران لەو ناوچانە هەبوون و هەن، بەڵام لە بەشەكانی دیكە بەتایبەت باشوور، دەرئەنجامی جێگیربوونی ئەو بەرزە پەستانەی لە ناوچەكانمان هەبوون، كەشوهەوای تا ڕادەیەك بەرەو جێگیربوون بردبوو.

ڕاشیگەیاند “پێدەچێت لەمەودوا ئەو نزمە پاڵە پەستۆیەی لەو وڵاتانە و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ‌ هەن كاریگەری لەسەر ناوچەكانمان دروست بكەن”.

شارەوانی نیویۆرک، پێویستی بە کەسێکە بۆ کوشتنی “مشک”
پێشت شارەوانی نیویۆرک، پێویستی بە کەسێکە بۆ کوشتنی “مشک”
شەپۆلە سەرماكەی ئەوروپا هەرێم دەگرێتەوە؟
دواتر شەپۆلە سەرماكەی ئەوروپا هەرێم دەگرێتەوە؟
ەیوەندیدار