ماوەی 8 ساڵ بەسەر داخستنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕی



دوێنێ‌ 12ی ئۆكتۆبەر، ماوەی 8 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕووداوی ڕێگری لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد-ی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ شاری هەولێر لە بازگەی پردێ‌ لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 و داخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان، كە دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ئەو كاتەی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی وتی، “لەنێوان خراپ و خراپترین، ئێمە خراپەكەمان هەڵبژارد”.

دوابەدوای توندبوونەوەی گفتوگۆكانی نێوان پارتی و لایەنەكان سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی گۆڕان كرا بۆ هەولێر و دواتریش وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم دەركران.

دوابەدوای ڕووداوەكان، كە كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەو كاتەی حكومەتی هەرێم وتی، “لەنێوان خراپ و خراپترین، خراپەكەمان هەڵبژارد”.

یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ئەو ڕۆژەدا لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “هەشت ساڵ لەمەوبەر لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015، هێزێكی زۆری چەكدار بە فەرمانی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، رێیان لێگرتین بۆ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و، بۆ ماوەی دوو ساڵ پەرلەمانیان داخست”.

ڕاشیگەیاندەوو، “ڕووداوی رێگری لێكردنمان بۆ ئێمە پێشبینی كراو بوو، چونكە ئەو ڕۆژەی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردراین، بڕیارمان دابو نەچینە ژێر باری هیچ كارێك كە رێی چوونە ناو خەڵكمان لێبگرێ، هەر بۆیەش ئاسایی بو بەلامانەوە ڕێی چوونە پەرلەمانمان لێبگرن، چونكە ئەوان نەیانتوانی رێی چوونە ناو خەڵكمان لێبگرن”.

دەشڵێت: “ئەوان رێی پەرلەمانیان لێگرتین، چونكە ئێمە نەچوینە ژێر باری داواكارییە بەردەوامەكانی ئەوان بەوی پەرلەمان هەر وەك جاران بكەینە دیوەخانی دەست بەرز كردنەوە بۆ خواستەكانی ئەوان. ئێمە ئەمانویست پەرلەمان دامەزراوەیەكی بەهێزی چاودێری بێ بۆ رێگری كردن لە گەندەڵی، جێبەجێ نەكردنی یاساكان و سەروەر نەبونی یاسا؛ ئێمە ئەمانویست پەرلەمان بە كردەیی مینبەری گەیاندنی خواست و داواكارییەكانی هاونیشتیمانیان بێ و بیان كاتە پەیڕەوی حوكمڕانی؛ ئێمە ئەمانویست هیچ هێزێك لە سەرو پەرلەمانەوە نەبێ و هەمو هێزەكان لەژێر بنمیچی پەرلەمان لەڕێی پەرلەمانتارانیانەوە پێكەوە گفتوگۆ و بڕیار بدەن؛ ئێمە ئەمانویست پەرلەمان كراوە بێ بۆ هاونیشتیمانیان، میدیاو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و چاودێر بن بەسەر كاری پەرلەمان‌ و پەرلەمانتاران؛ ئەمانویست ناوەندە ئەكادیمییەكان، دادگاكان و رێكخراو و كەسایەتییە تایبەتمەندەكان بەشدار بن لە داڕشتنی یاساو بڕیارەكان هەر یەكەو بەپێی پسپۆڕیی خۆی؛ خۆلاسە ئەمانویست لەڕێی پەرلەمانەوە حوكمڕانییەكی رەشیدی سەردەمیانەی خەڵك سالار بێنینە كایەوە، ئەمەش پێچەوانەی خواستی كاستی دەستڕۆشتوی هەرێم بو، بۆیەش پەرلەمانیان داخست”.

یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەوان بە هێزی چەكدار رێی پەرلەمانیان لە ئێمە گرت، ئێمە بە هاوكاریی ڕەوەندی كوردی لەڕێی هەڵمەتێكی دیبلۆماسییەوە ڕێی ئەوروپامان لێگرتن و دواجاریش لەڕێی داوایەكەوە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی درێژكردنەوەی ناشەرعیی پەرلەمانمان لێهەڵوەشاندنەوە”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر داخستنی پەرلەمان لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 داخستنی دەرگا بەو بەڕەوی هەر جۆرە چاكسازییەك لە رژێمی حوكمڕانیی پاش ڕاپەڕین، ئەوا داخستنی پەرلەمان بە بڕیارێك لە 30ی ئایاری 2023 بەمانای كۆتایی هاتنی شەرعییەتی كۆی ئەو ڕژێمە حوكمڕانییە و پێوستیی هێنانە كایەی سیستمێكی حوكمڕانیی دیموكراسی و سەردەمییانەیە”.

 

کچی بەرپرسێكی باڵای ئیسڕائیل كوژرا
پێشت کچی بەرپرسێكی باڵای ئیسڕائیل كوژرا
خۆرگیران ڕوودەدات
دواتر خۆرگیران ڕوودەدات
ەیوەندیدار