بەنداوەكانی هەرێم: ئەگەر بارانی باش نەبارێت تووشی قەیرانێكی گەورە دەبینەوە



بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، داهاتێكی زۆری ئاومان پێویستە بۆ پڕكردنەوەی بەنداوە گەورەكان ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، دووچاری گرفتی قوڵ دەبین، دەشڵێت: “هەوڵێك هەیە حكومەتی عێراق تا گفتوگۆی جدی لەگەڵ ئێران و توركیا لەسەر مەسەلەی ئاوی هاوبەش بكرێت”.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، بە دەنگی ئەمریكا-ی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە لەسەرەتای وەرزی زستانداین، ئێمە چاوەڕوانی بارانی زیاتر و هاتنی مانگی 3 و 4 دەكەین، چونكە ئەوكات بەفری شاخەكان دەتوێتەوە و داهاتی ئاو زیاتر دەكات، بەڵام ئەو شەپۆلە بارانەی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ناوچەكانی خوارووی بەنداوەكانی گرتۆتەوە، بۆیە داهاتی ئاو لە بەنداوەكان زۆر زیادی نەكردووە.

دەشڵێت: “بەنداوی بچووكمان لە(هەولێر، دهۆك، گەرمیان، قەرەداغ و چەمچەماڵ) زۆرە، ئەو بەنداوانە داهاتی باشی ئاویان تێدا خەزنكراوە بەهۆی بارانەوە، بەڵام عێراق و هەرێم لە نێو ساڵێكی هەستیاردایە، گەر ئەمساڵیش هاوشێوەی دوو ساڵی ڕابردوو، باران كەم ببارێت و وشكەساڵی دووبارە ببێتەوە، چەندین ناوچەی عێراق و هەرێم دووچاری قەیرانی ئاو دەبن”.

ڕاشیگەیاندووە، هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی، دەیان ناوچەی عێراق و هەرێم، هەزاران گوندنیشی خاوەن مەڕوماڵات، ئومێدیان لەسەر بارانی ئەمساڵ هەڵچنیووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی دوو ساڵی ڕابردوو بەهۆی كەم بارانییەوە دووچاری بوون.

ئاشكراشیكردووە، كە ترسی كەم بارانییان هەیە، دوو ساڵی كەم بارانییان بەڕێكرد، گەر ئەمساڵ باران زۆر نەبارێت، ناتوانین قەرەبووی دوو ساڵی ڕابردوو بكەینەوە، بۆیە داهاتێكی زۆری ئاویان پێویستە بۆ پڕكردنەوەی بەنداوە گەورەكان، گەر ئەمە ڕوو نەدات، دووچاری گرفتی قوڵ دەبین.

ڕەحمان خانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە چەندین شاندی دبلۆماسی عێراق لەگەڵ ئێران و توركیادا لە بارەی ئاوەوە گفتووگۆی كردووە، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ، ئەو دوو وڵاتە بەنداوی زیاتر دروست دەكەن و عێراق زیاتر دەخنكێنن، بۆیە هەوڵێك هەیە لەلایەن كابینەی نوێی حكومەتی عێراقەوە، تا گفتووگۆی جدی لەگەڵ ئێران و توركیا لەسەر مەسەلەی ئاوی هاوبەش بكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەنداوی دوكان، لە ئێستادا دوو ملیار سێجا ئاوی تێدایە، لە كاتێكدا 5 ملیار سێجا ئاوی تری پێویستە بۆ ئەوەی سەر ڕێژ ببێت. بەنداوی دەربەندیخانیش، 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە و بۆ پڕبوون، پێویستی بە ملیارێك و 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە.

خانووە دێرینەکانی شار لە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەدان
پێشت خانووە دێرینەکانی شار لە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەدان
پەرواز بە چەند وشەیەك هەستی خۆی دەردەبڕێت
دواتر پەرواز بە چەند وشەیەك هەستی خۆی دەردەبڕێت
ەیوەندیدار