خانووە دێرینەکانی شار لە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەدان



بەشێکی زۆری خانووە دێرینەکانی سلێمانی لەناوچوون، لە کۆی چوار هەزار خانوو کەمتر لە ١٥٠ خانوویان ماوە، مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانیش داوای نۆژەکردنەوەی خانووەکان لە وەبەرهێنەران دەکات.

 

لەگەڵ دروستبوونی شاری سلێمانیدا گەڕەکەکانی مەڵکەندی، سەرشەقام، دەرگەزێن، سابوونکەران و جولەکان و قوەخانەی سەچیمەن و دەرگەزێن و…. هتد دروستکراون، بەشێک لە خانووەکانی ئەم گەڕەکانە تا چەند ساڵێک پێش ئێستا مابوون.

 

خانووە دێرینەکان ئەو خانووانە دەگرێتەوە کە پێش ساڵی ١٩٦٠ بەشێوەی بیناسازی کۆن دروستکراون.

 

لە پڕۆژەیەکیدا کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی هەستاوە بە بەڵگەکردنی خانووە دێرینەکانی سلێمانی، کە زیاتر لە چوار هەزار خانوو بووە، بەڵام ئێستا کەمتر لە ١٥٠ خانوو ماون.

 

د. ئەمجەد قەرەداغی مامۆستای بەشی تەلارسازی لە کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی، لەبارەی خانووەکانەوە بە(خەڵك) ڕاگەیاند، تا ئێستا چەندین جار داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم کردووە بۆ پاراستنی ئەو خانووانە، بەڵام هیچ کارێکی ئەوتۆ نەکراوە، ئەوان وەک ئەرکی خۆیان هەستاون بە دۆکیومێنتکردنی خانووەکان.

 

د. ئەمجەد دەڵێت “لە هەموو بۆنەیەکدا داوام کردووە کە دەبێت کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و حکومەت خانووەکان نۆژە بکەنەوە، دەبێت حکومەت کۆمپانیاکان ناچار بکات تا هەر کۆمپانیایەک خانوویەک نۆژەن بکاتەوە”.

 

هاوکات هەوڵی کۆمپانیای بەڕێزی بۆ نۆژەکردنەوەی ماڵەکەی پیرەمێردی بەرز نرخاند، داواش دەکات سەرجەم وەبەرهێنەکان خانووەکان نۆژەن بکەنەوە، ئەگەر هەر وەبەرهێنێکیش تەنها خانوویەک نۆژەن بکاتەوە، ئەوا زۆرینەیان لە لەناوچوون دەپارێزرێن.

 

دکتۆر ئەمجەد، ئەوەدەخاتەڕوو لە پەراوێزخستنی ئەم خانووانەدا ئەوا مێژووی تەلارسازی ئەم شارە لەناودەچێت، کۆمەڵێک لە تایبەتمەندی تەلارسازی سلێمانیدا هەبوون بە تەواوی لەناودەچن، ئەوەی ئێستاش ماوە کەمترە ٪١، ئەگەریش لەوە زیاتر وەلابنرێن ئەوا مێژووی شارەکە دەبێتە تەپوتۆز و گەراج.

 

جێی باسە، ساڵی ٢٠١٤ لەسەر داوای خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، گروپی کۆمپانیاکانی بەڕێز، نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە خانووە دێرینەکانی شاری سلێمانی کە خانووی شاعیر و فەیلەسوفی گەورەی کورد (پیرەمێرد) بوو، گرتە ئەستۆی خۆی، کە بە باشترین شێوە و بێ لادان لە نەریتی کۆنی خۆی لە لایەن ستافی شارەزا لەسەر بودجەی کۆمپانیاکە خانووەکە نۆژەنکرایەوە و لە ڕووخان پارێزراو ئێستا یەکێکە لە خانووە دیارو نۆژەنکراوەکان کە مێژووەکەی بووەتە ناسنامە بۆ شاری سلێمانی.

ڕێجیمی وەرزی زستان و كۆتایی پایز
پێشت ڕێجیمی وەرزی زستان و كۆتایی پایز
بەنداوەكانی هەرێم: ئەگەر بارانی باش نەبارێت تووشی قەیرانێكی گەورە دەبینەوە
دواتر بەنداوەكانی هەرێم: ئەگەر بارانی باش نەبارێت تووشی قەیرانێكی گەورە دەبینەوە
ەیوەندیدار