سێ چەكی دەستووری گرنگ بەدەست هەرێمی كوردستانەوە



زوو زوو لێرە و لەوێ گوێمان لەوە دەبێت كە قەوارەی هەرێمی كوردستان مەترسی زۆری لەسەرە، چونكە نیوە زیاتری خاكەكی لەدەستداوە، هەروەها كەوتۆتە ژێر قورسایی ئەو بڕیارە یەك لە دوای یەكانەی كە دادگای فیدڕاڵی لە دژی هەرێم دەریدەكات. لەلای بەشێكی زۆر لە هاونیشتیمانیان دۆخێكی ڕەشبینی لەسەر داهاتووی هەرێم دروستبووە، لەڕاستیدا من ئەم ڕەشبینیەی خەڵكی بە شتێكی باش لە قەڵەم دەدەم، چونكە ڕەشبینی دۆخێكی مەعریفیە كە مرۆڤ پیایدا دەڕوات بەرەو قۆناغی بونیادنانی هۆشیاری. لە سەردەمێكداین لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە بوونی هۆشیارییە، چونكە ئەم سەدەیە سەدەی جەنگی عەقڵە نەوەك جەنگی هێزی جەستەیی، سەركەوتنی ئێمەش پەیوەستە بە ئاستی مەعریفی و دونیابینینمانەوە بۆ ئێستا و داهاتوو.

ڕوون و ئاشكرایە كە دروستبوونی هۆشیاری بە پڕۆسەیەكی پڕ لە بێدەنگی و ڕەشبینی و ئەزموونی زۆر دێتە بوون. گرنگ نیە لە ڕابروودا چەنێكت زەرەر كردووە، گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانی وەبەرهێنان لەو شكستانە بكەیت و بیانكەیت بە سەركەوتنەكانی داهاتوو. هەرێمی كوردستان لە ئێستادا لە دۆخێكدایە كە بە سەرەتای دروستبوونی نەوەیەكی خاوەن هۆشیاری دادەنێم، هۆشیارییەك كە لە دیوە جووداكانەوە بڕواننە ژیان. دیارە كە ئێمە لە دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا دەژین، فیدڕاڵیەتیش شتێك نیە كە بە شەو و ڕۆژێك دروستبێت، بەڵكو چەندان قۆناغی مێژوویی پێویستە بۆ لەدایكبوونی. لە ٤ ی ئۆكتۆبەری ١٩٩٢، پەرلەمانی كوردستان تەبەنی فیدڕاڵیەتی كرد، لەو دەمەدا ئەمەیان بە خەون لە قەڵەم دەدا، بەڵام وەك دەوترێت كە داهاتوو دەریدەخات كە كێ لەسەر ڕێگا دروستەكە ڕۆیشتووە.

ڕەخنەكان لەسەر ئەم تەبەنیەی پەرلەمانی كوردستان زیاتر بوو لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمدا، چونكە ئەودەم جگە لە بڕیاری (688) ی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەرێمی كوردستان هیچ پارێزبەندییەكی یاسایی نەبوو، سەرەرای هەموو قوربانییەكان ئینجاش توانرا ئاشتەوایی بەرپابكرێت و هەرێم بەرەو قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەنگاوی نا، ئەمەش بە گواستنەوەی تەبەنی فیدڕاڵیەت بوو لە هەولێرەوە بەرەو بەغدا. لە ١٥-١١-٢٠٠٣ ڕێكەوتننامەیەك لەنێوان ئەنجوومەنی حوكم و دەسەڵاتی هاوپەیمانان ئیمزاكرا بەناوی (ڕێكەوتنامەی كاری سیاسی). لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەو خاڵەی ڕێكەوتنەكە بدەم كە باس لە دەركردنی یاسای سەرەكی (القانون الاساسي) دەكات كە دواتر بە (یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەر) ناسراو و لە ٦٢ مادە پێكهاتبوو، ئەنجوومەنی حوكم لە بەرواری ٨ ی ٣ ی ٢٠٠٤ ئەم یاسایەی پەسەندكرد. گرنگی ئەم یاساییە بریتیبوو لە تەبەنی فیدڕاڵیەت بۆ عێراق، ئەم یاسایە تا دەرچوونی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێكهێنانی حكومەت بەپێی دەستوورەكە بە كارایی مایەوە.

چەند خاڵێكی بەهێز بەدەست هەرێمی كوردستانەوە كە لە دەستووردا ئاماژەی پێدراوە:

1- بەپێی بڕگەی ٤ لە مادە ١٢٦ ی دەستووردا، كە ئەمە دەقەكەیەتی(لايجوز اجراء اي تعديل على مواد الدستور من شأنه أن ينتقص من صلاحيات الاقاليم التي لاتكون داخلة ضمن الاختصاصات الحصرية للسلطات الاتحادية الا بموافقة السلطة التشريعية في الاقليم المعني وموافقة اغلبية سكانه باستفتاء عام). بەهیچ شێوەیەك ناكرێت هەمواری ئەو دەقە دەستووریانە بكرێت كە دەبنە هۆی بێهێزكردنی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان تەنها لەو كاتەدا نەبێت كە پەرلەمانی هەرێم لەسەر ئەم هەمووارە ڕازیبێت لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی دانیشووانی هەرێم بە ڕێگای ڕاپرسی گشتی.

ئەم دەقە دەستووریە وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوە كە دەڵێن قەوارەی دەستووری هەرێم لە مەترسیدایە، بەڵێ لە مەترسیدا دەبێت ئەگەر خۆمان ڕازیبین لەسەری!.

2- بەشێوەیەكی گشتی لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، یەكپارچەیی خاكی دەوڵەت (وحدة إقليم الدولة) بوونی هەیە، بەڵام لە دەستووری عێراقیدا ئەم بنەمایە وەلانراوە و بە شێوازێكی ڕوون دانی بە دابەشبوونی سنووری عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ناوە. ئەم خاڵە لە بڕگەی دوو لە مادە ١٤٠ ئاماژەی پێدراوە كە ئەمە دەقەكەیەتی (المسؤولية الملقاة على السلطة التنفيذية في الحكومة الانتقالية والمنصوص عليها في المادة (58) من قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية تمتد وتستمر إلى السلطة التنفيذية المنتخبة بموجب هذا الدستورعلى ان تنجز كاملة (التطبيع، الاحصاء وتنتهي باستفتاء في كركوك والمناطق الاخرى المتنازع عليها لتحديد إرادة مواطنيها) في مدة اقصاها الحادي والثلاثون من شهر كانون الاول سنة الفين وسبعة). ئەوەی زۆر گرنگە ئەم بەشەیەتی كە دەڵێت (باستفتاء في كركوك والمناطق الاخرى المتنازع عليها لتحديد إرادة مواطنيها)، چونكە ناوچەی جێناكۆك لەنێوان دوو وڵات یان زیاتردا بوونی هەیە نەوەك لەناو سنووری یەك وڵاتدا، ئەمە جگە لەوەی كە ناوچەی جێناكۆك پەیوەستە بە یاسای نێودەوڵەتی نەوەك یاسایی ناوخۆیی وڵات. بەڵام وەك دەبینین كە دەستووری عێراقی خۆی پێمان دەڵێت كە شتێك بەناوی یەكپارچەیی عێراق بوونی نیە.

3- بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسایی و شەرعی بەسەر شەش پارێزگای عێراقدا هەیە كە بریتین لە پارێزگاكانی( هەولێر، دهۆك، سلێمانی، كەركوك، نەینەوا، دیالە). ئەمەش بە گەڕانەوەمان بۆ مادە ١٤٣ ی دەستوور بەدەردەكەوێت كە دەڵێت (يلغى قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية وملحقه عند قيام الحكومة الجديدة، باستثناء ما ورد في الفقرة(أ) من المادة (53) والمادة (58) منه). واتە بەپێكهێنانی حكومەت بەپێی دەستووری هەمیشەیی ئەوا یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ئیلغا دەبێتەوە جگە لە بڕگە (أ)ی مادە ٥٣ و مادە ٥٨ ی یاساكە نەبێت كە بە بەركاریی دەمێننەوە. الفقرة(أ) من المادة (53) : (يعترف بحكومة إقليم كردستان بصفتها الحكومة الرسمية للأراضي التي كانت تدار من قبل الحكومة المذكورة في 19 آذار 2003 الواقعة في محافظات دهوك وأربيل والسليمانية وكركوك وديالي ونينوى. إن مصطلح <حكومة إقليم كردستان> الوارد في هذا القانون يعني المجلس الوطني الكردستاني، ومجلس وزراء كردستان والسلطة القضائية الإقليمية في إقليم كردستان). ئەم سێ خاڵە سێ خاڵێ دەستووری بەهێزن بەدەست هەرێمی كوردستانەوە كە دەكرێت سوودیان لێ وەربگیرێت لە داهاتوودا بەتایبەت لە بەرامبەر دادگای ئیتیحادی عێراقیدا.

ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر بەڕێوە دەچێت
پێشت ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر بەڕێوە دەچێت
لە بەغداوە پەیامێک بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەنێردرێت
دواتر لە بەغداوە پەیامێک بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەنێردرێت
ەیوەندیدار