ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی هەڵوێستیان بۆ پەروەردە راگەیاند



ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامی بەیاننامەکەی وەزارەتی پەروەردەی دایەوە و دەڵێت” سوپاس چەکێکی گاڵتەجاڕانەیە و هەزاران سوپاس هیچ لە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران ناگۆڕێت”.

لەدوای بەیاننامەکەی وەزارەتی پەروەردەوە، لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە، ڕەنگدانەوەی توندی لێکەوتەوە و جێگری یەکێتی مامۆستایانی سلێمانی رایگەیاند، بایکۆت بەردەوامە ، و دواتر ئەنجومەنەکەش پەیامێکی توندیان ئاراستەی حکومەت کرد،

ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بوەدەکەن، بایکۆت، لە هەندێک ناوچە نییە، بەڵکو جوگرافیایەکی فراوانی هەرێمی گرتووەتەوە، ئەوەشی دەوام دەکات لە هەولێر و دهۆک، زۆرینە لەژێر فشار و هەڕەشەی خۆتان و دەزگا داپڵۆسێنەرەکان و بەشێکی کەمیشی کادیرە دوو مووچە و بندیوارەکانی حیزبن،

 

دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:

 

ئەمڕۆ سێشەممە 3/ 10/ 2023 ڕاگەیاندراوێکتان بڵاوکردووەتەو و تیایدا هاتووە: “مووچە مافێكی بنەڕەتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی ڕۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەكەین و بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەكان ئاگاداردەكەینەوە كە بە زووترین كات دەستبكرێتەوە بە دەوامكردنی ناوەندەكانی خوێندن”.

ــ ئێمەش دەزانین مووچە مافێکی بنەڕەتی ئێمە و فەرمانبەرانە؛ بەڵام ئەوە 9 ساڵی تەواوە ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە بە پاساوی جۆراوجۆری ناڕاستەوە، بەوپەڕی بیویژدانییەوە ئەو مافەی لێ زەوتکردووین و قووتی ئێمەیان خستووەتە خزمەتی خێزان و بنەماڵە و کەناڵ و بندیوار و ئەندامانی حیزبەوە

ــ سوپاسی دڵسۆزی ؛ چەکێکی گاڵتەجاڕانە وسواوی  ئەم کابینە شکستخواردووەیە، هەزاران سوپاس هیچ لەژیان و بژێوی مووچەخۆران ناگۆڕێت.

ــ بایکۆت، لە هەندێک ناوچە نییە، بەڵکو جوگرافیایەکی فراوانی هەرێمی گرتووەتەوە، ئەوەشی دەوام دەکات لە هەولێر و دهۆک، زۆرینە لەژێر فشار و هەڕەشەی خۆتان و دەزگا داپڵۆسێنەرەکان و بەشێکی کەمیشی کادیرە دوو مووچە و بندیوارەکانی حیزبن.

ــ ئێوە لەماوەی ئەم 9ساڵەدا نەتانتوانیوە یاخود نەتانویستووە داوا زۆر سەرەتاییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکەن، بەڵکو هەمووجارێک هەوڵتانداوە لە ڕێی گووشار و سزادانەوە، کۆتایی بە فشارە مەدەنییەکانمان بهێنن، کە ئەمەئاستی نابەرپرسیاریتان دەردەخات.

ــ ئێوە بەکرداری سوکایەتی بە پڕۆسەی پەروەردە و هەموو مووچەخۆران دەکەن، بۆچی پلەبەرزکردنەوە بۆ کەرتی سەربازی بەردەوامە و دەستیپێکردۆتەوە، بەڵام بەبڕیارێکی ستەمکارانە ماوەی ٩ ساڵە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاگیراوە، ئێوە بەدێڕێک داکۆکیتان لێی نەکردووە و دەیانجار پاساوتان بۆ ئەو ستەمە هێناوەتەوە.

ــ لێرەوە ڕایدەگەیەنین بایکۆت بڕیارێکی خۆڕسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە ، تەنها ڕێگەی شکاندنی دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ یە بەیەکەوە .

بۆیە دڵنیابن هەڕەشەکانتان ساردمان ناکاتەوە، بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتیەکانمان و تا داواکانمان جێبەجێدەکرێن.

بەهیواین بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری قەزاکان و بەڕێوەبەری خوێندنگا و قوتابخانە و باخچەکان، بەهۆی ئەم نووسراوەوە، فشار و سزادان بەکارنەهێنن و لەپێناو کورسییەکەی خۆیان، ویژدان و ڕووی خۆیان لەبەردەم خودا و خەڵک و مێژوودا زەرد نەکەن.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی

3/10/ 2023

بەرپرسێكی بەریتانی: هیچ چەكێكمان نەماوە بیدەینە ئۆكراینا
پێشت بەرپرسێكی بەریتانی: هیچ چەكێكمان نەماوە بیدەینە ئۆكراینا
موقتەدا سەدر ڕاوێژکارێکی خۆی دوورخستەوە
دواتر موقتەدا سەدر ڕاوێژکارێکی خۆی دوورخستەوە
ەیوەندیدار