کارمەندانی تەندروستی بایکۆتیان هەڵپەسارد



ئەمڕۆ سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لقی سلێمانی ڕایگەیاند، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بایکۆت هەڵدەپەسێرن، بەڵام کاتی دەوام کەمدەکەنەوە.

هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی سەختی هاووڵاتیان بڕیاریانداوە بۆ ماوەیەکی کاتی بایکۆت بوەستێنن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ” لە بەرواری ١٠ ئەیلوول بڕیارماندا ٧٢ کاتژمێر بدەین بۆئەوەی مووچەی ناوەندی تەندروستی دابەشبکات و لەو چوارچێوەیەدا لە ١٣ ئەیلوول بایکۆتمان ڕاگەیاند، هاوکات لە پاش دابەشکردنی مووچە لە ٢٥ ئەیلوول تا ئەمڕۆ بایکۆتمان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بڕیارماندا لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان بۆ ماوەیەکی کاتی بایکۆت هەڵپەسێرین، بەڵام  پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی ئاگادار دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی هەردوو مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوول”.

هاوکات لە بەشێکی دیکەدا دووپاتی کردووە، ” داوای لێبوردن لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە وێڕای بارگرانی ڕەوشی ژیانیان، نەبوونی کار و مووچە ناچاربوون ڕوو لە ناوەندە تەندروستییە تایبەتەکان بکەن و بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، بەڵام کەمتەرخەمییەکەی دەخەینە ئەستۆی حکومەت کە بە دەنگ داواکارییەکانی کەرتی تەندروستییەوە نەهاتن”.

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی درێژکرایەوە
پێشت کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی درێژکرایەوە
کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵوەشایەوە
دواتر کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵوەشایەوە
ەیوەندیدار