ئەوروپا بێ وزەیە و سەرمایەکی توندیش ڕووی تێدەکات



زریانێکی توندی جەمسەریی ئەوروپا دەگرێتەوە و دابینکردنی وزەش وڵاتان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دژوار بۆ هاووڵاتیان و کارخانە و دامەزراوەکانیان.

 

بەرەبەیانی رۆژی هەینی ڕابردوو ٩-١٢-٢٠٢٢ ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید زریانێکی بەهێزی بەفرین بەخەبەری هێنا، هاوکات فەرەنسا و ئەڵمانیاش شەپۆلێکی توند ڕووی تێکردوون و پێدەچێت بەشێک لە بەریتانیاش بەفربارین بیگرێتەوە.

 

بەگوێرەی ناوەندەکانی کەشناسی کیشوەری ئەوروپا، زریان و شەپۆلێکی توندی سەرما بۆ چەند هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما سەراپای ئەو کیشوەرە دەگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ وڵاتان لەپێناو هەوڵی جددی بۆ دابینکردنی وزە کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا دەستکەوتنی ئاستەم بووە.

 

هاوکات بەیانی ڕۆژی شەممە ١٠-١٢-٢٠٢٢ کۆماری چیک و ناوچەکانی دیکەی ئەوروپای ناوەڕاست بە تەوژمێکی بەهێزی بەفربارین بەخەبەر هاتوون .

 

ئێستا ئەوروپییەکان چاوەڕێی ئەوەن، داخۆ وڵاتەکەیان هەفتەی داهاتوو بەهۆی زۆری و بەردەوامی بۆران و شەپۆلەکانی بەفر لەلایەک و زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبە شایەتی پچڕانی کارەبا دەبن یان نا.

 

وەرزی پاییز یارمەتی وڵاتانی ئەوروپای دا بۆ پڕکردنەوەی تانکی غازەکانیان، ئەمەش هەستی متمانە و ئاسایشی بەهێزتر کرد، سەرەڕای وەستانی غازی ڕووسیا بەرەو یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ئاڵنگارییەکان لە ئێستاوە دەست پێدەکەن، چونکە خواستی زیاتر بۆ گەرمکردنەوە، جگە لە نەبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا کە لەلایەن وێستگەکانی وزەی بەدیلەوە لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و باکووری ئەوروپا دابین دەکرێت، دەبێتە هۆی تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ تۆڕە کارەباییەکان، لە کاتێکدا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فەرەنسا و سوید لە هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانیان لە وزەدا.

 

ئەڵمانیا کە گەورەترین ئابووری ئەوروپایە، پێشبینی دەکات لە مانگە ساردەکاندا کارەبای پێویستی هەبێت، بەڵام ڕێکخەری تۆڕی کارەبای وڵاتەکە BNetzA رۆژی هەینی ڕابردوو، داوای لە ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان کرد کە هۆیەکانی گەرمکردنەوە کەمبکەنەوە لەپێناو لەکورتی نەدانی پاشخانی وزە.

 

لەمبارەیەوە ئەلێکساندرا شێرید لە دەزگای کەشناسی ئەمریکا، “زە وێزەر کۆ” ڕایگەیاند، هاووڵاتیان ڕێژەی بەکارهێنانیان بەرز دەکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلەکانی سەرما، کە پێدەچێت تێکڕای ڕۆژەکانی مانگی ١٢ بگرێتەوە.

 

پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بۆ ٢٣ پلەی سەدی لە ژێر سفر دابەزن لە هەندێک وڵاتی سکاندیناڤیا لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوودا، بەپێی ئەوەی لەلایەن دەزگای نیشتمانی کەشناسی سویدەوە ڕاگەیەندراوە.

 

لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکرێت بەفر لە سکۆتلەندا و زریانی سەهۆڵین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا لە رۆژی یەکشەممە ١١-١٢-٢٠٢٢ دەستپێدەکات، بەپێی ئاژانسی کەشناسی بەریتانیا.

 

لای خۆیەوە، بەرپرسانی سوید نیگەرانن لەوەی بارودۆخی سەختی کەشوهەوا قەیرانی وزە لە وڵاتەکەیاندا بەهێزتر دەکات، بەو پێیەی گەورەترین دامەزراوەی ناوەکی ناتوانێت پێویستی بازاڕ دابین بکات، ئەمەش ئەگەری پچڕانی کارەبا زیاتر دەکات، بۆیە ستۆکهۆڵم ناچار دەبێت کارەبای زیاتر لە ئەڵمانیا و پۆڵەندا هاوردە بکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی.

 

لە ئەڵمانیا بەرپرسان داوایان لە هاووڵاتیان کرد، کە دەست بە کەم بەکارهێنانی غاز بگرن لە کاتێکدا پلەکانی گەرما هێشتا لە مانگی تشرینی دووەمدا ئاساین .

 

لەگەڵ ئەوەی پلەکانی گەرما لە دەوروبەری -٧ پلەی سەدی لە شوێنەکانی وەک بەرلین و هامبۆرگ دایە، خواست لەسەر هۆیەکانی گەرمکردنەوە بەرز بووەتەوە و ماڵەکان مەیلیان بۆ بەکارهێنانی زیاتری هۆیەکانی خۆ گەرمکردنەوە هەیە.

 

لە فەرەنساش، لە کاتێکدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە پشتڕاستی کردەوە، کە لە وەرزی زستاندا هیچ پچڕانێکی کارەبا ڕوونادات، چاودێران دەڵێن جگە لە پچڕانی کارەبا، مەترسی بەرزبوونەوەی نرخ و تێچووی وزە بۆ چەند ئەوەندەی نرخی ئێستا هەڵبکشێت.

سەرچاوە؛ یۆرۆ نیوز

ستۆلتبێرگ: جەنگە گەورەكەی ناتۆ و ڕووسیا دەستپێدەكات
پێشت ستۆلتبێرگ: جەنگە گەورەكەی ناتۆ و ڕووسیا دەستپێدەكات
نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكانی هەرێم هەرزان دەبێت
دواتر نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكانی هەرێم هەرزان دەبێت
ەیوەندیدار