وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان نزیکە لە داڕمان



بەهۆی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی نەکردنی وەبەرهێنەران و زۆری ئەو داواکارییانەی لە وەبەرهێنەرەکان دەکرێت بووەتە هۆی جێهێشتنی کوردستان لەلایەن وەبەرهێنەران و بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە شارەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەی دراوسێ و جیهان.

یاسین مەحمود، سەرۆکی لقی سلێمانی و وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لە ڕووداو ڕایگەیاند، قەبارەی وەبەرهێنانی کورد لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک ٢٨ ملیار دۆلاری لە عێراق تێپەڕاندووە.

ئێستا بە نزیکەی زیاتر لە ٢٨ سەرمایەداری گەورە چوونەتە دەرەوەی هەرێم کە سەرمایەکانیان دەیتوانی گۆڕانکاری گەورە و کاریگەر لە هەرێمی کوردستان دروستبکات، وەبەرهێنەری کورد لە ئێران و سنە، پڕۆژە دروست دەکەن، یاخود لە تورکیا، جۆرجیا، ئەردەن و وڵاتانی دیکە سەرمایەکانیان بەگەڕدەخەن، لەبەرئەوەی  لە ڕێگەی قازانج و هاندانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

وەبەرهێنەرانی کورد لە پردێ و قەرەهەنجیر وەبەرهێنان دەکەن لەبەرئەوەی عێراق ئیمتیازیان پێدەدات، لە کاتێکدا قەرەهەنجیر لە چەمچەماڵ زۆر نزیکە، وێڕای ئەوەی سەرجەم پڕۆژە سەرکەوتووەکانی عێراق لەلایەن کوردەوە ئەنجامدەدرێت یاخود کۆمپانیایەکی کورد هاوبەشی کردوون.

هەرێمی کوردستان تا کۆتای ساڵی ٢٠١٣ سەرۆکایەتی کەرتی ئابووری، بازرگانی، پیشەسازی، گەشتوگوزاری لە عێراق دەکرد، قەبارەی وەبەرهێنانی هەموو عێراق ٣٦ ملیار دۆلاربوو و هەرێمی کوردستان ٤٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو، ئێستا قەبارەی وەبەرهێنەرانی عێراق ١٣٦ ملیار دۆلارە، لە هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٥ دەگاتە ٨٠ ملیار دۆلار، لە کاتێکدا عێراق بڕیارە بیگەینێتە ٢٥٠ ملیار دۆلار.

لە دوای ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ڕێژەی ٪٣٦ پیشەسازی عێراق لە سلێمانی بوو، ئێستا سەرجەمی پیشەسازی هەرێمی کوردستان ٪١٥ تێناپەڕێنێت.

وەبەرهێنان لە هەموو جیهان لەسەر بنەمای هاندان و قازانج بونیاتدەنرێت و گەشەدەکات، هاندانەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دیکە لاوازە.

یاسین مەحمود ئەوەی ئاشکراکرد، ” پڕۆژە هەیە ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە لە سڵی ٢٠١٠ ەوە خزمەتگوزاری پێشکەشدەکات، ئێستا ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا ٢٥ ملیۆن دۆلاری پەیدانەکردووە، بەڵام هەمان پڕۆژە ئەگەر لە سلێمانی نەبووایە و لە ئەستەمبوڵ یان شارێکی دیکە بکرایە بە ٥ ساڵ پارەکەی بەدەست دەهێنایەوە”.

ڕۆتینی کوشندە و وەرگرتنی باج بازرگانی و وەبەرهێنانی پەکخستووە، وەرگرتنی باج لە خاوەنکارەکان هێندە زۆرە وایلێهاتووە بەشێک لە خەڵکی بۆئەوەی باج نەدەن لە ماڵەوە کارەکانیان دەکەن.

لەهەرێمی کوردستان ٪ ٨٠ی سێکتەری خانووبەرە لە کەرتی وەبەرهێنان داڕماوە، قەبارەی وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ ١.٧ ٪ یە لە هەرێمی کوردستان.

یاسین مەحمود دووپاتی کردەوە، “ئەگەر باج وەرگرتن بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت قەوارەی هەرێمی کوردستان نەک دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو نامێنێت”.

بەهۆی وەرگرتنی باجەوە دوو هەزار کارگە داخراوان و کارگە گەورەکانیش مەترسیان لەسەرە، یانزە جۆری باج لە هەرێمی کوردستان هەیە کە لە عێراقدا بوونی نیە، بۆیە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لاوازبووە و لەکۆی پێنج بۆ شەش هەزار نوسینگەی خانوبەرە ٥٠٠ نوسینگە بە تەواوی ئیش ناکەن.

هاوکات یاسین مەحمود، باسی لەوەکرد، ” ئەم سیاسەتەی لە تەعریفی گومرکی، باج و کارەبا بەرامبەر بە کەرتی تایبەت دەیکەن وابڕوات لەساڵی ٢٠٢٥ لە کەرتی وەبەرهێناندا ئەوەی هەشمان بێت لە دەستی دەدەین”.

هەروەها لە کۆتایدا ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد وەک یەکێتی وەبەرهێنەران بەردەوام پاڵپشتی وەبەرهێنەرانیان کردووە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گەیاندنی پەیام، بەشداریکردنی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانەوە داواکاریی و ڕوونکردنەوەکانیان بە بەرپرسان و دەسەڵاتداران گەیاندووە، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ڕەوشی وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان.

تەندروستکارانی ناڕازی پەیامیان دایە حکومەت
پێشت تەندروستکارانی ناڕازی پەیامیان دایە حکومەت
وەزیری پەروەردە: تێدەگەم دۆخی مامۆستایان سەختە، بەڵام بایکۆتیش چارەسەر نییە
دواتر وەزیری پەروەردە: تێدەگەم دۆخی مامۆستایان سەختە، بەڵام بایکۆتیش چارەسەر نییە
ەیوەندیدار