پۆڵەندا دەستبەرداری پڕچەککردنی ئۆکراین دەبێت



ماتیۆس مۆراویسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستبەرداری پڕچەککردنی ئۆکراین دەبێت تا سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی هێزی بەرگری خۆی بێت، ئەم بڕیارە دوای چەند کاتژمێرێک لە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئۆکراین لەلایەن وارشۆوە هات، لەکاتێکدا ناکۆکی لەنێوان هەردوو وڵات لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە دروستبووە.

 

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا سەبارەت بەوەی ئایا وارشۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کیێڤ لە ڕووی سەربازییەوە سەرەڕای ناکۆکی لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە، مۆراویسکی وتی: گواستنەوەی چەکمان بۆ ئۆکراین ڕاگرتووە، چونکە ئێستا پۆڵەندا خۆی بە چەکی مۆدێرنتر پڕچەک دەکات.

 

حکومەتی پۆڵەندا پێشتر ڕایگەیاندبوو؛ پێدەچێت ئەو پاڵپشتییە داراییەی کە پێشکەشی یەک ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی دەکات، ببڕێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکەی زیاتر ئاڵۆز بکات، کە بەهۆی ناکۆکی لەسەر هاوردەکردنی دانەوێڵە گرژی تێکەوتووە.

 

لە کاتێکدا حکومەتی وارشۆ یەکێکە لە گەورەترین لایەنگرانی کیێڤ و بە پێشکەشکردنی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەیەوێت یارمەتیی بدات بۆ بەرگریکردن لە لەشکرکێشی ڕووسیا، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ماوەی پێش هەڵبژاردنەکانی پۆڵەندا کە بڕیارە مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، بەرەو خراپی دەچێت.

 

پێشتر پیۆتر مۆلەر، وتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا ڕایگەیاند، پاڵپشتی بۆ پەنابەران، کە بریتییە لە دەستبەرداربوون لە مەرجەکانی مانەوە، پێدانی مۆڵەتی کارکردن، دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی قوتابخانە و چارەسەری پزیشکی بەخۆڕایی، جگە لە یارمەتی خێزانەکان، لە ساڵی داهاتوودا درێژ ناکرێنەوە.

دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
پێشت دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
محەمەد بن سەلمان: سعودیە چیرۆکی ئەم سەدەیە یە
دواتر محەمەد بن سەلمان: سعودیە چیرۆکی ئەم سەدەیە یە
ەیوەندیدار