محەمەد بن سەلمان: سعودیە چیرۆکی ئەم سەدەیە یە


شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایگەیاند، شانشینی سعودیە “گەورەترین چیرۆکی سەرکەوتنی سەدەی بیست و یەکەمە و چیرۆکی ئەم سەدەیەشە”.

 

ئەم قسانەی شازادە محەمەد بن سەلمان لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنێکیدا بوو لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، برێت بایر، لە شاری NEOM.

 

شازادە محەمەد بن سەلمان لەو چاوپێکەوتنەیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا سعودیە خێراترین وڵاتە لە هەموو کەرتەکاندا و ئامانجمان ئەوەیە باشترینەکان بەدەستبهێنین، و تەحەددیاتەکان بکەنە دەرفەت و خێراتر ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن.

 

شازادە محەمەد بن سەلمان  دەڵێت؛”سعودیە خێراترین گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە نێوان وڵاتانی گروپی ٢٠ بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەریەک بەدەستهێناوە”.

 

هەروەها ڕایگەیاندووە، شانشینی سعودیە هەوڵیداوە پەیوەندی بە “گرووپی حەوت وڵاتی گەورە”ی جیهانەوە بکات.

 

شازادەی جێنشین ئاشکرایکرد: کاتەکانم لەسەر بەدواداچوون بۆ ئەو شتانە چڕ دەکەمەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سعودیە و گەلەکەی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، “گەلی سعودیە باوەڕیان بە گۆڕانکاری هەیە”.

 

شازادە محەمەد بن سەلمان لە چاوپێکەوتنەکەیدا، لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی وتی، “وەبەرهێنانەکانمان لە بواری گەشتیاریدا بەشداریکردنی لە کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆ لە سەدا وە٣ بۆ لەسەدا ٧ بەرزکردووەتەوە”، ئاماری کەرتی گەشتیاریمان لە سعودیە ٤٠ ملیۆن سەردانییە و ئامانجمانە تا ساڵی ٢٠٣٠ ئەو ژمارەیە بۆ ١٠٠ تا ١٥٠ ملیۆن سەردانیکار بەرز بکەینەوە.

 

سەبارەت بە لایەنی سیاسی، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە چاوپێکەوتنەکەیدا کە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ٢١ – ٩ – ٣٠٢٣ پەخشکرا وتی: “لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ دەکەین بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی باش کە ئازاری فەڵەستینییەکان کەم بکاتەوە” و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین کرد، لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

 

سەبارەت بە ڕاگرتنی دانوستانەکان سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، شازادە محەمەد بن سەلمان ڕایگەیاند کە “ئەمە ڕاست نییەو ڕۆژانە بەرەوپێش دەچین، ئەو پێی وابوو “ئەگەر ئیدارەی بایدن سەرکەوتوو بێت لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، ئەوا گەورەترین ڕێککەوتن دەبێت لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە”.

 

شازادەی جێنشینی سعودیە وتی: ڕێککەوتنەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا سوودی بۆ دوو وڵات و بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان هەیە.

 

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران، شازادە محەمەد بن سەلمان ئاماژەی بەوەدا “پێشکەوتنی باش هەیە، هیوادارین لە پێناو بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ئەم پیشکەوتنانە بەردەوام بێت”.

 

جەختیشی لەوە کردەوە؛”هەر پێشبڕکێیەک بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا نەک هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەکەی دەکات، بەڵکو هەڕەشە لە ئاسایشی جیهانیش دەکات”.

 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا پێویستی بەوەیە هەرکاتێک ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت دەبێت سعودیەش بەدەستی بهێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە چینە کە “نێوەندگیری نێوان ئێمە و ئێرانییەکان”ی هەڵبژاردووە.

 

شازادەی جێنشینی سعودیە لە چاوپێکەوتنەکەدا، کە یەکەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ تۆڕێکی هەواڵی گەورەی ئەمەریکا لە ساڵی 2019ەوە، ئەنجامیدەدات ڕایگەیاند، بڕیارەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە ئامانجی سەقامگیرکردنی بازاڕ و هاوکاری نەکردنی ڕووسیایە لە شەڕەکەیدا.

 

سەبارەت بە شەڕی بەردەوامی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین، شازادەی جێنشینی سعودیە دەڵێت: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکراین باشن، ڕێبازی دیالۆگمان پێ باشترە، هەروەها پشتگیری لایەنێک ناکەین لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە.

 

شازادەی جێنشینی سعودیە باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کرد، و وتی: پەیوەندی ئەمنی گرنگمان لەگەڵ واشنتۆن هەیە، پەیوەندییەکی تایبەتمان لەگەڵ سەرۆک (جۆ) بایدن هەیە.

 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو؛ سعودیە دەیەوێت کۆمپانیا ئەمریکی و بیانییەکان لە ژینگەیەکی سەلامەتدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەبەرهێنان بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە یەکێک لە پێنج گەورەترین کڕیارانی چەکی ئەمریکایین، هەنگاومان بۆ کڕینی چەک لە وڵاتانی دیکە جگە لە ئەمریکا لە بەرژەوەندی ئەوان نییە.

پۆڵەندا دەستبەرداری پڕچەککردنی ئۆکراین دەبێت
پێشت پۆڵەندا دەستبەرداری پڕچەککردنی ئۆکراین دەبێت
“حەلبوسی ئاستەنگ بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دروست دەکات”
دواتر “حەلبوسی ئاستەنگ بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دروست دەکات”
پەیوەندیدار