لە یەك رۆژدا ١٧ گەنجی کورد بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونە قوربانی



ئەمڕۆ ساڵیادی گیانلەدەستدانی ١٧ گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ناسراو بە شۆڕشی ژینا ئەمینیدا گیانی لەدەستدا.

ئەو گەنجانە لە کاتی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی دوای کوشتنی کچە کوردی ڕۆژهەڵات، ژینا ئەمینی، ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەم شێوەیە کورتەیەکی لە ژیاننامەی ١٧ گەنجەکە بڵاوکردەوە:

چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)

١-فواد قەدیمی، تەمەن ٣٩ ساڵ و باوکی دوو منداڵ کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری دیواندەرە بەشی ورگ و دەستی بە چەکی کڵاشینکۆف لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە پێکرا و بە بەسختی بریندارکرا. سێ ڕۆژ دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

٢-ئەمین مەعرەفەت؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شنۆ لە نزیک چوارڕێیانی “سەید ئاوا” بەشی سینگ و دڵی کرایە ئامانجی گوللەی هێزە سەرکوتکارەکانی سوپای پاسداران و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

٣-دانش ڕەهنما؛ لاوی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە ئورمیە، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی فەرجاد دەرویشی لەم گوندە، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

٤- سەدرەدین لێتانی؛ لاوی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شنۆ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە نزیک چوارڕێیانی “سەیداوێ” کرایە ئامانجی هێزەکانی سوپای پاسداران و گوللە بەر سەر و سینگی کەوت و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو.

٥- میلان حەقیقی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبووی شاری گۆتنبێرگی سوید، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری شنۆ لە نزیک چوارڕێیانی “سەیداوێ” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران پێکرا سێ گوللەی چەکی کڵاشینکۆف بەر شان و ڕانی کەوت و گیانی لەدەست دا.

٦- عەبدوڵڵا محەممەدپوور، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە ئورمیە، دوای ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی فەرجاد دەروێشی لەم گوندە و لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ بەتەقی ڕاستەوخۆی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

٧- سەعید محەممەدی؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو.

٨- ئەمیر فوولادی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.

٩- ئیمان محەممودی: لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا. ناوبراو سەڵت بوو.

١٠- موحسین قەیسەری؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی ئیلام لە بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە مەودایەکی نزیکەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتەکان (یگان ویژه) کوژرا. ناوبراو سەڵت بوو و گوللە بەر سەر سینگی کەوتبوو.

١١- عەلیڕەزا فەتحی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سونقوڕ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری قەزوین لەدژی کوژرانی ژینا ئەمینی، لە شەقامی سەنعەتی ئەلوەند کەوتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت، سکی پێکرا و گیانی لەدەست دا.

١٢- ئەمیر حوسێن بەساتی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان. لە شەقامی مامۆستا (مدرس)ی ئەم شارە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتەکان (یگان ویژه) کوژرا. ناوبراو زیاتر لە ٧٠ گوللەی ساچمەیی بەر پشتی کەوتبوو. بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵە دوای ٨ ڕۆژ توانیبوویان تەرمی کوڕەکەیان لە نەخۆشخانەی تالقانی وەربگرنەوە و لە گوندی دارخور حەسەن ئاباد ئەسپەردەی بکەن.

١٣- عەلی موزەفەر سالانقوچ؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی قوچان و یاریزانی تیمی والیباڵی مێرمنداڵانی سایپای تاران، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە، کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت و گوللە بەر بەشی سکی کەوت و کوژرا. تەرمی ناوبراو دوای ٤ ڕۆژ و لە بەرانبەر ٥٠ ملیۆن تمەن بە بنەماڵەکەی ڕادەستکرایەوە.

١٤- ڕۆزبێ خادمیان؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی سونقوڕ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ناوچەی فەردیس لە شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. ئەم لاوە لە مەودایەکی نزیکەوە بەشی کەمەر و شانی کرابووە و ئامانج و ٤ گوللەی بەرکەوتبوو.

١٥- محەممەد زارعی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سونقوڕ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی گەڕەکی باقراوای ی شاری قرچک ورامین لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بە سەختی برینداربوو و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

١٦- مەهدی بەبرنژاد؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری قوچان سەر بە پارێزگای خوراسان ڕەزوی، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بە سەختی بریندارکرا. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ ژووری نەشتەرگەری گیانی لەدەست دا.

١٧- عیرفان خەزایی؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی کەنگەڤەر، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەهریاری کەرەج کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و سەری پێکرا، دەست بەجێ گیانی لەدەست دا.

هەرێمی کوردستان لە ڕاگرتنی نەوت، زەرەرمەندترینە
پێشت هەرێمی کوردستان لە ڕاگرتنی نەوت، زەرەرمەندترینە
پیاوێک بەهۆی “گووگڵ”ەوە مردووە
دواتر پیاوێک بەهۆی “گووگڵ”ەوە مردووە
ەیوەندیدار