نەتەوە یەکگرتووەکان حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات دەپارێزێت



سەرچاوەیەک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕایگەیاند، حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بارەگاکانیان چۆڵکردووە، مەترسی هێرشی درۆنی هەیە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیاریداوە حزبە کوردییەکان بپارێزێت.

ئەمڕۆ کۆتایی با ماوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان عێراق و ئێران لەبارەی حزبە کوردییەکان هات، ئێوارەی ١٨/٩/٢٠٢٣ ترسێکی زۆر لە دڵی هاووڵاتیاندا دروستبووبوو، بە تایبەت پاش هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت.

هەمان ڕۆژ کۆمەڵێک هەواڵ و دەنگۆ لەبارەی حزبە کوردییەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی زڕگوێز، زڕگوێزەڵە، کۆیە و پردێ بڵاوکراونەوە.

سەرچاوەیەک لە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تەنها حزبی دیموکرات قەڵای کۆیەی بە تەواوی چۆڵکردووە، لە شوێنەکانی دیکە تەنها هاووڵاتی مەدەنی لێماوە، ئەندامانی حزبە سیاسییەکان و سەرکردایەتییەکان بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچەکانیان چۆڵکردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا دۆخەکە لە زڕگوێز ئاساییە و هیچ شتێک جێگەی مەترسی نییە، لەبارەی گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند “ئێمە بە ڕۆشنی وتومانە بۆ هیچ شوێنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ناچین”.

ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراقیش گرت، کە توانای پاراستنی سنوورەکانی خۆی نییە، خەڵک بێخاوەنە، لە شەڕی چاڵدێرانەوە هەرچییەک بەسەر کورد دێت یان ئێرانە یان تورکیا.

ئەوەشی خستەڕوو، هەموو ئەوانەی لە حزبە کوردییەکاندان، لەلایەن ئێرانەوە داواکراون، جا بە زیندووی بێت یاخود بە مردووی.

لەبارەی ئەگەری هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئێران هێرشی زەمینی ناکات، ئەوەی کە مەبەستیان بووە سنوورەکانە، ئەوانەشیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەگەری مووشەک و درۆن هەیە، ئێران ناتوانێت هێرشی زەمینی بکات، چونکە ئەو کاتە هەموو جیهان دێتە دەنگ.

هاوکات دوێنێ لە هەولێری پایتەخت کۆبوونەوەیەک لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پلاسخارت بە ڕوونی بە عێراق و هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە، ئەو کامپانەی دروستدەکرێن بە چاودێری حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەمەش واتە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەپارێزێت، تا ئێران نەتوانێت هێرش بکاتە سەریان.

هاوکات پاشنیوەڕی ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای جێبەجێ‌ كردنی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران ڕایگەیاند، حزبە چەكدارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چەككران، سەرجەم بنکە و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات چۆڵکراون.

لەبەرامبەردا هێزی نیشتیمانی عێراقی، لیوا هاوبەشەکان و پاسەوانی سنوور لە شوێنیان جێگیر کراون، حزبەکانیش بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوورەکان گوازراونەتەوە، ئامادەکاریش دەکرێت، بۆ ئەوەی بە پەنابەر هەژماربکرێن و لەژێر چاودێری کۆمسیاری باڵای پەنابەراندا بن.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، عێراق ئێستا سەرجەم داواکارییەکانی ئێرانی جێبەجێکردووە، بڕیاریشە سبەینێ قاسم ئەعرەجی سەردانی سلێمانی بکات.

سەرباری چوونە ژێرباری داواکارییەکانی ئێران، بەڵام هێشتا ئێران هیچ ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە، کە ئایا بە ڕێوشوێنەکانی عێراق ڕازیدەبێت یاخود داواکاری دیکەی هەیە.

 

 

بایدن: پێكەوە هەوڵ دەدەین نەوەكانمان لە هەژاری بپارێزین
پێشت بایدن: پێكەوە هەوڵ دەدەین نەوەكانمان لە هەژاری بپارێزین
ئەمریكا بۆ نەوتی هەرێم داوایەك لە سودانی دەكات
دواتر ئەمریكا بۆ نەوتی هەرێم داوایەك لە سودانی دەكات
ەیوەندیدار