سبەی ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان؟



دۆخی هەرێمی کوردستان شلۆقە، سبەی دوا وادەی ڕاگواستن و چەککردنی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتە، ئێران ڕەتیدەکاتەوە کاتەکە درێژبکاتەوە و هەڕەشەی هێرشی زەمینی و ئاسمانی دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیای (خەڵك) کەوتووە، حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرەو برادۆست براون، دەنگۆی چوونە ناو بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە لە زڕگوێز هەیە.

هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ بۆردومانی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت کراوە، شەش کەس کوژراوە و برینداریش هەیە، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەولێر هێرشکراوەتە سەر بارەگای کەنەکە، ئەندامێکی کەنەکە کوژراوە.

 

ئەوەی ئێران دەیەوێت جێبەجێکراوە؟

لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵەوە، ئێران عێراقی و هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە، کە دەبێت سەرجەم حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ١٩ ڕۆژدا لە چەک دابماڵڕێن و ١٠٠ کیلۆمەتر لە هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە، کە ئێران حزبە کوردییەکان بە هۆکاری پەشێوییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی دەزانێت، ئەوەی کردووەتە بیانوو تا هێزە کوردییەکان چەکبکات.

سبەی دوا وادەی ئەو ١٩ ڕۆژەیە، دوێنێ فەریق محەمەد ڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران دووپاتی کردەوە وادەی دوورخستنەوەی هێزە کوردییەکان درێژناکرێتەوە، ئەمڕۆش بۆ دووەم جار لەم مانگەدا قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم و جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران لە هەولێر کۆبووەوە.

هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حكومەتی ئێران ئاگادارکردنەوەیەکی هەڕەشەئامێزی بە حكومەتی هەرێم و عێراق داوە،  ئەگەر هێزە كوردییەكانی نەخرێنە كامپەكانەوە یان لەخاكی هەرێم دەرنەكرێن، هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان دەستپێدەكەن.

ئەمڕۆ ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەشێكی زۆری ڕێككەوتنەکەیان لەگەڵ عێراق جێبەجێكراوە، ئاژانسی نەسیمی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، حزبە کوردییەکان بە جێهێشتنی سنوورەکان و داماڵینی چەکەکانیان ڕازیبوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، ١٣ی ئەم مانگە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری حزبە کورییەکانەوە ڕایانگەیاندووە، کە گواستنەوە بۆ کامپەکانی دەروەی کوردستان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان ڕەتدەکەنەوە، ئەو حزبە کوردیانە چەكی قورس و مامناوەندیان هەیە.

لەگەڵ ئاگادارکردنەوەکانی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، جموجۆڵەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئێران لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، دانانی ٢٠ ڕۆژ بۆ چەککردن و گواستنەوەی ٢٠ هەزار کەس لە شەش هێزە کوردییەکانی ئێران کە زۆرینەیان چەکدارن و بە ناوچە شاخاوییەکاندا بڵابوونەتەوە ماوەیەکی کەمە.

بەپێی زانیارییەکان پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە سنوری چیای هەڵگورد و پێشمەرگەكانی دیموكرات لە سنوری سیدەكان، ناوچەكەیان چۆڵكردووە و پاشەكشەیان كردووە، تەنانەت كۆچەرییەكانی ئەو ناوچەیەش ئاگاداركراونەتەوە كە دەبێـت ئەو ناوچەیە چۆڵبكەن.

هاوکات پێشمەرگەكانی كۆمەڵە و دیموكرات لە سنوورەكانی هەڵگورد و سیدەكان پاشەكشەیان پێكراوە، كۆمەڵە لە زڕگوێز و پارتی ئازادی كوردستان لە پردێ چەككراون، هاوکات لە سنوری پارتیش، پێشمەرگەكانی پارتی ئازادی كوردستان بە سەرۆكایەتی حسێن یەزدان پەنا، لە ناوچەی پردێ بەشێكیان چەككراون و هێزە ئەمنییەكان چوونەتە شوێنەكانیان.

هەفتەی ڕابردوو، فوئاد حسێن وەزیری دەرەی عێراق لە تارانەوە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، عێراق بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران پابەندە و حزبە کوردییەکان بە تەواوی لە چەکداماڵراون.

لە ١١ی ئەم مانگە ڕێکخراوی هەنگاو دووگرتە ڤیدیۆی بڵاوکردەوە، کە ئێران هێزەکانی سوپای پاسداران ڕەوانەی سەر سنووری ئێران هەرێمی کوردستان دەکات، هاوکات هاووڵاتیانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی ترساون، لە سنوری ئێران (پیران شارو شنۆ) سوپای پاسداران هێزێكی زۆری كۆكردووەتەوە.

لە ١٢ مانگ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدولاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند “بوونی تیرۆریستان لە هەرێمی کوردستان و کردەوەکانیان دژ بە ئاسایشی ئێران لەگەڵ دەستووری عێراقدا ناگونجێت و نابێت ھیچ لایەنێک زیان بە ئاسایشی دراوسێکانی عێراق بگەیەنێت”، بافڵ تاڵەبانیش پشتیوانی قسەکانی کرد.

هەمان ڕۆژ، لە هەولێر محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە ڕۆژی دواتریشدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە.

ئێران سوورە لەسەر چەككردن یان خستنە كامپی هێزەكانی ڕۆژهەڵات، عێراق و هەرێمی کوردستان دەیاوێت ئێران ڕازیبکەن تا هێرش نەکات، بەڵام دوێنێ موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، هیچ گەرەنتییەک بۆ هێرشنەکردنی ئێران نییە.

لەلایەکی دیکەوە وەک ئامادەباشییەک دوو ڕۆژ لەمەوبەر، هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق بڵاویکردەوە، لەگەڵ  هێزەکانی پێشمەرگە خاڵە سنووریەکانی هەولێر- ئێران بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراوە، بڕیارە دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق بەسەر تەواوی سنورەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەسەپێندرێت و ئاڵای عێراق لە دواخاڵی سنوری هەڵبكرێت.

لە ئەنجامدا دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکی ڕاستەقینەدایە، تا ئێستا دیار نییە سبەی چی ڕوودەدات، ئایا حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو ئارامی هەرێمی کوردستان چەکەکانیان ڕادەستدەکەن و بە داواکانی ئێران ڕازیدەبن، یاخود ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان؟.

 

 

 

 

 

 

 

 

هەرێم کەمال:فشاری سیاسی هۆکاری دواخستنی دەنگدانەکەی ئەمڕۆ بوو
پێشت هەرێم کەمال:فشاری سیاسی هۆکاری دواخستنی دەنگدانەکەی ئەمڕۆ بوو
لە هەولێر هێرشکرایە سەر بارەگای کەنەکە
دواتر لە هەولێر هێرشکرایە سەر بارەگای کەنەکە
ەیوەندیدار