عێراق بەهۆی بودجەوە دەسەڵاتی کورد لاواز دەکات؟



ململانێکانی نێوان هەرێمی کورستان و عێراق لەسەر بەشەبودجەی هەرێم، شیکار و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، نە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا ڕەهەندی سیاسی، ئابووری و کارگێڕی لە خۆدەگرێت.

ئه‌نجامدانى زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ى یه‌ك له‌ دوایى یه‌ك له‌ نێوان شاندى هه‌رێم و بەغدا ئەنجامێکی کۆنکریتی نەبووە، تائێستا هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غداد نه‌كراوه‌.

 

بەشەبودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق
بودجەی تەخمینیی عیراق ساڵانە تا ۲٠۲٥، نزیکەی ۲٠٠ ترلیۆن دینارە، کورتهێنان لە بودجە زیاتر لە ۲٠ ترلیۆن دینارە.

قەرزەکانی سەر عێراق، ۷٠ ملیار دۆلارە،  بڕی ۲٠ ملیار دۆلاری قەرزی دەرەکییە و ٥٠ ملیاریش قەرزی ناوخۆییە لەبانکەکانی “ڕەشید و ڕافدەین و تیجاریی عیراقی”، عیراق هەوڵی ڕزگاربوون دەدات لە زیادەی ئەو قەرزانە کە لە “۲ـ۳٪”یە ساڵانە.

ئابووری عێراق پەیوەستە بە نرخی نەوتی خاو لە جیهان، ۹٦٪ داهاتی نیشتیمانی عێراق پێکدەهێنێت، فرۆشی نەوتی عیراق لە نزیکەی ۱٠ ملیار دۆلاری مانگانە بۆ ۷ بۆ ۸ ملیار دۆلار دابەزیووە، لە بودجەدا بەرمیلێک نەوت بە ۷٠ دۆلار خەمڵێندراوە، نرخی جیهانی نەوتیش ئەگەر لەو ئاستە دابەزێت، ئەوا کێشە و قەیرانی گەورە دروست دەبێت، وەک ئێستا ناچاردەبن پەنا بۆ هەموو داهاتە ناوخۆیی و نانەوتییەکانی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانیان لەدارایی وڵاتدا بدەن.

لە بودجەی ساڵی ۲٠۲۳ دا لە ۱٥۳ ملیار دۆلار ڕێژەی ۱۲.٦۷٪ تەرخانکراوە بۆ بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی ۱۹،۳۸ ملیار دۆلارە بۆ ساڵێک بە “خەرجی سیادییەوە”.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان  لە ٢٥ ئاداری ئەمساڵەوە بەپێی بڕیاری دادگای پاریس ڕاگیراوە،  هەر بۆیە هەرێم بەرەو سفر هەنگاو دەنێت.

 

عیراق بۆچی پابەند نابێت بەناردنی بەشەبودجەی هەرێم ؟

ئێستا عێراق، ئەگەر لەو ۸ ملیار دۆلارەی فرۆشی مانگانەی نەوت، پشکی ۱۲.٦۷٪ ی هەرێمی لێ دەربچێت کە مانگانە نزیکەی ۱.٦ ملیار دۆلارە لە کۆی بودجەی خەمڵێنراو، ئەوا کەمتر لە ۷ ملیار دۆلار وەک پشکی ۱٥ پارێزگای دیکە دەمێنێتەوە، لەو بڕەش بۆ هەر پارێزگایەک ٤٦٦ ملیۆن دۆلاری مانگانەیان بەردەکەوێت، بە مووچە و خزمەتگوزاریی و ئاساییش و تەواوی پێداویستیەکانیان، کە ئەستەمە هاوسەنگ بکرێت.

شایستە داراییەكانی هەرێم بە كۆمەڵێك پابەندی مەرجدار كراون، بریتین لە باركردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چ بۆ هەناردە یان پاڵاوتن، گیڕانەوەی ٪٥٠ی داهاتی خاڵە سنورییەكان بۆ خەزێنەی فیدراڵی، هەروەها  گیڕانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) بە شێوەی قیست، پێویستی وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی بەغدا و هەرێم و ڕاسپاردنی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بۆ وردبینیی داهات و خەرجیی هەرێم.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە ڕایگەیاند، “هەرێم پابەندی یاسای بودجە نەبووە‌ و لە شایستەی خۆی زیاتری وەرگرتووە”.

هاوکات حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە یاسای بوودجە ١٦ تریلیۆن و ٤٩٧ ملیار و ٨٧١ ملیۆن و ٨٩ هەزار دینارە، پێویستە حكومەتی عێراق شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات”.

بە وتەی دكتۆر فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ دەنگی ئەمەریكا دواوە، “ناردنی پشكە بودجەی هەرێم بە ناتەواوی تەنها یەكێكە لە بۆمبەكانی نێو یاسای بودجە  بۆ هەرێم دانراوە و ئێستا دەتەقێنرێتەوە.” ‌

 

عێراق چۆن لە یاسای بودجە فێڵی لە هەرێم کرد؟

لە ماددەی ١٢ كە تایبەتە بە ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم، خەرجكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەسەر هەمان پشكی تەرخانكراو بۆ هەرێم هەژمار كراوە.

گرانیی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە نەوتی بەغدا، قورسكردنی باری بەشە بودجەی هەرێم بە خستنە ئەستۆی تێچونی بەرهەمهێنانی نەوت كە دەگاتە نزیكەی ٤ ترلیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار لە كۆی ١٦ ترلیۆن كە كۆی گشتیی پشكی هەرێمە.

هەرزانیی نرخی نەوتی بەكارهاتووی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ بەراورد بە هەناردە، پاش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا، كۆمپانیاكان توشی مایەپوچی و زیانێکی زۆربوون، ئەمەش هۆکارە بۆ شکستهێنانی كەرتی نەوتی هەرێم.

بودجە چەندین لێکەوتەی بەدوای خۆیدا هێناوە کە لاوازیی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا نیشان دەدات، لە ڕێگەی بەشەبودجەوە عێراق توانای كۆنترۆڵکردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی هەیە، نەوت  و هەموو داهاتەكانی دیکەی هەرێم دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وردبینی و چاودێریی داراییی بەغدا، هەروەها كۆی دۆسیە دارایی و ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت پابەندبن بە دادگای باڵای فیدراڵی.


کورد شەڕی مافەکانی لە بەغدا کرد؟

سوپا سەلام، بەکالۆریۆسی لە زانستی ئابووری و دکتۆرای لە دارای گشتی هەیە سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند: “مەسەلەی بودجە ئەنفالێکی ئابووری هەرێمی کوردستانە”.

وتیشی: ” کورد پەرتەوازەییەکی زۆری پێوەدیار بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی بودجە، بە جۆرێک لایەنەکانی شیعە و سونە ئەکەوتنە ناوبژی فراکسیۆنە کوردییەکان”.

ناوبراو ئاماژەی بە هەڵەکانی کورد لە بەغدا کرد و وتی: ” کورد لە بەغدا نەیتوانی بودجە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، لە کاتێکدا شیعەکان هەموو شتێکیان بۆخۆیان قۆرخکردووە، کورد دۆسیەی نەوتی لە دەستداوە و شەڕی بۆ مافەکانی خۆی نەکرد”.

ئەوەشی خستەڕوو: ” لە کاتێکدا بودجەی گشتی بۆ هەموو عێراقە، بەڵام هێزەکانی حەشدی شەعبی بودجەیان بۆ دانراوە و کەمترین مووچەیان ملیۆنیک و ٥٠ هەزار دینارە، لە کاتێکدا موچەی پێشمەرگەیەک ٥٠٠ هەزار دینارە، واتە بەشەبودجەی پێشمەرگە کەمترینە و دامەزراندنیش نایگرێتەوە”.

سوپاس سەلام جەختی لەوەکردەوە کە کورد نەیتوانیووە مافەکانی بەدەستبهینێت، بۆ نمونە ٢٩٠  ملیار بودجەی پێشمەرگەیە، بەڵام حەشدی شەعبی ٣.٨ تریلیۆنە و داوای زیادکردنیش دەکات، لە کاتێکدا حەشد لە دوای پێشمەرگەوە دروستبووە، هەرچەندە هێزەکانی پێشمەرگە بەرگری دەکەن و شەڕیان لە دژی داعش کرد.

کابینەکەی سودانی کورد و قەوارەی هەرێمی کردە چوارچێوەوە لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵی و بودجەوە، کورد بێجگە لەو بودجەی کە لە عێراقەوە دێت هیچ سەرچاوەیەکی دارایی دیکەی نیە، لە کاتێکدا یەکێکی دیکە لە خاڵی لاوازی کورد کە بەسەر نوێنەرانی کورد تێپەڕی ئەوە بوو، عێراق نرخ و بەهای فرۆشتنی نەوتی هەرێم دیاری دەکات و پێشی ناڵێت بە چەند فرۆشتویەتی، کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا ناتوانێت بەرمیلێک نەوت بفرۆشێت.

پەرلەمانتارێکی کورد سکاڵای لەسەر وەزیری تەندروستی عێراق تۆمارکرد
پێشت پەرلەمانتارێکی کورد سکاڵای لەسەر وەزیری تەندروستی عێراق تۆمارکرد
ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیان دەکەن
دواتر ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیان دەکەن
پەیوەندیدار