ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیان دەکەن


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە ئەمڕۆ دووشەممە، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕێکی زیندانی لەگەڵ ئەمەریکادا بەڕێوەدەچێت و پێنج زیندانی ئێرانی و پێنج زیندانی ئەمەریکی تێدایە.

ئاژانسی فەرمییەکانی هەواڵی ئێران لەزاری ناسر کەنعانییەوە بڵاویانکردووەتەوە ” دوو لەو کەسانە دەگەڕێنەوە بۆ ئێران و کەسێکی دیکەش لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە وڵاتی سێیەم و دوو کەسی دیکەش ئارەزووی مانەوەیان لە ئەمەریکا دەربڕیووە و لە بەرامبەردا پێنج زیندانی لە لایەن ئێرانەوە ڕادەستی ئەمەریکا دەکرێن.”

سەبارەت بەو پارەیەی ئێران لە کۆریای باشوور بلۆککراوە، کەنعانی وتی ” هەندێک لە موڵک و سامانەکانمان لە کۆریای باشوور بەهۆی ڕێوشوێنە سەرکوتکەرەکانی واشنتۆن و ئەو فشارانەی لەسەر هەندێک لە هاوبەشەکانی ئێران هەیە ڕاگیراون و لە ئەمڕۆ ئەو موڵکانە بە تەواوی بۆ ئێران دەگەڕێنرێنەوە.”

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند، قەتەر واشنتۆن و تارانی دڵنیاکردووەتەوە کە بە بەهای شەش ملیار دۆلار پارەی ئێرانی (تمەن) بۆ بانکەکانی دەوحە گواستراوەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووەکە فڕۆکەیەکی قەتەری لە ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی پێنج هاوڵاتی ئەمریکی کە بەمزووانە ئازاد دەکرێن.

ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان کە لەلایەن قەتەرەوە بەڕێوەچوو و لە١٠ی مانگی ئابدا ڕاگەیەنرا، ڕێگە بە ئازادکردنی پێنج هاوڵاتی ئەمریکی دەدات کە لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکراون لە بەرامبەر گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکانی قەتەر و ئازادکردنی پێنج ئێرانی کە لە ئەمەریکا دەستگیرکراون.

عێراق بەهۆی بودجەوە دەسەڵاتی کورد لاواز دەکات؟
پێشت عێراق بەهۆی بودجەوە دەسەڵاتی کورد لاواز دەکات؟
کەنەدا هاوکاری عێراق دەکات بۆ ڕزگارکردنی زۆنگاوەکانی
دواتر کەنەدا هاوکاری عێراق دەکات بۆ ڕزگارکردنی زۆنگاوەکانی
پەیوەندیدار