نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا: ئەنجامی سەردانەکە دڵخۆشکەرە



سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکومەتی ھەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بە گرنگ ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەنجامی سەردانەکە بۆ خەڵکی ھەرێم، دڵخۆشکەرە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەبارەی ئەو سەردانەی کە شاندی حکومەتی ھەرێم لە ١٤ی ئەم مانگە بۆ بەغدا ئەنجامی دا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ستەمێکی زۆر کرا، ھەروەھا گفتوگاکانی نێوان شاندی حکومەتی ھەرێم و شاندی حکومەتی فیدراڵیی گەیشتە بنەبەست، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەسەرۆکایەتی شاندی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی  جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی بەغدای کرد.

فارس عیسا ئاماژەی بەوەشدا کە سەردانەکە “زۆر گرنگ بوو”، چونکە ماوەی سێ مانگە مووچەخۆران و خەڵکی ھەرێم چاوەڕوانی ھاتنی مووچە دەکەن و وتی: “لە سەردانەکەی ئەمجارەدا، لەنێوان شاندی حکومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گفتوگۆی چڕوپڕی لەگەڵ سەرکۆماری، عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا”.

راشیگەیاند، شاندەکەی حکومەتی ھەرێم لە کۆبوونەوکانیدا لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، ڕاستگۆیانە باسی لە کێشەی مووچە و بوودجەی کرد و وتی: “ئەنجامی سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا، بۆ خەڵکی ھەرێم باش دەبێت و دڵخۆشکەرە”.

فارس عیسا باسی لەوەش کرد کە بەدڵنیاییەوە، پێشتر ئەو دەستکەوتانە بۆ خەڵکی هەرێم ھەبوون، چونکە ھەموو لایەنە کوردییەکان لە بەغدا یەک دەنگبوون و وتی: “ھەر کاتێک ئێمە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێستی بین، ئەوە لە بەغدا سەردەکەوین، تەنانەت ھیچ کەسێک بوێری ئەوا ناکات دژمان قسە بکات، شاندەکەی ئەمجارەی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ھەموو لایەنە سیاسییەکانی تیایدابوو، لەوێ فراکسیۆنە کوردییەکان پێشوازییان لێکردن، سەردانەکەیش پەیامێکی باش بوو و ھێزێکبوو بۆ حکومەتی ھەرێم لەوەی بتوانێت باشتر گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بکات، ھەروەھا کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی مەسرور بارزانی لە بەغدا، پەیامێکی باش بوو بۆ ئەو پرسانەی کە پەیوەندیداربوون بە دۆخی ھەرێمەوە”.

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەوەی وەبیرھێنایەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاردابوو کە ٥٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بنرێتم، بەڵام حکومەتی ھەرێم پێی ڕازی نەبوو، چونکە ئەو ٥٠٠ ملیار دینارە زۆر کەمترە لە شایستە داراییەکانی ھەرێم کە لە یاسایی بوودجەدا جێگیرکراوە و وتی: ” حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا کە بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە کە لەبەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سودانی پێشخراوە و سبەی یەکشەممە ئەنجام دەدرێت، گفتوگۆ و بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەدات”.

فارس عیسا لەبارەی پرسی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و یاسای نەوت و غازی فیدراڵییەوە ڕایگەیاند کە ھێشتا پرسی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی دۆسیەی نەوت ماوە، ئەمە وێرای ئەوەی لە سەرەتای مانگی نیساندا ڕیککەوتن لەبارەی دۆسیەی نەوت لەنێوان سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی کراوە و وتی: “دەبێت لەسەر دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، گفتوگۆ لەنێوان شاندی حکومەتی ھەرێم وە شاندی حکومەتی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام جارێ ڕاوەستاوە و ھیچ زانیارییم لەسەری نییە، بەڵام ئەوەی من ئاگاداربم بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە شاندێکی حکومەتی ھەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای نەوت و غاز سەردانی بەغدا بکات، بەڵام ئەگەری ھەیە بەھۆی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمریکا، سەردانەکەی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا دواخراوە”.

ڕۆژی ١٤، شاندی حکومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی مووچە، گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی و سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنەکانی سەربە ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت کۆبووەوە.

مەسرور بارزانی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بەغدا رایگەیاند دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی ھەرێم خستووەتەڕوو و وتی: “پێشنیازە درێژخایەنەکە پەیوەستە بە ھەمواری بەشێک لە ماددە و بڕگەکانی یاسای بوودجەی گشتیی عێراق کە ئەمە کاتی زۆرتری پێویستە و لە داھاتوودا قسەی لەسەر دەکەین”.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لەبارەی پێشنیازە کورتخایەنەکەیشەوە وتی: “رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا،‌ بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدرێت”.

ئەمەیش لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بۆ مانگی ئاب دابەشکردوو، کەچی حکومەتی ھەرێم، مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب دابەش نەکردووە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی تا ئێستا حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ڕەوانە نەکردووە.

تۆیۆتا ئۆتۆمبیلی کارەبای دەخاتە بازاڕەوە
پێشت تۆیۆتا ئۆتۆمبیلی کارەبای دەخاتە بازاڕەوە
وڵاتێک پێدانی “ڤیزە” بە عێراقییەکان ئاسان دەکات
دواتر وڵاتێک پێدانی “ڤیزە” بە عێراقییەکان ئاسان دەکات
ەیوەندیدار