ئەمریکا دەستوەردان لە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات



ڕۆژی چوارشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی “بەرژەوەندی خەڵک” گفتوگۆ بکەن.

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و دواتر بە “بغداد الیوم” ڕایگەیاند: ” داوامان لە هەولێر و بەغدا کردووە، کێشەی بەشەبودجەی هەرێم بە شێوەیەک چارەسەر بکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندی هاووڵاتیان بگونجێت”.

ئەو بانگەوازەی واشنتۆن لە کاتێکدایە ناکۆکییەکان لە نێوان بەغدا و هەرێم بەردەوامە سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دۆخی هاووڵاتیانی سەخت کردووە.

ڕۆژی سێشەممە، تۆڕی نێودەوڵەتی مۆنیتۆر لەڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە ئاشکرایکرد، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و داوای لێکردوە دەستوەردانی “بەپەلە” لە ڕەوشی هەرێمی کوردستان بکات.

هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگرەکەی ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەکەن “بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر مووچە و بەشەبودجەی هەرێم”.

پشکی هەرێم لە بودجەی دارایی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا پەرلەمان دەنگی لەسەر دابوو، نزیکەی ١٦.٦٠٩ تریلیۆن دینار بووە لە ساڵێکدا.

کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر یەکێکە لەو گرفتە هەرە دیارانەی کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە دەرەنجامەکان و دۆخی هاووڵاتیانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەختتر دەکات.

ئەمڕۆ دەنگ لەسەر نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق دەدرێت
پێشت ئەمڕۆ دەنگ لەسەر نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق دەدرێت
زریانی “دانیال” پاش لیبیا فەڵەستینیشی گرتەوە
دواتر زریانی “دانیال” پاش لیبیا فەڵەستینیشی گرتەوە
ەیوەندیدار